سوریا ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە یەک کاتدا هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکانی دیمەشقی پایتەخت و فڕۆکەخانەی شاری حەلەب لە باکووری وڵاتەکە.
کەناڵی ناوخۆیی شام FM ڕایگەیاند هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سوریا وەڵامی هەردوو هێرشەکەی ئیسرائیلیان داوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکە زیانی بە فڕۆکەخانەی حەلەب گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریا بە پشتبەستن بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا ڕایگەیاند "هێرشە مووشەکییەکەکان" لە یەک کاتدا هەردوو فڕۆکەخانەکەی کردووتە ئامانج و هەوڵێکە بۆ لادانی سەرنجی جیهان لە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.
سوپای ئیسرائیل ڕەتیکردووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هێرشانە بدات.
ساڵانێکە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە ئێران لە سوریا، لەوانە فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشق.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکان بە ئامانجی پەکخستنی هێڵەکانی ئاسمانی ئێران بووە بۆ سوریا، لە کاتێکدا کاریگەریی تاران لە دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بە پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 وە گەشەی سەندووە.
هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژێک پێش سەردانەکەی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سوریا ڕوویدا.
ئیسرائیل بەڵێنی داوە بزووتنەوەی حەماس کە فەرمانڕەوایی کەرتی غەززە دەکات لەناو ببات، وەک تۆڵەسەندنەوەی کوشندەترین هێرش بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە مێژووی وڵاتەکەیدا.
تاران ڕەتیکردووەتەوە لە پشت ئەو هێرشانەوە بووبێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز