Accessibility links

ڤاکسینێکی نوێی مەلاریا دەتوانێت ژیانی هەزاران منداڵ ڕزگار بکات


ڤاکسینێکی نوێی مەلاریا کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەندکراوە دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا لە وڵاتانی ئەفریکادا بەکاربهێنرێت، کە ئەگەری هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ژیانی سەدان هەزار منداڵ ڕزگار بکات.

ڤاکسینە نوێیەکە بە ناوی (R21) لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا و پەیمانگای سیرۆمی هیندستان پەرەی پێدراوە. لە ئێستادا لە غانا و بورکینافاسۆ بەکاردێت.

پرۆفیسۆر ئەزرا غانی، پسپۆڕی پەتاکان و نەخۆشییە درمەکان لە کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن، دەڵێت: " دوای پەسەندکردنی ڤاکسینە نوێیەکەی R21 ئێستا دەکرێت لە سەرانسەری ئەفریکا کوتان ئەنجام بدرێت و زۆرێک لەو منداڵانە لە مردن ڕزگار بکات کە ژیانیان لە مەترسیدایە."

غانی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە مەزەندە دەکەین ئەگەر ڤاکسینەکە لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەو ئاستە جێبەجێ بکرێت کە تا ئێستا لە توێژینەوەی جێبەجێکردندا بینیومانە، دەتوانێت ڕێگری بکات لە ڕێژەی تا یەک لەسەر سێی حاڵەتەکانی مردن بە مەلاریا لە نێو منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵدا."

دکتۆر هانا نوهینک، سەرۆکی گروپی پسپۆڕانی ڕاوێژکاری ستراتیژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی دووشەممە لە جنێڤ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، ڤاکسینەکانی مەلاریا توانای ڕزگارکردنی ژیانی دەیان هەزار کەسیان هەیە لە ساڵێکدا.

بارگرانی مەلاریا

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات لە ساڵی 2021دا 247 ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە مەلاریا تۆمار کرابێت، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمێک زیادی کردووە و نزیکەی 619 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لەسەدا نەوەد و پێنجی حاڵەتەکانی تووشبوون و مردن لە ئەفریکایە و زۆربەی مردنەکان لە نێو منداڵانی خوار تەمەنی 5 ساڵدایە.

غەنی گوتیشی "هیوادارین بە هێنانەکایەی ئەم ڤاکسینە نوێیە، بتوانین بگەڕێینەوە سەر ڕێڕەوی ئەو ئامانجانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دانرابوون بۆ کەمکردنەوەی مەلاریا بە ڕێژەی 90% تا ساڵی 2030."

تای خوێنبەربوون

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ڤاکسینێکی نوێی دژ بە تای خوێنبەربوونی پەسەند کرد کە یەکێکی دیکەیە لە نەخۆشییە گواستراوەکان و لە ڕێگەی مێشوولەوە دەگوزرێتەوە کە لە ناوچە گەرمەکانی ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی ئاسیادا بە ڕێژەیەکی زۆر بڵاوبووەوە.

ئەم دەرمانە کە لەلایەن کۆمپانیای تاکێدای ژاپۆنی پەرەی پێدراوە، لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا بە ڕێژەی 85% کاریگەری هەبووە لە ڕێگریکردن لە خەواندنی خەڵک و مانەوەیان لە نەخۆشخانە.

XS
SM
MD
LG