Accessibility links

دەیڤید پۆڵاک : دانوستانی سیاسی بەندە بە لاواز بوونی حەماسەوە


دەیڤید پۆڵاک لە دامەزراوەی واشنتن
دەیڤید پۆڵاک لە دامەزراوەی واشنتن

شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل تا دێت بەرەو وێرانکاری زیاتر دەڕوات و لەگەڵ بەردەوامی ئەو شەڕە و کاریگەری بۆردومانەکانیش، لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەک بۆ گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی لە ئارادا نییە.

لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی ئسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە دەخوازن دۆست ودوژمەنکانیان لەم شەڕەدا یەکلایی بکەنەوە.

دەیڤید پۆڵاک، شارەزا لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی واشنتن سەبارەت بە جیاوازییەکانی ئەمجارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەڵێت "ئەم هێرشە لە ناکاوەی حەماس، لە هەنگاوی یەکەمدا ئیسرائیلی توشی سەرسوڕمان کردووە، چوونکە بۆ یەکەمجارە حەماس بتوانێت ئەو سنورە ببڕێت و بچێتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە و سەدان هاووڵاتی سیڤیڵ بکوژێت و بە دیلیان بگرێت."

دەشڵێت " جیاوازی دووەمیش کە هێشتا دڵنیا نییەن لێی، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمجارە ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی تری لەبەر دەستدا نەبێت، جگە لە گەڕانەوەی بۆ ناو غەززە . بەلایەنی کەمەوە لە ڕووی سەربازییەوە. ئەو هەنگاوەش بۆ داگیرکرنی غەززە نییە، بەڵکو بۆ شەڕکردنە لە ڕێگای وشکانییەوە بە شێوەیەکی رژد لەگەڵ تیرۆریستانی حەماسدا لە غەززە."

ئەو شارەزایەی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت "جگە لەوانەش ئاستی جیۆپۆلەتیکی شەڕەکانیش رەنگە فراوانتر ببن. بۆ نموونە لە بەرەی باکوور و شەڕکردن لەگەڵ حیزبوڵا، یاخود شەڕکردن لەگەڵ ئێران لە سوریا بێت یان لە شوێنێکی دیکە لە سنوورەکانی ئیسرائیلدا".

دوای بانگەشەکان سەبارەت بە تێوەگلانی ئێران لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ڕیبەری باڵای ئێران هەرجۆرە تێوەگلانێکی ڕەتکردەوە و گوتی "ئێمە دەست و چاوی داڕێژەرانی زیرەک و لاوانی فەلەستینی ماچ دەکەین بۆ ئەو هێرشانە، بەڵام ئەوانەی دەڵێن هێرشەکەکانی ئەم دواییە کاری خوودی فەلەستینییەکان نییە، بە هەڵەدا ڕۆیشتوون."

لەم بارەیەوە دەیڤید پۆڵاک رایەکی تری هەیەو دەڵێت " ئێران تێوە گلاوە، لە هەموو ڕویەکەوە لە پشت پەردەوە پشتگیری حەماس دەکات. لە رووی دارایی و چەک و پێداویستیە سەربازییەکان و مەشق پێکردنیان."

لە پاش دەستپێکردنی بۆردومانی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە و بەردەوامی هێرشەکانیش، وێنەکان ئاستی قورسی بوردمانەکان نیشانی دەدەن و تەقینەوەکان ئاسمانی ئەو شارەیان روناک کردووەتەوە. هەندێک لێدوان لە میدیاکانەوە بڵاو بونەتەوە کە بزوتنەوەی حەماس داوای دانوستان دەکات.

دەیڤید پۆڵاک ئەنجامدانی دانوستان بە زەحمەت دەبینێت و دەڵێت "پێناچێت ئەمجارەیان حکومەتی ئیسرائیل بیەوێت بە خێرایی دانوستان بکات، پێموایە ئەوان کاتێکی زیاتریان دەوێت بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژبە حەماس لە غەززە و پێموایە کە ئەوەش زۆر ئاڵۆزە بەهۆی دۆخی سیاسی ناوخۆیی ئیسرائیلەوە کە هێشتا زۆر دابەشبوونیان پێوە دیارە، هەرچەندە لەئێستادا هەوڵدەدەن حکومەتێکی یەکگرتووتری ئیسرائیل لە پشت هەوڵەکانی جەنگەوە بەدەستبهێنن."

