Accessibility links

سکرتێری گشتیی ناتۆ لە ئۆکرانیا: کیێڤ ئەو شارەیە کە جێگایەکی تایبەتی لە دڵی هەموو جیهانی ئازاددا هەیە


سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایدەگەیەنێت هێزەکانی ئۆکرانیا وردە وردە خەریکی وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی وڵاتەکەیانن کە لە لایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە.

ینس ستۆڵتنبێرگ لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا بۆ ئۆکرانیا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی "هەر مەترێک زەوی کە هێزەکانی ئۆکرانیا کۆنترۆڵی دەکەنەوە، ئەو زەوی و خاکەیە کە ڕووسیا لەدەستی دەدات."

ستۆڵتنبێرگ گوتی جیاوازییەکی گەورە لە خەباتی ئۆکرانیاییەکان و ڕوسیاییەکاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە "ئۆکرانیاییەکان بۆ خێزان و داهاتوو و ئازادی خۆیان دەجەنگن و مۆسکۆش بۆ ئیمپراتۆریەتی وەهمی خۆی دەجەنگێت".

سکرتێری گشتی ناتۆ لە سەردانەکەی بۆ کیێڤ، جارێکی دیکە جەختی لەسەر پشتیوانی بەهێزی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا کردەوە و کیێڤی بە "شارێک کە شوێنێکی تایبەتی هەیە لە دڵی جیهانی ئازاددا" ناوبرد.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە دانیشتنەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ جەختی لە پێویستی سیستەمی بەرگری ئاسمانی زیاتر لە دژی هێرشەکانی ڕووسیا کردەوە و ڕایگەیاند کە تەنها لە ماوەی شەوی ڕابردوودا 40 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لە جۆری شاهیدی دروستکراوی ئێران بۆ بە ئامانجگرتنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە هەڵدراون.

گوتیشی "دۆخەکە هەموو شەوێک وایە و دوبارە دەبێتەوە و بۆیە لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشە بێوچانانە بۆ سەر گەل و شار و بەندەرەکانمان کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا، پێویستمان بە بەهێزکردنی هێزی بەرگری ئاسمانی هەیە."

سکرتێری گشتی ناتۆ لە وەڵامی داواکارییەکەی زێلێنسکی بۆ بەهێزکردنی هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە ڕایگەیاند و گوتی "هەمیشە داوا لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەکات دەستبەجێ چەکی زیاتر لەوانە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا بنێرن."

گوتیشی ناتۆ لە ئێستاوە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی چەکدا هەیە بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار و ئەم گرێبەستانە ڕێگە بە ئەندامانی ناتۆ دەدات کە عەمبارەکانی چەکیان جارێکی دیکە پڕبکەنەوە و لە هەمان کاتدا تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن."

XS
SM
MD
LG