Accessibility links

دوای 6 ساڵ لە ڕیفراندۆم، هێشتا لێکەوتەکانی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە بەردەوامە


لە کاتێکدا 6 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا تێپەڕدەبێت، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ "سەربەخۆیی" و جیابوونەوە" لە عێراق، لە ڕۆژی 25/9/2017 ئەنجامیاندا، بەڵام لە ئێستادا پێگەی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بە "لاواز"دادەنرێت و مشتومڕیش لەسەر لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم بەردەوامی هەیە.

لە ڕۆژی 25/9/2017 کاتێک ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان پشتگیری ئەنجامدانی پرۆسەکەیانکرد، بەڵام دوای کەمتر لە مانگێک و ئەوکاتەی لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان دەستیپێکرد، لایەنە کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتری.

دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، دۆخی دارایی و ئابووری و تەنانەت پێگەی کوردیش لە چوارچێوەی عێراقدا تەواو "لاواز" بووە، هەرێم بۆ پێدانی بودجەو موچەی فەرمانبەران چاوی لەدەستی بەغدایە، لەکاتێکدا پێش ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، پێگەی کورد هێندە بە هێزبوو ململانێی حکومەتی عێراقی دەکرد.

ئاڤێستا شێخ محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕیفراندۆم بڕیارێکی هەڵەبوو، لە کاتێکی هەڵەدا چەند کەس و لایەنێک بڕیاریان لێدا."

ئەو وتیشی،"هەموو کورد سەربەخۆیی پێخۆشە، دروشمی یەکێتی مافی چارەی خۆنوسینە، بەڵام گەیشتن بەو مافە نەتەوەییە، لێکدانەوەی ورد و هەڵبژاردنی کاتی گونجاوی دەوێت. بڕیار و کاتی ڕیفراندۆم هەڵەبوو، بۆیە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانمان لەدەستدا."

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر ڕیفراندۆم و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوون، هێشتا شانازی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە دەکەن و پێیانوایە بڕیارێکی "دروستبوو"ە.

عەبدولسەلام بەرواری، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو خراپی مامەڵەی عێراق بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

عەبدولسەلام بەرواری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەوکات سەرۆک بارزانی چەند جارێک چووە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتووگۆیکرد، لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قسەیکرد، تێیگەیاندن سیاسەتی هەڵەی عێراق و برسیکردن خەڵکی کوردستان، وایکردووە خەڵک نەفرەت بکات کە عێراقییە."

ئەو وتیشی،"سەرۆک بارزانی پێیوتن وا دیارە ئەزموونی شەریکایەتی شکستی هێنا، با بیر لەوە بکەینەوە، ئایا دەتوانین ببینە دراوسێییەکی باش و پێکەوە بژین. سەرۆک جەختیکردەوە یەکەم کاریشمان دوای ڕیفراندۆم دانیشتنە لەگەڵ بەغدا. بۆیە ڕیفراندۆم لە ساتێکدا بڕیاری لێدرا دۆخی کورد خراپبوو، گەر دواشبخرایە ئاسۆ ڕوون نەبوو، دۆخەکەش خراپتر دەبوو."

بە بڕوای عەبدولسەلام بەرواری، کورد سەرکەوتوو بوو لە گەیاندنی ئامانجەکانی پشت ڕیفراندۆم، دەڵێت،"لەناوخۆ دەوترا پرۆژەی سەربەخۆیی تەنها هی مەسعود بارزانییەو کێشەی شەخسی هەیە، بەڵام ڕیفراندۆم سەلماندی 92%ی خەڵکی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی بەغدابوون. پەیامی ئەوە گەیەنرا کورد ڕازی نییە لە سیاسەتی عێراق."

هەرچەندە تا ساتە وەختەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پارتی و یەکێتی و لایەنەکان لەسەر یەک مێز تاوتوێی ئەنجامدانی پرۆسەکەیان دەکرد، بەڵام دوای کەمتر لە مانگێک، لە پڕ هاوکێشەکان گۆڕان، کاتێک هێرشی عێراق بۆ سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیپێکردو ئەو ناوچانە کۆنترۆڵکران.

