هێرشە لە ناکاوەکەی چەند ڕۆژ پیش ئێستای حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتریش هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودی ناکۆکییەکانی نیوانیاندا بێ وێنە بووە، تا دێت ڕەهەندەکانی فەراوانتر و قوربانییەکانی زیاتر دەبن.
بە پێی راپۆرتێکی ڕۆیتەرز، پلان داڕێژەری سەرەکی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، کەسێکە بەناوی محمد دیاب ئیبراهیم المسری ناسراو بە محەممەد الزیف (محمد الضيف ) کە فەرماندەیەکی باڵی سەربازیی گرووپی حەماسە و زیاتر لە 30 ساڵە توانیویەتی لە چنگی ئیسرائیل ڕزگاری بێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس رایگەیاندووە کە الزەیفی تەمەن 60 ساڵ لە مانگی پێنجی 2021 دەستی بە پلاندانان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە کردووە، ئەمەش دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا کە تیایدا هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەسیش بریندار بوون.
محەممەد الزەیف (محمد الضيف )کێیە؟
محەممەد الزەیف لە ساڵی 1965 لە باشووری کەرتی غەززە لە بنەماڵەیەکی فەلەستینی لەدایکبووە.
لە سەردەمی گەنجی و کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووە، لە گروپە ئیسلامییەکان نزیک دەبێتەوە و دەبیتە ئەندامی ئیخوان الموسلیمین و دواتریش دەبێتە ئەندامی گرووپی حەماس و یەکێک لە دیارترین چالاکانی مەیدانی ئەو گرووپە.
الزەیف کە لە حەوت هەوڵی تیرۆرکردنی ئیسرائیل ڕزگاری بووە، بە دەگمەن قسە دەکات و هەرگیز لەبەردەم خەڵکدا دەرناکەوێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو کاتەوەی کەناڵی تەلەفزیۆنی حەماس پێش هێرشەکە ڕایگەیاند کە ناوبراو بڕیارە وتارێک پێشکەش بکات، فەلەستینییەکان تێگەیشتن کە دەبێت شتێکی گرنگ ڕووبدات.
الزەیف لە وتارەکەیدا کە بە فایلێکی دەنگی بڵاوکرایەوە گوتی "ئەمڕۆ توڕەیی ئەقسا، توڕەیی میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان دەتەقێتەوە. جەنگاوەران ئەمڕۆ ڕۆژی ئێوەیە بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارە بزانێت کە کاتەکەی بەسەرچووە."
ئەو فەرماندە باڵایەی حەماس لە فایلە دەنگییەکەدا هۆشداری داوەتە ئیسرائیل و دەڵیت "دەست لە تاوانەکان دژی فەلەستینییەکان ڕابگرە و ئەو زیندانیانەش ئازاد بکە و هەروەها دەست لە داگیرکردنی زەوی فەلەستینییەکان ڕابگرە."
ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی پێشێلکاری یاسا و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە و هەروەها بەهۆی پاڵپشتی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و بێدەنگی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کارەکانی ئیسرائیل، حەماس بڕیاریداوە کۆتایی بە هەموو ئەوانە بهێنێت.
ئیسرائیل چەندین جار هەوڵی کوشتنی ئەو ئەندامەی حەماسی داوە و دوایین هەوڵیشی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی 2014 کە لە ماڵەکەی خۆی هێرشی کرایە سەر، بەڵام لە هێرشەکەدا تەنها ژن و منداڵەکەی لەدەستدا و خۆشی بریندار بوو، بۆیە دەوترێت لەو کاتەوە توانای ڕۆیشتنی لەدەستداوە و چاوێکیشی توانای بینینی نەماوە.
دەوترێت تەنها سێ وێنەی لە الزەیف بڵاو بووەتەوە، یەکێکیان تەمەنی لە بیستەکاندایە، یەکێکیان نیقابی لەسەرە و لە وێنەکەی دیکەشدا تەنها سێبەرەکەی دەرکەوتووە لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکی دەنگیدا. سه ڕچاوەیەکی نزیک له بزووتنەوەی حەماس باسی له وه کردووه که الزەیف هیچ کاتێک تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی مۆدێرن وەک مۆبایلی زیره ک به کارناهێنێت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی فەلەستینی، یەکێک لەو ماڵانەی لە غەززە کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر، ماڵی باوکی محەمەد الزەیفە کە تیایدا براکەی و دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی کوژراون.
بەشێک لەم نووسینە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە