بەرپرسانی یەکگرتوو و کۆمەڵ بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەو رەخنەنانە ڕەتدەکەنەوە کە لە حزبە ئیسلامییەکانی هەرێم دەگیرێت بەوەی گوایە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژئاوا و کوردستانی ئێران بێدەنگن، لەکاتێکدا هەڵوێستی ڕاشکاو و توندیان بەرامبەر بە ئیسرائیل دەربڕییوە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە کەرتی غەزە.
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی ئیسلامی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە توندی سەرکۆنەی کاردانەوەی ئیسرائیلیان بەرامبەر هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس کرد، بەڵام هەڵوێستەکانیان بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە شارەکانی ڕۆژئاڤا بە "لاواز" وەسفدەکرێت.
حاجی بورهان مزەفەر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خەڵکانێک دژی هەبوونی پەیوەندی یەکگرتووی ئیسلامین لەگەڵ ئێران و تورکیا و نایانەوێت ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش بچن، لەکاتێکدا یەکگرتوو حزبەو مافی خۆیەتی پەیوەندی هەبێت، بۆیە پڕوپاگەندەی ئەوەدەکەن گوایە یەکگرتوو بێهەڵوێست بووە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و ئێران."
ئەو وتیشی، "یەکگرتووی ئیسلامی لەکاتی گفتووگۆکانیدا لەگەڵ وەفدی ئێرانی و تورکی بەڕوونی پێیڕاگەیاندوون، نابێت هاوڵاتی مەدەنی بکرێتە ئامانج و لە کاتی جەنگیشدا پێویستە ڕەچاوی مافی مرۆڤ بکرێت."
لە ئێستادا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئاکپارتی لە تورکیایە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەمە، بەهۆی هێرشی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیاوە بۆ سەر کوردستانی سوریا، بەلانیەنی کەمەوە 15 هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی تریش برینداربوون.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، کە پێشتر ڕەخنەی بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لێگیراوە، کاردانەوەی بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل نواند و لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی،"خۆزگە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حسابی ئەوەیان دەکرد کە فشاری ستەمی 70 ساڵەی داگیرکاری و کوشتار و گەمارۆی زایۆنیزمەکان لە تەقینەوەیەکی وەک ئەمڕۆدا زۆر چاوەڕواننەکرا و نییە."
حاجی بورهان مزەفەر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، دەڵێت، "بە ئێران و تورکیاشمان ڕاگەیاندووە، ئازاردانی کوردانی سوریا و ئێران و تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە؛ بواری خەباتی سیاسییان پێبدەن، با پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی."
هەروەها وتیشی،"ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا و بەریتانیاش هەیە، هەرچەندە پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش نەچوون، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنی تورکی بۆ بەرژەوەندی کورد بەکارهێناوە."
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بارەی ئاڵۆزی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلەوە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوەو ڕایگەیاندووە، "ماوەیەکی زۆر بەسەر تاوانەکانی هێزە زایۆنییەکان تێپەڕی لەکوشتن و کاولکاری و سوتاندن و دەربەدەرکردن. ئەمە پەنگی دایەوە و لەسەری ڕژا و ئارامی بەرگریکارانی فەڵەستین کۆتایی هات، بۆیە کاتی ئەو کاردانەوەیە هات کە بینیمان."
رێبوار حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری، پیێیوایە کاردانەوەی ڕووداوەکانی ئیسرائیل هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە و دەڵێت ڕووداوەکان کاریگەرییان لەسەر کوردستانیش هەبووە، چونکە کورد و فەڵەستین دوو گەلی "قوربانین".
رێبوار حەمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کورد و فەڵەستین دوو گەلی مافخوراو و بێ پشتیوانین لەڕووی نێودەوڵەتییەوە. پاشان لەڕووی ئاینی و مرۆڤایەتییەوە، خەمەکانمان هاوبەشن."
سەبارەت بەو ڕەخنانەی لە حزبەکەی دەگیرێت بەوەی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و ئێران بێدەنگن، رێبوار حەمەد، دەڵێت، " بەرامبەر ستەمکارییەکان هەمیشە هەڵوێستمان هەبووە لە ڕێگەی لێدوان و بەیاننامەوە. کۆمەڵ لە ڕووی پەیوەندییەوە باجی هەڵوێستەکانیشیداوە."
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس تەنها کاردانەوەی هێزە ئیسلامییەکانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکو شەقامی کوردیشی بۆ سەر دوو بەرە دابەشکردووە.
بەشێک لەشەقامی کوردی لەڕوانگەی ئاینییەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و پشتگیری حەماس دەکەن، بەڵام بەشێکی تر لە هاوڵاتییان بەتایبەت ئەوانەی لایەنی نەتەوەیی بەسەریاندا زاڵە، هاوسۆز نین لەگەڵ حەماسدا و پێیانوایە کاتێک گەلی کورد ئەنفالکراوە، ئەوان بێهەڵوێست بوون.
عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حزبە ئیسلامییەکان لەڕووانگەی ئاینییەوە لە پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە دەڕوانن، بۆیە هاوسۆزن لەگەڵ حەماسدا."
ئەو وتیشی،"تورکیا و قەتەر بە کرداری ڕابەرایەتی ئیخوان دەکەن، بۆیە هێزە ئیسلامییەکان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بە هۆی مەسەلە ئاینییەکەوە بێدەنگن."