چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی ئارمیتا گراوەند دەکەن و بە ئاماژەدان بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، رایانگەیاندووە ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام نەدرێت، ئەوا تاوانباران جارێکیتر ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی تاوانەکەیان نابنەوە.
ئارمیتا گراوەندی تەمەن 16 ساڵ خوێندکاری پۆلی 11ی ئامادەیی دانیشتووی تارانە کە 1ی ئەم مانگە لەکاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە، لە ڕووداوێکدا لە وێستگەی میترۆی "شۆهەدای تاران" بێهۆش دەبێت و دەگواسترێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری تاران و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو تاکو ئیستاش لە بێهۆشیدایە.
چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئارمیتا بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێوە لەلایەن بریکارەکانی حکومەتەوە هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامی لێدانەکەدا، بێهۆش بووە و بە ئامبولانس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
جگە لە چەند گرتەیەکی کورت و پچڕاو لە هەندێک کامێرای میترۆ، تا ئێستا زۆرێک لە وردەکارییەکانی چۆنیەتیی ئەو ڕووداوەی بەسەر ئارمیتا گراوەندا هاتووە، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
دوای کاردانەوەیەکی زۆری خەڵک بەرامبەر بە هەواڵی لەهۆش چوونی ئارمیتا، ڕۆژی دووشەممە، 2ی مانگی دە، بەڕێوەبەری میترۆی تاران ڕایگەیاند و گوتی "کاتژمێر 7 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 1ی مانگی دە خوێندکارێکی کچی تەمەن 16 ساڵ چووەتە ناو میترۆی شۆهەدا و بەهۆی دابەزینی فشارەوە بێهۆش بووە و دواتر ئەم کەسە لەلایەن هاوڕێکانی و سەرنشینێکی دیکەی شەمەندەفەرەکە کە پێدەچێت پزیشک بووبێت، لە شەمەندەفەرەکە دەرهێنراوە و دەستبەجێش لە ڕێگای تیمی فریاکەوتنەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە."
ئەو بەرپرسە ئیدیعای ئەوەشی کردووە کە ئەو خوێندکارە هیچ بەریەک کەوتنێکی زارەکی و جەستەیی لەگەڵ سەرنشینەکان و بەڕێوەبەرانی میترۆدا نەبووە.
هەندێ کەس گۆمان لەو گرتە ڤیدیۆیانەی ناو مێترۆ دەکەن کە بە شێوەی ناتەواو لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بلاو کراوەتەوە و گۆمانەکانیش کاتێک زیادی کرد کە هەواڵی دەستگیرکردنی مریەم لوتفی پەیامنێری ڕۆژنامەی شەرق بڵاوکرایەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی ڕۆژنامەکە، ناوبراو بۆ ئاماده کردنی ڕاپۆرتێک له سەر ڕووداوەکه چووبووه ئەو نەخۆشخانەی ئارمیتای لێیە. بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان لە تویتەر ڕایانگەیاندووە لوتفی لەکاتی قسەکردن لەگەڵ دایکی ئەو خوێندکارەدا دەستگیرکراوە.
دایک و باوکی ئارمیتا ڕۆژی سێشەممە، 3ی مانگی دە لەبەردەم کامێرای میدیا حکومەتییەکانی ئێراندا سەبارەت بە ڕووداوەکە قسەیان کرد و گوتیان "پێمان وانییە رووداوەکە بەو شێوەیە بێت کە خەڵک باسی لێوە دەکەن."
دایکی لە قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە ڤیدیۆی چۆنیەتی کەوتنی کچەکەی بینیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە میترۆی تاران تاکو ئیستا ڤیدیۆی ساتەوەختی کەوتنی ئارمیتای بڵاوی نەکردۆتەوە و هەر بۆیە خەڵک پێیان وایە دایک و باوکی ئارمیتا لە ژێر گوشاری حکومەتدا ناچار بەو لێدوانە بوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی چوارشەممە،4ی مانگی دە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەکات سەبارەت بەو ڕووداوەی ئارمیتای خستوەتە ئەو دۆخەوە.
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لەوە کردوە کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو حکومەتە پابەند بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەبێ بە جددی بەدواداچوون بۆ هۆکاری بێهۆش بوونی ئارمیتا گراوند بکەن" و دەشلیت "دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ هەموو بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو ڕووداوەی بەسەر ئارمیتا گراوەند هاتووە، ڕادەستی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێت.
ڕادیۆفەردا سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئارمیتا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەو نەخۆشخانەدایە کە ئارمیتای تێدایە، نووسیوێتی "ئارمیتا تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و هۆکاری دابەزینی زەخت و بێهۆشبوونەکەشی هەر بۆ ئەم پرسە دەگەڕێتەوە."
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، نهۆمی یەکەمی نەخۆشخانەی فەجر کە ئارمیتای تێدایە، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایشی ئێراندایە.
ڕووداوی بێهۆشبوونی ئارمیتا، کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی زۆریشی لێکەوتووەتەوە، لە دوایین کاردانەوەشدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتەری خۆی نووسیوێتی "کچێکی دیکە تەنها لەبەر ئەوەی لە میترۆدا قژی خۆی دەرخستوە، لە ئێستا شەڕی مان و نەمان بۆ ژیان دەکات و ئەمەش ڕووداوێکە کە جێگای بەرگە گرتن نییە."
هەروەها شەریف مەنسوور، بەرپرسی هەماهەنگی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوەکەی بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێران و هەواڵەکان لەپەیوەند بە کچێکی گەنجەوە دکات کە تەنها لەبەر ئەوەی حیجابی پەسەندکراوی حکومەتی ڕچاو نەکردووە، لێیدراوە و دەشڵێت داوا لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین لە ڕێگای گرتن و گۆشەگیریکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕووماڵی ئەم ڕووداوە گرنگە دەکەن، جارێکیتر مەکینەی شڕانگێزانەی سانسۆر نەخەنەوە گڕ.
هەروەها هانا نیومەن، نوێنەری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە دۆخی ئارمیتا گراوەند ڕایگەیاندوە "کچێکی گەنجی دیکە بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابەوە چووە کۆما و هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش بەهۆی ئەوەی ڕاپۆرتی لەسەر ئەم بابەتە داوە کراوە ."
ئەو ڕوو لە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا گوتی "کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت چەند جاری دیکە کاری لەم شێوەیە بکات تاکو یەکێتی ئەورووپا پێداچوونەوە بە سیاسەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکات."
رێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم رووداوە بڵاویکردوەتەوە کە هێزە حکومەتییەکانی ئێران لە مێترۆی تاران، بە بیانووی ئەوەی کە پێی دەوترێت ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتا گراوەندی تەمەن 16 ساڵی خەڵکی کرماشان کە دانیشتووی تارانە.
ئەو رێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیوێتی "لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توندی هێزەکانی ئێران ، ئارمیتا لەهۆش خۆی چووە و لە ئیستادا لە نەخۆشخانەیە و هێشتا بێهۆشە."