Accessibility links

دوای خورماتوو، هەوڵی دروستکردنی "حەشدی کوردی" لە چەند ناوچەیەکی تریش دەدرێت


لایەنە شیعەکان، هەوڵی دروستکردنی "حەشدی کوردی" لە پارێزگای نەینەوا دەدەن و بۆ ئەم مەبەستە ڕەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیون ڕادەسپێرن، لە کاتێکدا پێشتر ڕێکخراوی بەدر، نووسینگەیەکی ڕێکخراوەکەی بۆ کوردانی دانیشتووی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین کردەوە.

پێکهێنانی "حەشدی کوردی" لەلایەن حزبەوە کوردییەکانەوە، بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ "لاوازکردنی" پێگەی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و دروستکردنی "درز و کەلێن" لەنێوان جەماوەری کورد و حزبە کوردییەکاندا.

سەعید مەموزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هێز لە نێو کوردانی نەینەوا بۆ ڕەیان کلدانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئامانج لە دروستکردنی هێز لە نێو کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی هێزە کوردییەکانە، چونکە هەر کوردێک لای هێزە عێراقییەکان ببێتە چەکدار لە کورد دادەبڕێت."

ئەو وتیشی،"ڕەنگە مەبەست لە دروستکردنی هێز بۆ زیانگەیاندن بێت بە پێگەی حزبە کوردییەکان، بەڵام حزبی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان خاوەن پێگەی جەماوەرییە."

هەوڵی لایەنە عێراقییەکان بۆ دروستکردنی هێز بۆ ڕەیان کلدانی لە نێو کوردانی پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە، ناوبراو ئەمینداری بزووتنەوەی بابلیونە و خاوەنی هێزێکی کریستیانی سەر بە حەشدی شەعبییە، کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ناوچەی تلکێفە.

لایەنە عێراقییەکان دەڵێن هەوڵی ئەوان بۆ دروستکردنی هێز لە کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەوەیە حەشدی شەعبی هێزێکی یاسایی عێراقییە و هەموو پێکهاتەکان دەتوانن بەشدار بن تێیدا.

چەند مانگێک لەمەوبەریش، ڕێکخراوی بەدری سەر بە هادی عامری، نووسینگەیەکی بۆ کوردانی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین کردەوە و لە کاتی کردنەوەی نووسینگەکەدا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح ئامادەبوو.

لە لێدوانێکی پێشووتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد عەریف، ئەو کەسایەتییە کوردەی قەزای خورماتوو کە نووسینگەی بۆ ڕێکخراوی بەدر کردووەتەوە، ڕایگەیاند،"پلانمان هەیە بە لیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدینیش بکەین."

هەوڵی دروستکردنی هێزی کوردی لە پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین لە کاتێکدایە، حەشدی شەعبی لە قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە خاوەنی هێزێکی گەورەیە، سەرجەم و بەرپرس و چەکدارەکانی لە کوردانی شیعە مەزهەبی پارێزگای دیالەن.

سەعید مەموزینی، دەڵێت،"پێویست ناکات هێز بۆ کورد دروست بکرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە."

بەرپرسانی لایەنە کوردییەکان، نیگەرانن لە هەوڵی لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی هێز لە ناو کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەڵام هێشتا نەیانتوانیووە لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە، ئەو حکومەتەی تێیدا بەشدارن، بەر بەو هەواڵانە بگرن.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەوڵی دروستکردنی حەشدی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جێی نیگەرانییە. حەشدی شەعبی هێزێکی یاساییە، بەڵام دروستکردنی هێز لە ناو کورد و سونە و کریستیان بۆ ئەجێندای تایبەتە و بە حاڵەتێکی ئیجابی نازانین."

هەروەها وتیشی،"دروستکردنی هێزی کوردی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە بری ئەوەی سوودی بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوەو زیانی دەبێت."

شوان محەمەد، جەختیکردەوە،"دەکرێت لیوا و فەوجی سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێکبهێنرێت، بە جۆرێک ئەفسەر و سەربازەکانی لە هەموو پێکهاتەکانی تێدا بێت."

هەوڵی لایەنە شیعەکان بۆ دروستکردنی حەشدی کوردی لەکاتێکدایە، ماوەی 6 ساڵە ڕێگە بە لایەنە کوردییەکان نەدراوە بارەگا بۆ بەشێک لە شاروشارۆچکەکانی پارێزگای دیالە ببەنەوە و گرفتی گەڕانەوەی پارتیش بۆ کەرکوک بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:35 0:00


XS
SM
MD
LG