دەشڵێت "بارمتەکانی لای حەماسیش گرفتی خۆیان دەبێت. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارمتەکاندا پێشبینی دەکەم کە ئەمجارەیان حکومەتی ئیسرائیل بەرنامەیتری دەبێت لە چاو رابردوودا، بۆ نموونە جارێکی دیکە ئەوە ڕوونادات کە سەدان زیندانی حەماس ئازاد بکات لە بەرامبەر تەنها ژمارەیەکی کەمی بارمتە ئیسرائیلیەکاندا".

مێژووی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان مێژویەکی دوورو درێژی هەیە و هەزاران کەسی مەدەنیش تاکو ئێستا بە هۆی ئەو شەڕانەوە بوون بە قوربانی. چ ئەو خەڵکەی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون و کوژراون و چ ئەوانەش لە ئەنجامی بوردمانەکانی ئیسرائیلدا دەبنە قوربانی.

دەیڤید پۆڵاک لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی چارەسەرییەکی دیکەی سیاسی جیا لە شەڕ بۆ پێشگرتن لەو هەموو وێرانکاری و کوشتنە، دەڵێت "بزوتنەوەی حەماس بەردەوام شەڕی دەوێت، وەک ئەوەی رویدا، خۆ ئاگربەست لە نێوانیاندا هەبوو، ئەگەر حەماس بە دوای چارەسەری ئاشتیانەوە بوایە، ئەو هێرشەی نەدەکرد.ئەوان سەدان هاووڵاتی بێتاوانیان کوشت. ئەوان چارەسەری سیاسییان ناوێت، ئەوان تەنها دەیانەوێت بۆ هەمیشە بەردەوام بن لە شەڕکردن. بە دڵنیاییەوە لەو ڕاپرسیانەی کە من بە شێوەیەکی تایبەتی لەگەڵ هاوکارە فەلەستینییەکان لە غەززە ئەنجامم داوە، زۆرێک لەخەڵکی غەزە نەیانویستووە حەماس ئەم کارە بکات. ئەوان ویستویانە ئاگربەستەکە بپارێزن. بەڵام حەماس نیازێکی ڕوونی هەیە، ئەویش بەردەوامی شەڕە. ئیسرائیلیش بە دانوستان رازی نابێت، تاوەکو حەماس بێهێز نەکات".

زۆرێک لە بەرپرسە ئیسرائیلیەکان، ئەم روداوەی بەسەریان هاتووە، بە یازدەی سێپتەمبەری ئەمەریکای دەشوبهێنن و وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش بەو ئاراستەیەبوو کە وڵاتانی جیهان یان لەگەڵیدان یان دژبەری وڵاتەکەین، بەڵام تاچەند ئەو بۆچوونە، یان ئەو ئاراستە سیاسیە گونجاوە؟ پۆڵاک پێی وایە بۆ ئیسرائیل کاتی ئەو یەکلاکردنەوەیە هاتووە و دەڵێت " ئەمە ئەو کاتەیە کە مرۆڤەکان هەست دەکەن کە دەبێت هەڵبژاردنێک لە نێوان هاوڕێکانیان و دوژمنەکانیان بکەن، هەڵبژاردنێکی زۆر ڕوونە. پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بەگشتی جیاوازیە سیاسیەکانیان بەلاوە بنێن و سەرنجیان لەسەر یەکگرتوویی بێت، لە هەمبەر یەک دوژمنی هاوبەش کە ئەویش ئێران وگروپە تیرۆریستە جیهادیەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن، بابزانین لە کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبیدا چی رودەداو چۆن ىڕیار دەدەن".

XS
SM
MD
LG