ڕووداوە جەرگبڕەکەی هۆڵی ئاهەنگەکەی قەزای حەمدانییە بە تەنها بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و عێراقییەکان ڕووداوێکی کارەساتبار نەبوو، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکە و میدیا جیهانییەکان وەک ڕووداوێکی گەورە لەسەر ئاستی جیهان ڕووماڵیان کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو وڵاتێک کاتێک ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوودەدات، کاربەدەستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان نەک بە تەنها لەو شوێنە، بەڵکو لە تەواوی وڵاتەکە ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەو ڕووداوە دووبارە نەبێتەوە.
دەپرسین .. ئەی لە هەرێمی کوردستان چ ڕێوشوێنێک دەگیرێتەبەر هەتا ڕووداوی هاوشێوەی ئەوەی حەمدانییە ڕوونەدات؟
ئایا پێداچونەوە دەکرێت بە مۆڵەت و مەرجەکانی سەلامەتی شوێنە گشتییەکان؟
ئایا لەکاتی مۆڵەتدان بە بیناکان دێتە لای بەرگری شارستانی بۆ ئەوەی کە مەرجەکانی سەلامەتی بیناکە هەڵبسەنگێنن؟
لە بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆدا تاوتوێی پرسی ئاستی سەلامەتی لە بینا و هۆڵ و شوێنە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1 - موقەدەم سەرکەوت کا ڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر.
2- ڕائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی.
3- موقەدەم بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک.
4- عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ.
موقەدەم سەرکەوت کا ڕەش:
"هەر لە سەرەتای دروستکردنی پرۆژەیەک یان بینایەک، بە ئاگاداری و چاودێری ئێمەیە وەک لایەنی بەرگری شارستانی، هەر لە زەوییەوە هەتا هەیکەل وە هەتا تەواوبوونی پرۆژەکە ئێمە پشکنینی پرۆژەکە دەکەین لە ڕووی بوونی مەرجی سەلامەتییەوە کە ئەمە سیستمێکە لە هەموو کوردستان جێبەجێدەکرێت، بەڵام بەپێی جۆری پرۆژە و بیناکە دەگۆڕێت، کە دواتر بۆچی بەکاردێت."
"لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو سیستمی بەرگری ناو بینا و شوێنەکان بەردەوام پێویستی بە سیانە و چاودێری و چاککردن هەیە لەمەدا کەمتەرخەمی خاوەن ئەو شوێنانەیە کە دواتر دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداو."
"بۆ نمونە بینایەک هەیە شوقەی تێدایە لە کامێرای چاودێری دەرچووە کە یەکێک لە ژوورەکانی ئەو شوقەیە گڕی گرتووە، کەچی یەک کەسییان نەیانتوانیووە بۆکسی ئاگر کوژێنەوەکە بکەنەوە و بەکاریبهێنن."
"دەبێت خاوەن هۆتێل و هۆڵ و شوێنە گشتییەکان ساڵانە بێن مۆڵەتەکانیان نوێ بکەنەوە، ئێمە پشتگیری بۆ مۆڵەتی نوێکردنەوەکەیان ناکەین هەتا ئەو کاتەی هۆبەی هونەری نەچن پشکنینی تەواو بە سەلامەتی ئەو شوێنە بکەن و دڵنیابن ئەو کات مۆڵەت دەدەن."
"ئەوەی ئێستا لە عێراق ڕوودەدا بەهۆی کەموکورتی مەرجی سەلامەتی لە ناو هۆڵ و بیناکانە، ئێمە چەند قۆناغێک لە پێشترین ئێمە هەموویمان بینیووە و دەتوانم بڵێم لە 80% ی ئەو کەموکوڕییەمان چاککردووە."
بەرنامە هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەو ماددانەی زوو ئاگر دەگرن، یان یاری ئاگرین(هەرچەند پێشتریش قەدەغە)بوو، هەموو هۆڵەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە بە هەموو شێوەیەک لە ناو هۆڵ و شوێنە داخراوەکان بەکاربهێنرێن ئەوا لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەم ڕێکارانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆەوە ڕادەگەیەنرێن و کاریان لەسەر دەکرێن بە شێوەیەکی گشتگیر."
ڕائید ئارام عەلی :
"لای ئێمەش هەر وەک وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی پێکرد هەمان سیستمە، بۆ هەموو پرۆژە و شوێنێکی گشتی هەتا ئێمە چاودێریمان نەکردبێت و پشکنینمان بۆی نەکردبێت و ئۆکەی ئێمەی لەسەر نەبووبێت مۆڵەت نەدراوە بە پرۆژەکە و بەکارهێنانی."
