چەندین سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمەریکا لە ڕێگای ناردنی نامەیەک بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، داوایان لە بەرپرسانی ئەو وەزارەتە کردوە دەستبەجێ مۆڵەتی ئەمنی بۆ ئارین تەباتەبایی، بەرپرسێکی بەرەگەز ئێرانی پنتاگۆن هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش بە گومانی پەیوەندی نزیکی ئەو بەرپرسە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
ئارین تەباتەبایی توێژەری بەڕەچەڵەک ئێرانییە لە بواری زانستە سیاسییەکان و کاروباری نێودەوڵەتی و لە ساڵی 2021 وە وەک ڕاوێژکاری باڵای جێگری کۆنترۆڵی چەک و ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە بە بەشێک لە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێشتریش وێنەیەکی ئامادەبوونی لە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکان لە میدیاکاندا بڵاوکرابووەوە.
سیناتۆر ڕاجەر ویکەر، ئەندامی باڵای لیژنەی ئەنجومەنی سیناتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ خزمەتگوزارییە چەکدارەکان نامەکەی بڵاوکردوەتەوە کە تیایدا جیا لە واژۆی خۆی، واژۆی 30 هاوکاری کۆماریی دیکەی ئەو سیناتۆرە لە ئەنجومەنی سینات لەسەر نامەکەیە و داوای پێداچوونەوەی وردیان کردووە بۆ هەموو ئەو کارانەی لەلایەن ئارین تەباتەباییەوە ئەنجامدراوە.
لە نامەکەدا سیناتۆرەکان بەردەوامبوونی کارکردنی تەباتەبایی لە پێگەی هەستیاری بەرگری نیشتمانی بە "بێ ویژدانانە" ناودەبەن و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی مۆڵەتی ئەمنی ناوبراو دەکەن.
هەروەها ئەو سیناتۆرانە لە نامەکەدا کۆمەڵێک پرسیاریان وروژاندوە کە پەیوەندییان بە سروشت و ڕادەی تێوەگلانی ئارین تەباتەبایی لە کاروباری وەزارەتی بەرگریدا هەیە و داوایان کردووە کە پنتاگۆن لە ماوەی هەفتەیەکدا وەڵامی نامەکە بداتەوە.
ئەو سیناتۆرانە ئاماژەیان بە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی دوو دەزگای ڕاگەیاندنی (ئێران ئینتەرناشناڵ و سێمافۆڕ) کردووە سەبارەت بە ئارین تەباتەبایی کە تیایدا باس لە پەیوەندییەکانی ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن دەکەن لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "چەند کەسایەتییەکی بەڕەچەڵەک ئێرانی بەشدارییان لە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی ئێران کردووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی ئێران و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە حکومەتی ئەمەریکادا."
پێشتر ئێران ئینتەرناشناڵ و سێمافۆر لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەو بەرپرسە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە و و چەند ئێرانییەکی دیکە بەردەوام بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئیمەیڵیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵوگۆڕ کردووە و دواتر بەشێک لەو ئیمەیڵانە بۆ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران نێردراون.
هەروەها لە نامەکەی ئەو 31 سیناتۆرە کۆمارییە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئاماژە بەوەکراوە "ئەو ئیمەیڵانەی ئێستا دزەیان پێکراوە، ئەوە دەردەخەن کە ئارین تەباتەبایی پرسیاری بۆچوونی حکومەتی ئێرانی کردووە سەبارەت بە بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان، هەربۆیە نابێت پێگەی هەستیاری لە وەزارەتی بەرگری نیشتمانیدا هەبێت.