تورکیا ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجەکان لە باکووری عێراق و چەندین گومانلێکراوی لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەرکردووە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بارەگای وەزارەتی ناوخۆی تورکیای لە ئەنکەرە ڕاگەیاند.
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوو هێرشبەر بۆمبێکییان لە نزیک بارەگاکانی حکومەت لە ئەنکەرە تەقاندەوە، هەردوو هێرشبەرەکە کوژران و دوو ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون. پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە بووە هۆی لە ناوبردنی 20 ئامانج و ئەشکەوت و پەناگە و کۆگا کە لەلایەن پەکەکەوە بەکارهێندراون لە ناوچەکانی مەتینە و هاکورک و قەندیل و گارا و زۆرێک لە چەکدارەکان کوژراون.
لەم چەند ساڵەی ڕابردووەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ئەندامانی پەکەکە لە ناو خاکی عێراق زیاتر کردووە و دەڵێت ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدات بۆ بەرگریکردنە لە خۆی و لەگەڵ بەندی 51 ی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن.
سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید وتی عێراق هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی تورکیا و بوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و هیوای خواست لەگەڵ تورکیادا ڕێکبکەون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا وتی دوابەدوای هێرشە خۆکوژییەکە لە ئەنکەرە، پۆلیسی دژە تیرۆری تورکیا 20 کەسی گومانلێکراوی پەیوەست بە پەکەکەوە لە ئیستەنبوڵ و شوێنەکانی دیکە دەستبەسەرکردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز