Accessibility links

دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی کورد لە ئێران بەردەوامەو چارەنووسی ئەندامێکی "کژار" یش نادیارە


ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەدواین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤی کوردی ئێران، ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی مانگی هەشتی ئەمساڵدا لانیکەم 162 کورد لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە هەنگاو و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکەن لە زۆرێک لەدەستبەسەرکراوەکان لەوەتای دەستبەسەربوونیان تاکو ئێستا بێسەروشوێنن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەو ڕێکخراوە ئاماژە پێکراوانە لە دواین هەواڵدا ڕایانگەیاندووە وەریشە مورادی چالاکوانێکی کورد دوو مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەرکراوە و تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی دەستبەسەربوونەکەی دیار نییە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا سەبارەت بەو چالاکوانە کوردە نووسیوێتی "وەریشە مورادی کە بە 'جوانا سنە' بەناوبانگە، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێن و دۆخی ئەو چالاکوانەوە لەبەردەستدا نییە.

خوودی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ڕۆژی سێ شەممە 26ی مانگی نۆ لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەربوونی ئەو ئەندامەیان، ڕایگەیاندووە کە جوانا سنە لە کاتی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی ژنان لە کوردستانی ئێران دەستبەسەرکراوە.

ڕۆزارین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کژار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "جوانا سنە، ئەندامی ڕێکخستنەکەمان دوو مانگ پێش ئیستا لە نێوان ڕیگای مەریوان و سنە و لە کاتی گەڕانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە."

ئەو بەرپرسەی کژار گوتیشی "جوانا لە کاتی دەستبەسەربوونیدا نە چەکی پێبووە و نە بۆ چالاکی سەربازیش ڕۆیشتوەتەوە و تەنها بۆ کاری ڕێکخستن لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتدا سەردانی ئەو شارەی کردووە."

خاتوون ڕۆزارین گوتیشی "بنەماڵەی جوانا چەندین جار سەردانی بنکە و دامەزراوەی ئاسایشیەکانی ئێرانیان کردووە بۆ وەرگرتنی هەواڵێک لە کچەکەیان، بەڵام تاکو ئێستا هیچ هەواڵێکیان دەستنەکەوتووە."

کژار لە بەیاننامەکەدا داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کردووە سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی وەریشە مورادی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن.

ڕیکخستنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەهاوکاتی کۆدار دامەزراوە، لە ساڵی 2014 لە چیای قەندیل لە پێناو خەبات بۆ دامەزراندنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە کوردستان و ئێران دامەزراوە.

XS
SM
MD
LG