Accessibility links

گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان


داواکردنی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغداد، لە مامۆستایان تێپەڕی، ئێستا بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان واژۆ کۆدەکەنەوە هەتا لە ڕێگای پەرلەمانی عێراقەوە داوابکەن حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، هەر دوای ئەم هەوڵانەش بریکارە کوردەکەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی دەستوری عێراقی حکومەتی فیدراڵ ناتوانێت ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.

دەپرسین:
ئایا بەغداد دەتوانێت ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات یان نا؟
بۆچی بۆ موچەی فەرمانبەران فراکسیۆنە کوردییەکان پەنایان بردە بەر پەرلەمانی عێراق؟

مامۆستایان و ئەو فراکسیۆنە کوردییانە هەتا چەند دڵنیان لەوەی ئەندامە غەیرە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پشتگیری ئەو داواکارییەیان دەکەن لە کاتێکدا بەشێک لەوانە دژی ناردنی 200 ملیار و تەنانەت 700 ملیارەکە بوون؟

بۆچی حکومەتی ناوەند و هەرێم بیریان لە تەرخانکردنی بودجەی ناکاو نەکردۆتەوە تا هاوشێوەی وڵاتان بەشێک لە کەرتە گرنگەکان نەوەستێن وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و خوێندن لە بەشێکی وەستاوە؟

لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لەگەڵتانین لە تاوتوێی بابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تایبەت بە پرسی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەمیوانداری بەڕێزان..

1- د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی.
2- شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کوردستان.
3- دارا سێکانانی، پەرلەمانتاری عێراق فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
4- مامۆستا دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی.

please wait

No media source currently available

0:00 1:02:47 0:00

د. نەرمین مەعروف:
"ڕاستە ئێستا حکومەتی هەرێم بۆ سێ مانگ بڕی 700 ملیار دیناری وەک قەرز لە عێراق وەرگرتووە، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە، ئەوەی ئێمە داوامانکردووە جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەرێکی ڕیشەییە ، ئێمە بە دوای ئەو چارەسەرەدا دەگەڕێین کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە لە کاتی خۆیدا بدرێت، هیچ کورد و پەرلەمانتارێک ئامادە نییە دەستبەرداری سەروەری و قەوارەی کوردستان بێت، ئێمە باسی چارەسەری ڕیشەییمان بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردووە."

"ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دۆخی پێش شەڕی داعشە، بەڵام لێرەدا بەربەستی (انفاقي فعلي) هاتۆتە ئاراوە، بۆیە ئێمە داوای هەمواری یاسای بودجە دەکەین."
"من نامەوێت ڕەشبین بم، وە ناشمەوێت فەرمانبەران بێ ئومێد بکەم، بەڵام ئەم داواکارییە (پێدانی موچە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە بە فەرمانبەرانی هەرێم) ، بەڵام واقیعییانە بیڵێم ئەمە قابیلی جێبەجێکردن نیيە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، یەکەم، لە ڕووی پراکتیکییەوە دروستکردنی ئەکاونتی بانکی کارێکی قورس و درێژخایەنە، هەر ئەمڕۆش بەغداد بەو داواکارییە ڕازی بێت بە دوو سێ ساڵ ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دووەم، هەموو فەرمانبەرێک فەرمانگەکەی خۆی لە ڕووی دەوام و مۆڵەت و شتەکان لێی بەرپرسە بەغداد ناتوانێت ئەمە بکات بەسەر هەموو فەرمانگەیەکەوە، تەنها لەبەر ئەوە کردمان وەک هەوڵێک بۆ چارەسەری ڕیشەیی، وە ئەگەر سەریش نەگرێت لانی کەم هەنگاوێکە کاتێک ئێمە هەوڵی هەمواری ئەو بڕگەیەی یاسای بودجەمان دا کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بە خەرجی فیعلی بەغدادەوە، ئەو هەوڵەمان ئاسانکاری و زەمینەسازی دەکات وەها دەکات کە لە هەمواری یاساکەدا لایەنگرمان هەبێت لە پەرلەمانتارە عەرەبەکان و کەمترین نەیارمان هەبێت."

