Accessibility links

کارەساتە مرۆییەکان کۆتایی بەم شەڕە دێنێت


شەڕ هەمیشە لە دەرەوەی ڕەهەندە مرۆییەکانەوە کارەساتەکانی خۆی دادەبارێنێت، وەک زرمەی ئەو بۆمبەی بڕوای بە ناسنامەی هیچ کەسێک نییە و خوێن لە جەستەی مرۆڤەکان دەچۆڕێنێت.
لەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا؛ دیمانەکانی میدیا لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکاندا، ئیسرائیلییەکانی بە دیل گیراون و کەوتوونەتە ژێر مەترسی چەقۆکانی حەماس، بۆردومانکردنی دانیشتوانی سیڤیلی کەرتی غەززە و گەمارۆدان؛ وەهایان کردووە دۆسێی مافەکانی مرۆڤ بکەوێتە ژێر باری پرسیارگەلێکی زۆرەوە و ئیدی ئەم دۆسێیە واتا بنەڕەتییەکانی خۆیی لێ دابماڵرێت لەکاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان جەخت لە چەمکی مرۆڤایەتی و مافەکانیش دەکەنەوە.

هەربۆیەشە لەم شەڕەی حەماس و ئیسرائیلدا یەکێک لە بابەتە گەرموگوڕەکانی قسەی لەسەر دەکرێت ئەوەیە؛ لەم شەڕەدا ڕەوشە مرۆییەکە بووە بەژێر باڵی سیاسەت و شەڕەوە و ئەو هەستەیش هەیە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش لەسەر ئەم پرسە دابەشبووە.

پۆڵ شام، شیکەرەوەی سیاسییە لە ئەستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوبڕوایەدایە باس لە کارەساتە مرۆییەکەی ئەم شەڕە دەکرێت، بەڵام وەک دەڵێت " چونکە ئیسرائیلییەکان لە ئێستادا لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست ولایەنە جیاوازەکانی تریش زۆر توڕەن، هەربۆیە خۆیان لە قەرەی دۆسێ مرۆییەکە نەداوە، بەڵام لەم دەیان کاتژمێرەی ڕابردوودا جیهان باسی لەو مژارە مرۆییە و بەرەنجامەکانیشی کردووە. لەوبڕوایەدام ئێستا لە ئیسرائیل ئەو دەنگانە دلێرن کە داوای تۆڵە سەندنەوە دەکەن. ئەم ڕووداوە توانای زۆری هەیە بۆ گۆڕینی یاسای گەمە سیاسیەکە، ڕووداوەکە گەورەبوو لە بەر ئەوە دابەش بوونەکەش بە گەورەیی دەبینرێت".

پلانی لایەنەکانی شەڕ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، دەیان ساڵە لە ململانێدان. دوابەدوای هێرشە لەناکاو و خوێناوییەکەی چەکدارەکانی حەماس وهەندێک لایەنی تری نزیک لە حەماسەوە کردیان، ئیسرائیل بڕیاریدا نەک هەر تەنها چەکدار و بەرپرسە سەربازیەکانی حەماس ڕابماڵێت، بە نیازیشە بچێتە کەرتی غەزەوە.

پۆڵ شام، کە مامۆستای زانکۆی مێریلاندە و چەندان کتێبیشی لەسەر قەیرانی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان نوسیوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەهەزاران گەنج و بە سەدان سەربازی ئیسرائیلی دەکوژرێن، نازانم ئیسرائیل چۆن بیری لێ دەکاتەوە، ئایا دەتوانێت ئەو ئەگەرە دوور بخاتەوە، دەشێت دۆخەکەش بە ئاقاری تردا وەربچەرخێت، وەک شییانی ڕوودانی پێشنیازی ئاشتی لە رێگای وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل ئەوانەی کە دەتوانن ئاشتی بهێننە کایەوە. بەڵام لەو باوەڕیەدام، چەندە ئیسرائیل غەززە وێران بکات، ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت".

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کاریگەریەکانی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نادیدە ناگیرێت، لە زۆر بواریشەوە پشتیوانکاری حەماسە. دوای کردەوە لەشکریەکەی حەماس دەرهەق بە ئیسرائیلیەکان سەرنجی زۆر چووە سەر ئەگەر و نەگەری بەشداریی ڕاستەوخۆی ئێران لەو هێرشەدا. بەڵام ئەم بۆچوونە هەر زوو لە لایەن ئێرانەوە رەتکرایەوە.

