ئەگەر بودجەی حکومەتی ئەمەریکا تا کۆتایی ڕۆژی شەممە، 30ی مانگی نۆ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتەوە پەسەند نەکرێت،ئەوا بەشێکی زۆری حکومەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی یەکشەممەوە بە شێوەی کاتی دادەخرێت.
شەوی پێنجشەممە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە لەژێر کۆنترۆڵی زۆرینەی دیموکراتەکاندایە، بۆ ماوەی حەوت هەفتە دەنگی لەسەر پلانێک دا بۆ ئەوەی کاتی پێویست بدرێت بە کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی بودجەی حکومەت، بەڵام کیڤن مەکارتی دژایەتی خۆی بۆ پلانەکە ڕاگەیاندووە.
مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆمارییە. کۆمارییەکان دژی خەرجییەکانی بەڕێوبەرایەتی بایدنن و دەڵێن لەبری پەسەندکردنێکی کاتی و خێرا، پێیان باشترە دەنگ بە پەسەندکردنێک بدەن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت لە ماوەیەکی درێژخایەندا.
دواجار دەبێت هەردوو دامەزراوەکە واتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەسەر بودجەی حکومەت ڕێکبکەون و ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوا حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی کەمی بودجەوە دادەخرێت.
ئەگەر هیچ ڕێوشوێنێکی کاتی بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەت نەگیرێتەبەر، ئەوا دەزگا فیدراڵیەکان (جگە لە پۆلیس، ئاگرکوژێنەوە، خزمەتگوزاری پزیشکی، خزمەتگوزاری پۆست، پۆلیس و کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی) دەبێت هەموو کارە ناپێویستەکان ڕابگیرێن. لەو ماوەیەدا، جگە لە کارمەندانی کارە هەستیار و سەرەکییەکانی کۆمەڵگە ، هەموو کارمەندانی دیکەی فیدراڵی مۆڵەتیان پێدەدرێت.
هەروەها لە ئەگەری داخستنی حکومەت، ملیۆنان کارمەندی فیدراڵی، لەنێویاندا زۆرێک لە کارمەندانی بەشی سەربازی وڵاتەکە و زیاتر لە دوو ملیۆن کارمەندی مەدەنی لە سەرانسەری ئەمەریکا بەهۆی داخستنی حکومەتەوە مووچەکەیان دوادەکەوێت.
سەرۆکی ئەمەریکا و ئەندامانی کۆنگرێس لە کاتی داخستنی حکومەتدا بەردەوام دەبن لە کارکردن و وەرگرتنی مووچە. بەڵام هەریەکێک لەو بەشانەی کە لەژێر چاودێری ئەواندان،ئەگەر چالاکییەکانیان بە پێویست نەزانرێت، دادەخرێن.
هەروەها چالاکییەکانی دادگای باڵای ئەمەریکا بەهۆی داخستنەوە کاریگەرییان لەسەر نابێت و لقەکانی دیکەی دەسەڵاتی دادوەریش لانیکەم بۆ دوو هەفتەی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەر وەک ئاسایی بەردەوام دەبن لە کارکردن.
تەنانەت ئەگەر ماوەی داخستنی حکومەت درێژبکرێتەوە، ئەو تەواوی دەسەڵاتی دادوەری داناخرێت و بڕیاری بەردەوامی چالاکییەکان لە هەر دادگایەکدا لەلایەن هەمان دادگاوە دەدرێت.
لە مێژووی ئەمەریکادا زیاتر لە دە جار حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجەوە ڕووبەڕووی داخستنی کاتی بووەتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا دوو جار لە سەردەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا ئەمە ڕوویدا. یەکێک لە درێژترین داخستنەکانی حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە سەردەمی ترامپ ڕوویدا، کاتێک دژایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دیموکراتەکاندابوو، بووە هۆی داخستنی حکومەت بۆ ماوەی 35 ڕۆژ.