Accessibility links

مامۆستایانی زانکۆ: کورد لە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین دەبێت مرۆڤدۆستی و بێلایەنی هەڵبژێرێت


بەشێک لە ما مۆستایانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توند لە "پەرتەوازەیی ڕای گشتی" و دابەشبوونیان بەسەر بەرەی جیاوازدا دەگرن و دەڵین کورد دەبێت خۆی لەو فاکتەرە دەرەکیانە بپارێزێت کە بوونەتە هۆی دابەشبوونی ڕای گشتی کە هۆکارە سەرەکیەکەی حزبەسیاسیەکانن. سەبارەت بە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیش گوتاری هاوبەشی مرۆڤدۆستی و بێلایەنی بە پێویست دەزانن.

دکتۆر هەردی مەهدی میکە، مامۆستای زانکۆ سلێمانی، پێیوایە کورد ژمارەیەکی گەورە نییە لە هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتیەکاندا، بەدەر لەوەی خۆی بەدەست کێشەی قوڵی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بۆیە نابێت خۆی لە شەڕێک بگلێنێت کە "شەڕی ئەو نییە و جگە لە زەرەر کورد لێی سود مەند نییە."

دکتۆر هەردی مەهدی میکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کورد وەکو حکومەت و حزب پێویست ناکات ئەم کێشەیە لە حەجمی خۆی گەورەتر بکات، بیکەیت بە سەبەب بۆ تەفرەقە دروستکردن لە ناو کورد خۆیدا، بۆ نموونە لە پرسی فەلەستیندا. ناکرێت هەر ڕووداوێک لە جیهاندا ڕوویدا تۆ بیهێنیتەوە کوردی چەند پارچەی پێ بکەیت بە هەزار پارچە. هەر ڕووداوێک ڕوودەدات ڕای گشتی کورستان دابەش دەبێت واتە کورد هەمیشە ئامادەیە بۆ دابەش بوون."

وتیشی، "لەسەر ئاستی گشتیش مەبدەئی کێشەی فەلەستین لەچەند زاویەیەکەوە لەگەڵ کوردا پەیوەندی دروست دەکاتەوە، چونکە بۆ نمونە هەویەی دینیمان یەکە، بەڵام لە ئێستادا لە سەد ساڵی ڕابردوشدا فۆڕمی دینی فۆڕمێک نییە بۆ ئیدارەدانی سیاسەت، وە خودی کێشەکەش سیاسیە کە لە فەلەستین ڕوویداوە، لەبەر ئەوە پێویست ناکات تۆ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتێکی تردا میللەتی خۆت لەت بکەیت، یاخود جنێو بە براکەت و حزبەکەی تر و لایەنەکەی تر بدەیت."

سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و گروپی حەماس ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نەهجی لایەنە سیاسیەکان و ڕای گشتی کورد دروستکردووە، بە جۆرێک لایەنە ئیسلامیەکان خۆیان بە هەڵگری ناسنامە دینیەکەی فەلەستین دەزانن و لەو دیدەشەوە بە ڕەهایی پشتیوانی دۆسیەیی چەندین ساڵەی فەلەستینیەکان دەکەن، لە کاتێکدا بەشێک لە هاوڵاتیان پشتگیری بۆ ئیسڕائیل دەردەبڕن.

هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ ئەم دابەش بوونە بە مەترسی دەزانن و هاوکات پێیان وایە، کورد دەبوو بە کێشە ناوخۆییەکانی خۆییەوە سەرقاڵ بێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدات لە بری ئەوەی شەڕی وڵاتانی تر پەلکێشی هەرێم و ڕای گشتی بکرێت.

لەو بارەیەوە دکتۆر محەمەد عەلی، مامۆستای زانکۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێم وایە ئەگەر کورد خۆی لە شەڕی فەلەستین نەگلێنێ باشترە، چونکە بەڕاستی کورد دەوڵەت نییە و کەسیش داوای هەڵویستی فەرمی لە کورد ناکات. لە باشترین دۆخدا دەبێت بێلایەن بێت، وە لە هەمووشی گرنگتر دەبێت بیر بکاتەوە لە لایەنە مرۆیی و ئینسانیەکەی ئەو بابەتە، کە دەبێت دەست بپارێزرێت لە خەڵکی مەدەنی، وە جەنگ بە زەرەر و زیان دەکەوێتەوە. واتە جگە لە بێلایەنی بوونەکەی ئەو گوتارەش زەق بکاتەوە باشە."

وتیشی،"دەبێت جەختبکرێتەوە لەسەر مرۆڤ بوون؛ ئەگەر دژی کوشت و کوشتاری غەزە بین دەبێت دژی کوشت و کوشتاری حەماسیش بین، کە ئەمڕۆ بە پێی میدیاکان 40 منداڵی ئیسڕائیلی لە یەکێک لە لادێکانی سەر سنور کوژراون. پێم وایە دەبێت هەمان هەڵوێست هەبێت بەرامبەر کوژرانی منداڵانی فەلەستینیش، وە هەمان هەڵوێستیش بەرامبەر بە وێرانبوونی ڕۆژئاوا لەلایەن هێزەکانی ئەردۆغانەوە. ئەم بابەتانە هەمووی پێکەوە بەستراوە. ئەگەر تۆ لەسەر یەکێکیان هەڵوێستت هەبوو لەسەر یەکێکی تر نەتبوو، ئەوە من پێم وایە هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژی، نەتەوەیی یان ئاینی ئوسوڵی داخراوە، کە خەتەرناکە."

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە دەست چەندین کێشەی ناوخۆیی و دەرەکیەوە دەناڵێنێت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش خراپی دۆخەکەیان نەشاردۆتەوە و چەندین جاریش هۆشداریان داوە لەو بارەیەوە، ڕای ڕۆشنبیرانیش وایە کورد لە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشە ناوخۆییەکانیدا بێت و ڕیگە نەدات پرشکی شەڕە دەرەکییەکان دۆخی دەروونی تاکەکان لە هەرێم بەرەو خراپتر ببات.

دکتۆر مەهدی پێیوایە دیاریکردنی هەڵوێستی فەرمی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە دەکرێت لەڕێگەی دەزگای پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت " نەک هەر حزبە و بۆخۆی یەک پاکێج هەڵوێستی هەبێت و بڵێین ئەمە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمە بۆ دەرەوە."

دوێنێ 10/10/2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە دیداری مێری لە هەولێر سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕایگەیاند،"من پێم وایە کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت بە ئاشتی چارەسەر ببێت، وە فەلەستینیەکان حەقی خۆیانە کە دەوڵەتیان هەبێت."

لەو بارەیەوە دکتۆر محەمەد دەڵێت،" کورد ئەوەنە ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی گرنگ نییە، وە پێشموایە حەق نییە خۆی تێوەگلێنیت چونکە شەڕەکە ئەگەری فراوانبوونی هەیە بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە، وە کورد ئەگەر سەربەخۆیی و بێلایەنی خۆی بپارێزێت لە هەموو شتێک گرنگترە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:55 0:00

XS
SM
MD
LG