یەکێتی هۆکاری لەشکرکێشی عێراقی بۆ لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم گێڕایەوە، پارتی یەکێتی بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ عێراق و ڕادەستکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان تۆمەتبار کرد، هاوڕایی و کۆبوونەوەی ئەو دوو هێزەی پێشتر لەدەوری یەک مێزبوون، گۆڕا بۆ سەنگەرلەیەکتری گرتن.

ئاڤێستا شێخ محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت،"بەشی زۆری یەکێتی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوو، بەشێکی کەم لە سەرکردەکان لەگەڵی بوون، ئەویش بەو مەرجەی پرۆسەکە لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجام نەدرێت، چونکە دەمانزانی باجەکەی دەدەین."

جەختیشیکردەوە،"لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا، عینادی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزکرا کە لەگەڵ پرۆسەکەدا نەبوون، ئەوان پاڵپشتی عێراقی یەکگرتوویان دەکرد، هەر ئەمەش هەرێمی بەمڕۆژە گەیاند و بووە هۆی لاوازکردنی."

بەڵام عەبدولسەلام بەرواری، کادیری پێشکەوتووی پارتی پێییوایە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەی "دووفاقی" مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمکردووە، لەکاتێکدا هەرێم بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، مادەی (38)ی دەستوری عێراقی جێبەجێکردووە، کە ماف دەداتە هەر هاوڵاتییەک گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بکات.

عەبدولسەلام بەرواری، دەڵێت،"ئێمە لە ڕیفراندۆم دا تەنها پرسیارمان لەخەڵک کرد و وەڵامەکەمان وەرگرتەوە. سەرکردەکانی ئەوروپاو ئەمەریکاو عەبادیش کەس دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم دەرنەبڕی، بەڵام لە دوا ساتەکاندا گوتیان دوایبخەن."

زۆرجار بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕیفراندۆم وەکو "تاپۆی ڕەش" ناودەهێنن، گوایە لەکاتی پێویستدا بەکاری دەهێنن، لەکاتێکدا ئێستا هەرێم لەدۆخێکی خراپدایە، سەبارەت بەوەی چۆن "تاپۆ ڕەشەکە" بەکارناهێنن، عەبدولسەڵام بەرواری وتی،"گۆڕانکاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، عەقڵیەتی حوکمڕانی دەوروبەر و کۆمەڵێک فاکتەریش ئێستا لە عێراق هەن، ڕێگرە لەوەی بتوانی کارتی ریفراندۆم بەکار بهێنیت، بەڵام گرنگی کارتەکە لەوەدایە سەلماندنی میللەتی کورد لەسیاسەتی بەغدا ڕازی نییە."

دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی بۆ "سەربەخۆیی" ئەنجامدرا، بارودۆخی دارایی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، تا دێت لاوازتر دەبێت، هەندێک لە چاودێران دۆخی ئێستای هەرێم گرێ دەدەنەوە بە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی پێیوایە، ڕیفراندۆم وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئەوانەی کوردییان تێدایە ترساند، ترسان لەوەی ئەوانیش ڕووبەڕووی دۆخی وەها ببنەوە، بۆیە کەوتنە جوڵە تا تواناکانی هەرێم لاواز بکەن و کورد والێبکەن جارێکی تر بیر لە شتی وا نەکاتەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕیفراندۆم دۆخێکی دروستکرد، دۆستەکانی کوردیش کێشەیان بۆ دروستبوو، هەستیان کرد پرۆسەکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەکانگیر نییە. بۆیە نیگەرانی دۆستەکانی، زەمینەی بۆ نەیارەکانی کورد ڕەخساند، تا ئاسانتر ڕووبەڕووی خەیاڵی سەربەخۆیی ببنەوە لای کورد."

ئەو وتیشی،"ئێستا هەوڵ بۆ لێسەندنەوەی توانا ئابووری و سەربازی و پەیوەندییە دەرەکییەکان لەکورد دەدرێت، لەکاتێکدا پێشتر کورد نیمچە دەوڵەتێکبوو، دەیانەوێت تواناکان لەکورد وەربگرنەوە، تا جارێکی تر بیر لە هەوڵی هاوشێوەی ڕیفراندۆم نەکاتەوە."

XS
SM
MD
LG