تاران لە ناوچەکەدا بەردەوامە لە گەمە سیاسیەکانی، زۆرێکیش لە شیکەرەوە پێیانوەهایە ئەگەری هەیە ئێران ئەم کارەی بە حەماس کردبێت، لە پێناو لادانی سەرنجەکان لەسەر خودی ئێران لە بوارەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم یان ئەو جموجۆڵانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیانکات وەک چۆن دەگوترێت ئەم شەڕەی حەماس هەڵیگرساند، تەنانەت سەرنجەکانیشی کەمتر کردۆتەوە لەسەر شەڕی سەپێندراوی ڕوسیا بەسەر ئۆکرایندا.

پۆڵ دەڵێت " ئەو کردەوە سەربازیەی حەماس چەند مانگێک پلانی بۆ دانراوە کەسیش پێی نەزانیوە، بەڵام باوەڕم وایە کە ئێران ئاگاداری بوبێت و بەشداریشی کردبێت. ئەوەش ڕەنگە بەو ئاراستەیە بێت کە ئێران ئەوەندە سەرنجی لەسەر نەمێنێت، لە ڕێی بەلاڕیدا بردنی سەرنجی دنیا بە لای ڕووداوێکی تردا. بەڵام ئەو ڕق وتوڕەییە پەنگ خواردووە و نادادیەش ئەگەرێکی بەهێزە کە وای کردبێت حەماس هەستێت بەو کردەوەیە، زۆرێک لە هاوپەیمانە عەرەبەکانیش ئەوە دەڵێن کە ئەو تەقینەوەیە کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتەوەیە".

ڕێکخراوی حەماس کە لە لیستی ڕەشی تێرۆریستاندایە، پاش شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا کە ڕێکخراوی فەتح فەرمانڕەوایەتی دەکرد، دەستی گرت بەسەر کەرتی غەززەدا و لەوێ فەرمانڕەوایەتی خۆی سەپاند. ئەو دابەشبوونە گورزێکی تر بوو لە دۆزی فەلەستینییەکان، لەو ڕوانگەیەوەی ڕوانینی فەتح و حەماس تەواو جودابوون لە یەکتر بۆ ئایندەی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و لە کەرتی غەززە.

پۆڵ شام، جەخت لە چارەسەری سیاسی دەکاتەوە و بە دووریشی نازانێت ئەم قەیرانە چەکدارییەی ئێستاش ببێتە هاندەرێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی و دەڵێت " پێویستە ئەو کيشەیە لە ڕووی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت، ئەمەی حەماسیش کردی سەرنجی ئیسرائیلی راکێشاوە بۆ هەوڵدان و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی. لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو قەیرانەکە دەبینین کە چی بەسەر غەزەدا دێت. ئەوەش بۆخۆی فشاری تر بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات، هەر لە وڵاتانی عەرەبی و خۆرئاواش لە هەمبەر ئەو بوارە مرۆییە بێ دەنگ نابن".

چەند ساڵێک لەمەوبەر بە دیل گرتنی سەربازێکی ئیسرائیلی وەهای کرد زیاتر لە ١٠٠٠ زیندانی فەلەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە ئازاد بکرێن، تا ئەو سەربازەی خۆی بە پارێزراوی بگەڕێتەوە.

حەماس رایگەیاندووە زیاتر لە ٥٠٠٠ زیندانی لە ئیسرائیل هەن.. پۆڵ شام، شیکەرەوەی سیاسی و مامۆستای زانکۆی مەریلاند دەڵێت "بەىڕوای من ئەوە ئامانجی حەماسە، ئەڵبەتە ئیسرائیل بۆ ڕزگار کردنی دیلەکانی، ئامادەیی ئەوەی تیا دەبێت، کە چەند زیندانیەکی حەماس ئازاد بکات. بەڵام لە لای ئیسرائیلیەکان جارێ ئەو بابەتە نەخراوەتە سەوداوە، لەوبڕوایەشدام ڕەنگە وڵاتانی تر هانی حەماس بدەن پێشنیازی ئازاد کردنی دیلەکان بخاتە روو، لە هەمبەر وەستانی گەمارۆ و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەزە."

هەوڵ زۆرن لەگەڵ هەردوولایەنی ئەم قەیرانە خوێناویەدا تا شەڕ ڕابگرن، بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا زرمەی بۆمبەکان و تەقینەوەی موشەکەکان ڕێگەدەدەن ئەو دەنگانە ببیسترێن کە داوای ئاشتەوایی دەکەن!

XS
SM
MD
LG