Accessibility links

سەرۆک کۆماری ئێران خوازیاری پشتڕاستکردنەوەی چەککردنی حزبە کوردییەکانە لە هەرێمی کوردستان


UN General Assembly Iran
UN General Assembly Iran

دوابەدوای بەڵێنی حکومەتی بەغدا بۆ چەککردن و گواستنەوەی حزبەکانی کوردستانی ئیران لە هەرێم، سەرۆک کۆماری ئێران داوای ناردنی خەڵک لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە پرۆسەکە و دڵنیابوون لەوەی کە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق وەک خۆی جێبەجێ کراوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی هەینی، 22ی ئەم مانگە لە میانەی مەشقێکی سەربازیدا بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق ڕایگەیاند و گوتی "چەککردن و لەچەک داماڵینی گروپە چەکدارەکان لە عێراق کارێکی ئەرێنییە کە دەستیپێکردووە و ئەرکانی گشتی هێزە سەربازییەکان پێویستە چەند گرووپێک بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بنێرنە عێراق."

ڕەئیسی بێ ئەوەی ناوی حزب و لایەنێکی دیاریکراو بهێنێت، گوتیشی "ئێمە ڕێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدار نادەین لە نزیک سنوورەکانی ئێران، چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە شوێنەکانی دیکە چالاکی بکەن و دڵنیا بوون لە چەکداماڵینی ئەو گرووپانەش لە دەوروبەری سنووری ئێران کارێکی پێویستە."

کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار هەرێمی کوردستانی عێراقی بە داڵدەدانی حزبە چەکدارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کردووە و سوپای پاسداران چەندین جار بنکەکانی ئەو حزبانەی لە هەرێم کردووەتە ئامانج.

ماوەیەک پیش ئێستا ئێران لەگەڵ عێراق ڕێککەوتنێکی ئاسایشیان واژۆ کرد کە بەپێی ڕێککەوتنەکە بەغدا پابەند ببوو بە چەککردنی حزبە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان و داخستنی بنکە و بارەگاکانیان و گواستنەوەیان بۆ شوێنی دیکە.

بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئەم ڕێککەوتنە دەڵێن نزیکی کۆماری ئیسلامی و سەرۆک وەزیرانی عێراق بووەتە هۆی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە. محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ساڵێک لەمەوبەر بە پشتیوانی هاوپەیمانیەک لە لایەنە نزیکەکانی کۆماری ئیسلامی هاتە سەر کار وئەو پۆستەی وەرگرت.

ئێران بەردەوام حزبەکانی کوردستانی ئێران تۆمەتبار کردووە بە چالاکی و هێڕشکردنە سەر ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو حزبانە چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەرگیز خاکی عێراقیان بۆ هیچ جۆرە چالاکیەکی سەربازی لەدژی کۆماری ئیسلامی بەکارنەهێناوە.

XS
SM
MD
LG