Accessibility links

لە سلێمانی و هەڵەبجە مانگێکە خوێندن وەستاوە، لە ساڵی 2014 وە بۆ چەندین جارە پرۆسەی خوێندن دوادەکەوێت


خوێندکارانی هەڵەبجە
خوێندکارانی هەڵەبجە

نزیکەی یەک مانگە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە قوتابخانە حکومیەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان لە بەرامبەر دابیننەکردنی موچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دیسان پرۆسەکە پەکی کەوتووەتەوە.

وەستانی پرۆسەی خوێندن لەو دوو پارێزگایەی هەرێم بابەتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە مانگی دووی ساڵی 2014وە، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕینی بودجەکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەیتوانی موچەی مامۆستایان دابینبکات، دەستیپێکرد.

پرۆسەکە لە ساڵی 2020 یش بۆ ماوەی چەندین مانگ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەردوو پارێزگاکە و هەولێر و دهۆکیش پەکی کەوت.

فاروق غەفور، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی یەکێتی مامۆستایان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "دواکەوتنی پرۆسەکە کاریگەری لەسەر پەروەردە و فێرکردن دروست دەکات. ئەو خوێندکارانەی کە لە ساڵەکانی ڕابردوو لە قوناغی بنەڕەتی بوون و بایکۆت هەبووە کاریگەری گەورەیان لەسەردروست بووە. ئەگەر زۆر بەردەوام بێت ئەوا پێدەچێت ساڵەکە بە کەوتوو دابنرێت. ئەگەر حکومەت داواکاریەکان ببیستێت ئەوا ئومێد دەکەین بایکۆت کۆتایی پێبێت."

ڕۆژی پێنجشەممە (12/10/2023) لە گردبوونەوەیەکی فراواندا ژمارەیەک لە خوێندکاران لە هەڵەبجە داوایان کرد چارەنوسی ساڵێکی خوێندنیان بەهەدەرنەچێت.

ژیوا دانیار نوێنەری ئەو خوێندکارانەی کە لەباخی گشتی هەڵەبجە گردبوونەوەیان ئەنجامدا لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئێمە وەک خوێندکارانی قوناغی 12ی ئامادەیی، نامانەوێت چارەنوسی 12 ساڵی خوێندنمان لەکیس بچێت. داوا لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردە دەکەین بێنە سەرهێڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و داوا دەکەین لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن قەرەبووی ئەم مانگەمان بۆبکرێتەوە یان مەنهەجی خوێندن کەم بکرێتەوە."

خوێندن لە هەولێر و دهۆک ئاساییە

سەبارەت بە هۆکاری چەقبەستنی بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەردەوامی خوێندن لە هەولێر و دهۆک ڕای جیاواز هەیە.

فەرهاد قادر یەکێک لە مامۆستایانی سەرپەرشتیاری خۆێیشاندانەکانی مامۆستایان لە لێدولنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بایکۆت خواستی مامۆستا نییە و دەسەڵات سەپاندوویەتی. دەنگی مامۆستایان لە هەولێر و دهۆک کپکراوە، دەنا لە هەولێر و دهۆکیش مامۆستایان هەمان گرفتیان هەیە. مامۆستایان ناچارکراون دەوامبکەن. بەڵام لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی مامۆستایان لە مێژەوە ملیان بۆ وویستەکانی دەسەڵات نەداوە و جۆرێک لە ئازادی ڕادەربڕینش هەیە ."

بەڵام بەشێک لە مامۆستایان لە هەولێر و دهۆک بارودۆخەکە بە جۆرێکی تر دەبینن.

ئیحسان دەردی مامۆستایەکی شاری دهۆکە کە پێیوایە بایکۆتکردن لە کۆتاییدا زیانی زیاترە لە سود.

ئیحسان دەردی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تێناگەم، بایکۆت بۆچی بکەم؟ ئەو منداڵەی لەسەر مێزی خوێندنە ڕەنگە کوڕی شەهیدێک بێت کە خوێنی بۆ ئەو وڵاتە ڕشتووە. ئەو منداڵە چی تاوانێکی هەیە کە من بیکەمە قوربانی پلانی لایەنێکی سیاسی عێراق یان ناوخۆی هەرێم کە بییەوێت ئیرادەی میللەتێک بشکێنێت."

موچەی مامۆستایان

ئەمە لە کاتێکداتە حکومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ تا ئێستا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی تری بۆ مانگەکانی 8 و 9ی ئەمساڵی دابین نەکردووە.

لە کۆبونەوەیەکی دوێنێیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات.

حکومەتی هەرێم دەشڵێت " لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەکە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاریی بکرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا."

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کورستان ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە حکومەتی عێراق وهەرێم بە ئەرکی خۆیان لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی مامۆستایان هەستن و بایکۆتکردنی مامۆستایان چارەسەری ئەم دۆخە ناکات.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، " پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دابەش بووە. ڕێزمان لە بۆچونەکانی هەردوولا گرتووە، بەڵام بایکۆتکردن گرفتەکانی چارەسەر نەکردووە. ئەمڕۆ کۆتایی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی 7 هاتووە پێویستە حکومەت بە داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 8 بکات. هەوڵێکیش هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ خوێندکارانی قۆناغی 12 لەم پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی."

داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن وەک مامۆستایان دەڵێن دەبێتە هۆی دانانی کاریگەری نەرێنی لە هەردوو بواری پەروەردە و فێرکردن و ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆشی لەسەر خوێندکارەکان هەیە .

لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ژمارەیەک لە مامۆستا و فەرمانبەرنو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە خولی ئێستا ونپێشوو پڕۆژەیەکیان داوەتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن ئەو بڕەپارانەی کە ئێستا لە بەغداوە دین کاتین پێویستە بە سیستەم مووچە خۆرانی هەرێم بخرێنە سەر عێراق

غالب محمد ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،" پڕۆژەکەمان داوەتە لیژنەی دارایی و 111 ئەندام پەرلەمان واژۆیان لەسەرکردووە. داوامان کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر عێراق کە بۆ ئەوەش پێویستی بە 900 ملیاردینارە و لە بودجەی 2023 جێگیرکراوە. لە ڕێگەی یوسف کیلابی واژۆکان گەیەنراونەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەویش بەڵێنی هاوکاری کردنی داوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:49 0:00

XS
SM
MD
LG