Accessibility links

کچێکی خەڵکی سەردەشت بە هۆی درەنگ هاتنەوەی بۆ ماڵەوە لەلایەن باوکیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت


سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی ئێران رایانگەیاندوە کە تەرمی کچێکی تەمەن 16 ساڵانی خەڵکی شاری سەردەشت کە چوار مانگ لەمەوبەر بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە، دۆزراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی شەممە،23ی مانگی نۆ له ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە که تەرمی کچێکی تەمەن 16 ساڵانی خەڵکی شاری سەردەشت کە لەلایەن باوکییەوە به شێوەیەکی دەڕەندانە کوژراوه، دۆزراوەتەوە.

لە هەواڵەکدا هاتووە "تەرمی ئەو کچە چوار مانگ دوای کوژرانی لە پشت بەنداوی شاری سەردەشت دۆزراوەتەوە ئەمەش لە کاتێکدا کە بلۆکێکی چیمەنتۆ بە قاچەکانیەوە بەسترابوو، هەروەها دەست و چاو و دەمی بە چەسپ داخرابوو".

هەنگاو نووسیوێتی دوای ماوەیەک لە دیار نەمانی کچەکە، بنەماڵەکەی بۆ شاردنەوەی ڕووداوەکە گوتوویانە کچەکەمان ئێرانی بەجێهێشتووە.

لە ئیستادا باوکی ئەو کچە نەوجەوانە، بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ گرتووە و بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە، خێزانەکەی هۆکاری کۆشتنەکەیان بۆ دواکەوتنی لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ناوبردووە.

دووهەفتە پێش ئیستاش تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کچێکی تەمەن 14 ساڵی کورد لە سەرپێڵ و زەهاوی پارێزگای کرماشان لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژراوە.

لە هەواڵەکەدا هاتبوو کە کوشتنی کچەکە بە ئاگاداری باوکی بووە و هۆکارەکەشیان بۆ هەبوونی "پەیوەندی سۆزداری کچەکە لەگەڵ کوڕێک و هەڵاتنی لە ماڵەوە گێڕاوەتەوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا لانیکەم 10 حاڵەتی کوشتنی ژنان لە کوردستانی ئێران بەدەستی ئەندامانی بنەماڵەکانیان تۆمار کراوە.​

کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف بە زۆری لەلایەن پیاوانی خێزانەکانەوە ئەنجام دەدرێت. بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، باوکی قوربانی، بە هۆی هەبوونی مافی خوێن، دەتوانێت بێبەریی بێت لە سزا و ئەو مافەشی هەیە لە بکوژی منداڵەکەی خۆش بێت.

XS
SM
MD
LG