Accessibility links

پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لەهێرشە خۆکوژییەکەی ئەنکەرە ڕادەگەیەنێت


هێزەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە هەپەگە کە باڵی چەکداری پەکەکەیە، لە پەیوەست بە تەقینەوە خۆکۆژییەکەی ڕۆژی یەکشەمەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکرده‌وە کە تیایدا بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکە ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

عەلی یەرلی کایا ، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە، ڕوودانی هێرشێکی "تیرۆریستی" لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەنکەرە و لە نزیک پەرلەمانی وڵاتەکە ڕاگەیاند و گوتی یەکێک لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە لە ڕووداوەکەدا کوژراوە و یەکێکی دیکەش بە دەستی ئەفسەرەکانی پۆلیس کوژراوە. هەروەها ڕایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو پۆلیسی ئاسایشی تورکیا بریندار بوون.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، تەقینەوەکەی ئەنکەرە چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خولی پاییزی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕوویداوە و بڕیار بوو پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە وتارەکەی خولی پاییزی پەرلەمان بکاتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیای لە ئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاند کە هێرشەکە لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجام دراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەندامەکانیان ئەو کارەیان لە بەردەم پەرلەمان و لە رۆژی کردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەماندا وەک چالاکییەکی پلان بۆداڕێژراو ئەنجامداوە و بەبێ هیچ بەربەستێکیش پلانەکە جێبەجێ کراوە.

ناوەندی پاراستنی گەل راشیگەیاندووە لە داهاتوودا وردەکاری چالاکییەکە و ناوی فەرمی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بڵاودەکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو "چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەی تورکیایە لە رۆژئاوای کوردستان و هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا."

هێزەکانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەیە و لە ساڵی 2000 وەک جێگرەوەی باڵی پێشووی سەربازی پەکەکە لە کۆنگرەی حەوتەمی ئەو حزبەدا دامەزراوە.

XS
SM
MD
LG