Accessibility links

بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە باکووری ڕۆژئاوای ئەفغانستان دەهەژێنێت


سەنتەری توێژینەوەی جیۆزانستی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە،7ی مانگی دە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە بە پێوەری ڕێختەر ڕۆژئاوای ئەفغانستانی هەژاندوە. ئەو سەنتەرە ڕایگەیاندووە کە ناوەندی بوومەلەرزەکە 40 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری هێراتەوە دوور بووە.

بە هۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری ڕۆژئاوای ئەفغانستان تاکو ئێستا لانیکەم 14 کەس کوژران و نزیکەی 80 کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرەتایی سەنتەری توێژینەوەی جیۆزانستی ئەمەریکا ڕەنگە ئەم بوومەلەرزەیە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس و دەشڵێت لە حاڵەتە هاوشێوەکانی پێشوو لەم ئاستەدا، ئاگادارکردنەوە و هاوکاری و وەڵامدانەوە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نیشتمانی پێویست بووە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دانیشتووان و دوکاندارەکان لە بیناکانیان هەڵاتوون کاتێک یەکەم بوومەلەرزە لە دەوروبەری کاتژمێر 11ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی وڵاتەکە ڕوویداوە، بەڵام تا ئێستا دوایین هەواڵەکان لەبارەی قوربانی و زیانەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکانیش توندی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی شەممە لە بەشێکی ئێران وەکوو شاری مەشهەد و شارەکانی پارێزگای خوراسانی باشوور هەستی پێکراوە.

بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی شاری هێرات لە ساڵی 2019دا یەک ملیۆن و 900 هەزار دانیشتووی هەیە.

مانگی6 ی ساڵی 2022 بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی لەرزاندەوە و ماڵە خشتی و قوڕەکانی ئە وڵاتەی تەخت کرد و تیایدا لانیکەم هەزار کەس کوژران و نزیکەی هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG