Accessibility links

بڕیارە وەزیری بەرگری عێراق سەردانی تورکیا بکات


بڕیارە سابیت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی تورکیا بکات و لە ئەنکەرە چاوی بە یاشار گولەر هاوتا تورکەکەی بکەوێت.

بەگوێرەی میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا، عەباسی وەک میوانی فەرمی گولەر دەچێتە ئەنکەرە و لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا لە وەزارەتی بەرگری پێشوازی لێدەکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا عەباسی و گولەر پرسەکانی وەک بەرگری دووقۆڵی و ناوچەیی، هاریکاری لە پیشەسازیی ئاسایشی و بەرگرییەکاندا تاوتوێ بکەن.

دوای هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنکەرە، تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی چیای مەتین، خواکورک، قەندیل و گارە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

تورکیا ڕایدەگەیەنێت، بنکە و بارەگاکان و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکاتە ئامانج، کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئانکەرەیان گرتە ئەستۆ.

عێراق ڕەخنەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا گرت و عەبدول لەتیف ڕەشید سەرۆکی عێراق ڕایگەیاند، هەر هێرشێک خاکی وڵاتەکەمان بکاتە ئامانج ڕەتیدەکەینەوە و هیواشی خواست لەگەڵ تورکیادا ڕێکبکەون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

XS
SM
MD
LG