"دوای ڕووداوەکەی حەمدانییەش لەسەر فەرمانی جەنابی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی لیژنەکانمان سەردانی هۆڵ و شوێنە گشتییەکان دەکەین بۆ چاودێریکردن و پێداچونەوە بە سیستمی سەلامەتی".
"لە دوێنێوە هەموو شوێنەکانمان لە پارێزگای سلێمانی ئاگادار کردووەتەوە کە یارییە ئاگرینەکان و تەقەمەنییەکان بە هیچ شێوەیەک نابێت بەکاربهێنرێن."
موقەدەم بێوار عەبدولعەزیز:
"دوای ئەو ڕووداوەی حەمدانییە، وەک بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک، چەندین بڕیارمان دا، لەوانە بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە یارییە ئاگرینەکان لە ناو هۆڵ و هۆتێل و ڕێستۆرانت و یانەی شەوانە و هەر شوێنێکی داخراودا بەکاربهێنرێت، هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات ئەوا خاوەنەکەی بە توندترین شێوە سزا دەدرێت، هەروەها بڕیارمان دا کە دەبێت هەموو هۆڵێکی ئاهەنگ و بۆنەکان کەمتر لە 3 دەرگای نەبێت ئەگەر دەرگاکانیش بە کارەبا کاری کرد دەبێت بخرێنە سەر کارەبای یەدەگ تا بەردەوام بکرێنەوە، نابێت بە هیچ جۆرێک ئەو دەرگایانە قفڵ بکرێن، وە چەندین بڕیاری گرنگی تر، جگە لەوە ئەمڕۆ ئێمە دوو هەفتە مۆڵەتمان داوە بە خاوەن هۆتێل و بینا و هۆڵەکان بۆ ئەوەی سیستمی سەلامەتیەکانیان بە تەواوی وەک ئەوە لێبکەن کە ئێمە داوایان لێدەکەین."
عەقید ئیبراهیم فەریق:
"ئێمە بەردەوام بەدواچون دەکەین بە فەرمانگە و شوێنە گشتییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە سیستمی سەلامەتی، هەر پێش ڕووداوەکەی حەمدانییە 3 ڕۆژ لەمەوبەر 2 هۆڵ و شوێنێکی خواردنەوەمان داخست لەسەر ئەوەی مەرجی سەلامەتییان نەبوو وە غەرامەشمان کردن بە 500 هەزار دینار لەبەر ئەوەی یەکەم جارییان بوو، وە بەڵێننامەمان پێ پڕکردنەوە ، دواتریش تیمەکانیشمان سەردانی هەموو شوێنەکان دەکەین و 15 ڕۆژ مۆڵەت دەدەین بە هەر شوێنێک بۆ ئەو چاککردنەوەی ئەو کەموکورتییانەی هەیانە."
"جگە لەوە بوونی چەند دەرگایەک گرنگە لە ناو هۆڵ و شوێنەکان، وە دەبێت کورسی و مێز لە نزیکی دەرگاکان دانانرێن، وە دەبێت لانی کەم دوو دەرگای بۆ پێشەوە بکرێنەوە، وە لە دوای ڕووداوەکەی حەمدانییە یاری ئاگر و دووکەڵی ڕەنگاو ڕەنگیشمان قەدەغەکرد ، وە چوینە ناو هۆڵەکان کرێکارەکانی ئەو هۆڵەمان کۆکردەوە و ڕێنمایمان پێدان کە چۆن لە کاتی ڕووداودا یارمەتی خەڵک بن و واجباتمان بەسەردا دابەشکردن هەتا بەرگری شارستانی دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، وە نووسراومان کردووە بۆ مزگەوتەکان هەتا سەردانییان بکەین، وە قوتابخانە و شوێنەکانی تریش تەواو پێداچونەوە دەبێت بکەین ، پێشتریش درێغیمان نەکردووە، بەڵام دەبێت زیاتر پێداچونەوەکان توند بکەین بە هەموو ئەو شوێنانەی خەڵکی لێ کۆدەبنەوە بە بەشە ناوخۆییەکانیشەوە، دەبێت وەها بکەین کرێکار و پاسەوان و کارگوزاری ئەو شوێنانە هەمووی بکەینە کارمەندی بەرگری شارستانی بۆ هاوکاریکردنی خەڵک لە کاتی ڕووداوەکاندا."