دارا سێکانانی:
"وەک دەزانرێت ئەو گرفتە هەیە لە کوردستان کە موچەیە، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی بەشێک لە فەرمانگەکان و دەسپێنەکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمییان، لە سۆنگەی خەمخۆریمان وەک فراکسیۆنە کوردییەکان، هەتا چیتر موچەی فەرمانبەران نەبێتە قوربانی ململانێی سیاسی، هەروەها لە ڕوانگەی ئەوەی بەپێی دەستوری عێراقی هاووڵاتیانی عێراقی یەکسانن بە کورد و عەرەبەوە، بۆ چارەسەر، ئەگەر وەک فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ ئەم هەوڵەدا نەبووینایە ڕەنگە بە ئاقارێکی تردا بڕۆیشتایە وەک دەزانرێت لە ناو پەرلەمانی عێراق چی دەگوزەرێت."

"خاڵێکی تر ئەم بابەتە بە هەڵە ڕوونکراوەتەوە لە پێرێیەوە، ئێمە بەو مەرجە کردوومانە و لەگەڵیداین کە دژی قەوارەی هەرێم نەبێت ڕاستە ڕەخنەمان لە دەسەڵاتەکەی هەیە، بەڵام دژی قەوارەکەی نین، وە دەبێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم، دوای ئەوە بۆچی ئاساییە پەرلەمانتار و هەموو سەرۆک حزب و فەرمانبەرانی پاسپۆرت و پاسەوانی سنوور موچەیان لەلایەن بەغدادەوە ؟! بەڵام ئاسایی نییە فەرمانبەرانی تر موچە وەربگرن؟!"

"ئێمە تاوانبار دەکرێیین گوایە واژۆکانمان لەگەڵ واژۆی هەندێک پەرلەمانتاری عێراقە بۆ داواکردنی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم تۆمەتە ئەگەر خەڵکی ئاسایی بیکات ئاساییە، بەڵام پێم سەیرە ئەو پەرلەمانتارانە ئەو قسانە دەکەن کە بەرپرسەکانی خۆیان دێن لەگەڵ بەرپرسی ئەو پەرلەمانتارانە کۆدەبنەوە و ڕێکدەکەون، ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر خوا و خەڵک هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بێت ئەوە دەکەین."

شوان کەلاری:
"هەموومان دەزانین عەرابی پرۆژە و داواکاری (پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە) یوسف کیلابیە، ئیتر پڕۆژەکە چۆن هات و چۆن کرا بە هی ئەوان ، بابەتێک هەر لەسەرەتاوە بزانین سەرناگرێت(وەک دەڵێن مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە) بێیین ئومێد بدەین بەفەرمانبەرانی هەرێم و بیانهێنمە بەغداد و خەون و خەیاڵییان بۆ دروست بکەین دواتر هەر لە بنەڕەتەوە نادەستوری بێت و نە یاسا ڕێگا بەوە دەدات نەخۆم بڕوام پێییەتی ئیتر ئێمە بۆ ئەوە بکەین؟!"

"باشە من تەکلیف دەکەم با مامۆستایان و فەرمانبەران یان حکومەتی هەرێم موچەی ئێمە بگوازنەوە سەر هەرێمی کوردستان هەزار جار پێمان خۆشە، شتی وەها لۆژیکی تێدا نییە بڵێی کاکە تۆ وەزیری لە بەغداد بۆ لە بەغداد موچە وەردەگریت؟ وەک ئەوەیە بڵێی ئێمە بۆ کوردایەتیمان کرد هەتا ئەنفال نەکراینایە، یان کۆڕەومان نەکردایە با خەڵک ڕەق نەبوایەوە؟ ئەمە کەی قسەیە؟! ئەوپەڕی دە هەزار، کاکە پەنجا هەزار موچە خۆری بەغداد بە پەرلەمانتار و وەزیر و خانەنشینەوە هەیە موچە لە بەغداد وەردەگرن، بەس ئێمە ملیۆنێک و دووسەد و هەزار موچە خۆرمان هەیە، بەڵام بەغداد حسابی."

"دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی 400 ملیاری دا ئەم گروپە پەرلەمانتارە عەرەبە نەیانهێشت، دوای چەند جارێک کۆبوونەوە، کاک مەسرور، کاک قوباد و وەفدی هەرێم هاتن دوای چەندین کۆبوونەوە لەوانەیە ناوبژیوانی نێودەوڵەتیش هەبێت لەم بابەتە ئینجا ڕازی بوون 700 ملیار بە قەرز بدەن بۆ سێ مانگ ، ئێستا لۆژیکە کاک یوسف کیلابی لە کاک مەسرور و کاک قوباد و کاک ئاوات شێخ جەناب دڵسۆزتربن بۆ موچەخۆرانی هەرێم؟، هەر ئەمانە بوون لە ناو یاسای بودجەدا چەند بۆمبێکییان چاند بۆ ئەوەی بە شایستە داراییەکانی هەرێمدا بتەقنەوە ئەوەتا دەیبینین چی ڕوویدا!"

"باشە گریمان ئەوەش سەریگرت، ئێمە ملیۆنێک و دووسەد هەزار موچەخۆرمان هەیە، کەچی ئەوان دەڵێن شەش سەد هەزار موچە خۆر هەیە چەندییان لێدەرکردووە، باشە دەڵێن بانکی (تی بی ئای) موچە دابەش بکات، ئەم بانکە لە ناو سێ بینای بچوکدان!"

"با ئێمە بەیانی تەکلیفی ئەوە بکەین واژۆ کۆبکەینەوە دوو حەوسەد ملیارەکەی تر کە وەها بڕیارە بە قەرز بماندەنێ بۆمان بنێرن هەتا دوو موچەی تر دابەش بکەین ، با شەڕی ئەوە بکەین مانگانە حکومەتی عێراقی چۆن موچەی فەرمانبەرانی بەسرە و شارەکانی تر دەدات لەو کاتەدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم(950 ملیارەکە) بنێرێت جا ئەو کاتە ئەگەر حکومەتی هەرێم موچەی دابەش نەکرد بەڵێن بێت منیش دەچمە سەنگەرەکەی یوسف کیلابیەوە دژی حکومەتی هەرێم و لە فراکسیۆنی پارتیش جیادەبمەوە."

"خۆ ئەگەر ئەو حەوسەد ملیارەش نەهاتایە حکومەتی هەرێم هەر موچەیەکی دابەش دەکرد بە داهاتی ناوخۆ، بەڵام خۆ داهاتی ناوخۆش بۆ حکومەتی هەرێم بەکاردێتەوە بۆ خزمەتگوزاری و دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە بەکاردێت، خۆ حکومەت بە هەوا ناژی."

مامۆستا دڵشاد میرانی:
"هەندێک کەس هەیە بەتێری قسە لەسەر بابەتەکە دەکەن، چەندین ساڵە بە قەوارە و ئاڵا و نیشتمان خوێنی ئەم خەڵکەی پێ دەمژن، ئەگەر بێییتە سەر قەوارە ئەوەندەی لە کەرکوک و شنگال بەدەستی ئەمانە بوون بەدەستی دوژمن نەبوو، ئیتر مامۆستا و موچەخۆری چی لەم دەسەڵاتە بکات و بۆ کوێ بچیت؟

"دوای ئەو هەموو خۆپیشاندان و 67 بەیاننامە و داواکاری ئاشتییانە وەڵاممان نەدراوە، ئەی مامۆستا و فەرمانبەری بێ موچە چی بکات؟!"

