ڕێگە بە حزب و لایەنە کوردییەکان نادرێت لە بەشێک لە ناوچە جێناکۆکەکانی پارێزگای دیالە بارەگا دابنێنەوە، دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بە سەر ڕیفراندۆم و جێهێشتنی ئەو ناوچانە لەلایەن ئەو حزبانەوە.
ئەو شارو شارۆچکانەی ڕێگە بە حزبە کوردییەکان نادرێت بارەگای بۆ ببەنەوە، بریتین لە جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپەو شارەبان. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو شارۆچکانە ناوچەی کێشە لەسەرن و بەشێک لە دانیشتوانەکانیان کوردن.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوانەی ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان بۆ هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە، عەرەبی سونەی پاشماوەی بەعسی و ئەو خەڵکانەن لە کاتی دەسەڵاتی کوردیدا لەو ناوچانە داواکراوبوون."
ئەو وتیشی،"میلیشیا شیعەکان و دەسەڵاتی ئێستای پارێزگای دیالە، پشتگیری لەو کەسانە دەکەن کە دژی گەڕانەوەی بارەگا کوردییەکانن. مەسەلەکە تەنها پارتی نییە، بەڵکو دژی گەڕانەوەی هەموو لایەنەکانن."
کاتێک داعش لە ساڵی 2014 شارۆچکەی جەلەولای پارێزگای دیالەی کۆنترۆڵکرد و دواتر پێشمەرگە هێزی بردە شارۆچکەکە، شەڕێکی قورس لە نێوان پێشمەرگەو عەرەبەکانی ئەو شارۆچکەیە کە سەربە عەشیرەتی کروین ڕوویدا.
لایەنە کوردییەکان، عەشیرەتی کروی بە پشتگیریکردنی داعش و دەستهەبوون لە "خوێنی" نزیکەی 200 پێشمەرگە تۆمەتبار دەکەن، ئەندامانی ئەو عەشیرەتەش، پێشمەرگە بە ڕووخاندنی هەزاران خانوو لە جەلەولا تاوانبار دەکەن.
کاتێک شارۆچکەی جەلەولا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرا، هەزاران خێزانی عەرەبی کروی ڕوویان لەبەغدا و ناوچە جیاجیاکانی تری پارێزگای دیالە کرد، بەڵام کاتێک لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 کورد دەسەڵاتی لە جەلەولا لەدەستدا، جارێکی تر ئەو خێزانانە گەڕانەوە بۆ شارۆچکەکەو ئێستا دژی کردنەوەی بارەگای لایەنی کوردین.
خەلیل خوداداد، بەرپرسی کۆمیتەی جەلەولای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەرپرسانی عێراق ڕەزامەندییان دەربڕیووە لەسەر گەڕانەوەی حزبە کوردییەکان بۆ جەلەولاو ناوچەکانی تر، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی کەرکوکەوە، مەسەلەکە ڕاگیراوە."
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بارەگای لە هیچ ناوچەیەکی پارێزگای دیالە نییە، قەزای خانەقین تەنها ناوچەی ئەو پارێزگایەیە کە بارەگای حزبە کوردییەکانی تری تێدایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شارۆچکەی جەلەولا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێزە شیعەکان پشتگیری عەرەبەکانی جەلەولان و دژی گەڕانەوەی بارەگای حزبە کوردییەکانن."
سەرچاوەکە، دەڵێت،"ماوەیەک لەمەوبەر، بەرپرسێکی باڵای عەسائیبی ئەهلی حەق سەردانی جەلەولایکرد، عەرەبەکانی دڵنیاکردەوە کە ڕێگە بە گەڕانەوەی حزبە کوردییەکان نادەن."
هەفتەی ڕابردوو، کەسایەتی و نوخبە کۆمەڵایەتییە عەرەبەکانی پارێزگای دیالە بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان کۆبوونەتەوە، ڕەتیانکردووەتەوە ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەو حزبانە بۆ جەلەولاو سەعدیەو قەرەتەپە بدەن.
عەمار تەمیمی، بەرپرسی بزووتنەوەی جەماوەری لە دیالە، ڕایگەیاند،"حزبە کوردییەکان کاردانەوەی نەرێنییان بەسەر ئەو ناوچانەوە هەبووە کاتێک دەسەڵاتداربوون، بۆیە گەڕانەوەیان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بارگرژی."