Accessibility links

مانگرتنی سەرتاسەری لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ساڵیادی"هەینی خوێناوی زاهیدان" بەڕێوەدەچێت


هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵیادی "هەینی خوێناوی زاهیدان" لە شارە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، خەڵکی ئەو شارانە دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی و بازار و دوکانەکانیان داخستووە.

ماڵپەڕی حاڵ وەش کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ڕووماڵ دەکات، ئەمڕۆ شەممە، 30ی مانگی نۆ ڕایگەیاندووە کە خەڵکی شارەکانی چابەهار، زاهیدان، نۆبەندیان و شارەکانی دیکەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران و لە ساڵڕۆژی هەینی خوێناوی زاهیداندا، دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی.

هاوکات باس لەوە دەکرێت کە خۆپیشاندەران لە هەندێک ناوچەی شاری زاهیدان بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و لە هەندێک لە گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکانیش جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە زاهیدان دەبینرێت.

بەپێی سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی 29ی مانگی نۆ، هێزەکانی حکوومەت لانیکەم 51 کەسیان لە شارەکانی زاهیدان، خاش و میرجاوە دەستبەسەر کردووە کە 6 کەسیان منداڵ بوون و هەروەها نزیکەی 30 کەسیش لە خۆپیشاندەران لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای نوێژی هەینی، بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار بوون.

هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵڕۆژی یەک ساڵەی "هەینی خوێناوی زاهیدان"، داوا دەکات دۆسیەی هەینی خوێناوی زاهیدان لە ژێر ناوی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" ڕەوانەی دامەزراوە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان بکرێت.

ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە 30ی مانگی نۆ ڕایگەیاند کە "ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لە دەگمەنترین تاوانەکانی دەزگای سەرکوتکاری ئێران لە زاهیدان ڕوویدا" و دەشڵێت "لەو ڕۆژەدا لانی کەم 104 کەس کوژراون کە 14لەوانە منداڵ و 4 ژن بوون."

هەینی خوێناوی زاهیدان ئاماژەیە بۆ 30ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو کە تێیدا لانیکەم سەد خۆپیشاندەری بەلووچ کە دوای نوێژی هەینی لە مزگەوتی مەکی ئەو شارە، بەنیازی گردبوونەوەیەک بوون بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستدرێژی سێسکی ​بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی ئەو ناوچەیە بۆ سەر کچێکی منداڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کوژران.

XS
SM
MD
LG