Accessibility links

زۆربەی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکانی ئەفغانستان ژن و منداڵن


یونیسێف ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، زیاتر لە 90%ی ئەو کەسانەی لە زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە ڕۆژئاوای ئەفغانستاندا گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵ بوون، لەکاتێکدا بوومەلەرزەیەکی نوێ دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە بەهۆی کارەساتەکەوە تەخت بوون، دەتۆقێنێت.

بوومەلەرزەیەک بە هێزی 6.3 لەسەر پێوانەی ڕێختەر بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە نزیکەی 30 کیلۆمەتر دوور لە باکووری شاری هێرات ڕوویدا ئەمەش دوایین بوومەلەرزەبوو لە زنجیرەیەک بوومەلەرزە کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە هەزاران کەسی بێ ماڵ و حاڵ کردووە.

حکومەتی ئەفغانستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، بەگشتی زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون و ئەم ژمارەیەش جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ژمارەیەکی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە 2000 کەس بوو.

سدیق ئیبراهیم، ئەفسەری مەیدانی یونیسێف کە بنکەکەی لە شاری هێراتە، ڕایگەیاندووە، زۆرینەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون کاتێک یەکەم بوومەلەرزە بە هێزی 6.3 لە ڕۆژی شەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 11:00ی بەیانی بەکاتی ناوخۆیی ڕوویدا.

لە بەیاننامەیەکدا یونسێف ئاماژەی بەوەکردووە، "ژن و منداڵان زۆرجار لە ماڵەوەن، چاودێری ماڵ و حاڵ و منداڵ دەکەن، بۆیە کاتێک ماڵەکان دەڕووخێن، زۆرترین مەترسییان لەسەرە".

محەممەد نەعیمی تەمەن چل ساڵان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دوای بوومەلەرزەکەی ڕۆژی شەممە، 12کەسی لە بنەماڵەکەی لەدەست داوە، لەنێویاندا دایکیشی.

ئەو گوتی "ئێمە ئیتر ناتوانین لێرە بژین. دەبینیت، خێزانەکەمان لێرە شەهید بوون، چۆن دەتوانین ئیتر لێرە بژین؟"

لە دوایین بوومەلەرزەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، بەگوێرەی بەرپرسان، لانیکەم کەسێک گیانی لەدەستداوە و نزیکەی 130 کەسیش برینداربوون.

عەبدولزاهیر نوورزایی، بەڕێوەبەری ئەمبولانسی نەخۆشخانەی هەرێمی هێرات ڕایگەیاند، بەشێک لە بریندارەکان بەهۆی ڕووخانی ئەو ماڵانەی کە پێشتر وێران بوون، برینداربوون.

عەبدول قدوسی تەمەن 32 ساڵ ڕایگەیاند، ڕزگاربووان بەهۆی ئەو چەندین بوومەلەرزەی لە پاش بوومەلەرزە گەورکە ڕوویدا تووشی ترس و تۆقاندن بوون.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتی "ئێمە ئەوەندە دەترسین کە تەنانەت کاتێک دەبینین دارەکان دەجوڵێن بەهۆی باوە پێمان وایە ئەوە بوومەلەرزەیەکی دیکەیە کە دێت".

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، خۆبەخشەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربوان و تەرمی زیاتر لە ژێر داروپەردووی ماڵە ڕووخاوەکاندا لە کاتێکدا لانیکەم شەش گوندی لە گوندەکانی قەزای زێندا جان بە تەواوەتی وێران بوون و زیاتر لە 12 هەزار زیانیان لێکەوتووە.

دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بە قەبارەیەکی بەرفراوان ئاستەنگێکە بۆ دەسەڵاتدارانی تاڵیبانی ئەفغانستان کە لە مانگی 8ی ساڵی 2021وە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فریاگوزاریەکان بچڕاوە.

زۆربەی ماڵەکانی گوندەکانی ئەفغانستان لە قوڕ دروستکراون و دەورەکەی بە ستونی دار گیراوە.

خێزانە فراوانە فرە نەوەییەکان بەگشتی لە یەک ماڵدا دەژین، واتە بوومەلەرزە توندەکان دەتوانێت کۆمەڵگاکان وێران بکات.

ئەفغانستان لە پێش بوومەلەزەکەشەوە تووشی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک بووە، بەهۆی کشانەوەی بەربڵاوی یارمەتییە دەرەکییەکان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات.

پارێزگای هێرات، کە لەسەر سنووری ئێرانە، نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە و پێکهاتە گوندنشینەکانیشی لە ئێستاوە بەدەست وشکەساڵیەوە دەناڵێنن.


XS
SM
MD
LG