"من لە شوێنێک بەڕێوەبەرم هیوادارم ئەم کەناڵەی ئێوە بێت ڕوماڵی ئەو قوتابخانە بکات بزانە چۆنە و هی چ سەدەیەکە؟!ئێمە خائین نین کە چوینە بەردەم دەرگای حکومەتی هەرێم، بەداخەوە حکومەتی هەرێم گوێیەکی نییە بۆ بیستن ، خۆی بەشێکە لەو ستەمەی لێمان دەکرێت."

"ئەگەر ئەم داوایە جێبەجێبکرێت وەزارەتەکان نامێنن و هەموو فەرمانبەران دەچنەوە سەر وەزارەتەکانی عێراق، ئەوانەی هەرێم دەبنە بەڕێوەبەرایەتییەک ، بەڵێ ئێمە لە گۆشە نیگای برسی بوونەوە سەیر دەکەین و ئەوانیش لە گۆشە نیگای قەوارە و نەتەوایەتی، کە خۆیان نایەن بەدەممانەوە، ئەگەر سبەیش حکومەتی عێراقی لەسەر ئەو بەڵێنانە نەبێت کە پێییان داوین و تەنها بۆ تێکدانی شیرازەی ناوخۆی هەرێم ئەو قسانە بکەن ئەوا بەڵێن دەدەم لێرەوە هەڵوێستمان دەبێت و لە گۆڕەپانی تەحریر خێمەی مانگرتن هەڵدەدەین هەتا چارەنووسی بەڵێنەکانمان بە کردار پیشان دەدەین، لە چەند ڕۆژی داهاتووش ئەمە دەکەین چونکە لەوە زیاتر فەرمانبەرانی هەرێم بەرگەی بێ موچەیی ناگرن، دەتوانم بڵێم، بەدەستی پڕەوە گەڕاینەوە لە بەغداد.

"بەگشتی جگە لەوەش هاوهەڵوێستییەکمان دروست کرد لە نێوان بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان."

بودجەی لە ناکاو:
لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ حاڵەتی لەم جۆرەی ئێستا کە پارەی نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی دەزگا گرنگەکانی هەرێمەکە.

د. نەرمین مەعروف:
"ئەمە نەبێتە پاکانە، من وەک ئابوریناسێکیش من لە سەرەتاوە بۆچونی خۆم وتووە بەشەک لە گرفتەکان توانرا چارەسەر بکرێن، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە ڕەنگە بابەتی قەرزە حەوسەد ملیارەکە چارەسەر بێت بۆ دوو سێ مانگ، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە یاسای بودجە بە تایبەت ماددەی یانزە دەستەواژەی (انفاق الفعلی) لێدەربکرێت و بکرێتەوە پێش شەڕی داعش."

شوان محەمەد:
"من پێشنیاری بودجەی لەناکاوم زۆر پێ مەعقولە و لەگەڵ ئەوەم کە ئەم دەستبڵاوییەی ساڵانی ڕابردوو دەبوو حکومەتی هەرێم پاشەکەوتێکی هەبووایە بۆ مامۆستا و نەخۆشخانەکان کاتێک دوو مانگ موچە نادات ، موچەی بدایە بە ئەوان هەتا ئەو کەرتە گرنگانە نەوەستێن."

"لێرەوە لەم بەرنامەیەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەم کە بودجەی لە ناکاو بە چوارچێوەی یاسایی دابنێت بۆ ئەم کاتە سەختانە، وە من کار لەسەر ئەم پێشنیارە دەکەم و لە داهاتوش کە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەمان هەبوو من پێشنیارەکەی ئێوە (بودجەی لەناکاو) دەدەمە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڵێنیش بێت وەکو بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پێشنیارە دەکەمە یاداشت و ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی دەکەم و نووسراوی داواکارییەکەش دەنێرم."

XS
SM
MD
LG