Accessibility links

وتەبێژی حکومەتی هەرێم: گەر کەمپی مەخمور جۆڵەی چەکداری تێدا نەبێت تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆردومانی بکات


وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بەردەوامی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخمور دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی جموجۆڵی چەکداری لە ناو کەمپەکە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کەمپی مەخمور بیانووی داوەتە دەست لایەنی بۆردومانکەر. گەر جموجۆڵی چەکداری لەنێو کەمپەکە نەبێت، تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆ بۆردومانکردنی کەمپەکە. کەمپەکە بۆ ژن و منداڵ دروستکراوە، حەق نییە جوڵەی چەکداری تیا هەبێت و تورکیاش ئەو گومانەی هەیە."

هەروەها وتیشی، "ڕای حکومەتی هەرێم ڕوونە، دەبێت هەردوولا کێشەکان ببەنە دەرەوەی هەرێم. ئەرکی عێراقیشە بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی، ڕێگری بکات لەهێنانی بەریەککەوتن بۆ ناو خاکی کوردستان."

نزیکی کاتژمێر 9:30ی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر خانووێک لە نێو کەمپی مەخمور، وە بە پێی وتەی بەرپرسانی کەمپەکە، ژنێک بەهۆی هێرشەکەوە برینداربووە و زیانیش بەر ژمارەیەک خانوو کەوتووە.

بێوار ئەمین، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ,"ئەو ماڵەی بۆردومانکراوە لە ماڵ نەبوون، بۆ کاری مەڕداری رۆیشتبوونە دەرەوە، لەکاتی بۆردومانەکەدا خەڵکیش کەم لەدەرەوە بوون، بۆیە بۆردومانەکە برینداربوونی تەنها ژنێکی لێکەوتەوە."

بێوار ئەمین ڕەتیدەکاتەوە جوڵەی چەکداری لە نێو کەمپەکە هەبووبێت و دەڵێت، "حکومەتی عێراق و یوئێنیش دەزانن، کەمپی مەخمور چەکداری تێدا نییە. تورکیا دەیەوێت خەڵک بترسێنێت و لە کەمپەکە دەرمان بکات."

ئەندامەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور دەڵێت پێشتر لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ڕێککەوتوون بنکەی پۆلیس و بورج و ڕادار لەدەوروبەری کەمپی مەخمور دابنرێت، بەو مەرجەی کەمپەکە لە هێرشی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا بپارێزێت، کەچی تورکیا بەردەوامە لە هێرشکردن.

بێوار ئەمین وتی " ئێستا کە قسە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەکەم، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی بە سەر کەمپی مەخموردا دەسوڕێتەوە. ڕەنگە ئێستا منیش بۆردومان بکرێم و هیچ گەرەنتییەک نییە. حکومەتی عێراقیش جگە لە ئیدانەکردن هیچ هەڵوێستێکی کرداری نەبووە."

ئەو وتیشی، "ئێستا فرۆکەی بێ فرۆکەوان دەسوڕێتەوە، دیار نییە کەی بۆردومانمان دەکاتەوە. لایەنی عێراقی و یوئێنیش بێ هەڵوێستن."

ئەمە دووەم جارە لە مانگێکدا کەمپی مەخمور بۆردومان بکرێت. لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگەش جارێکی تر فرۆکەی بێ فرۆکەوان مزگەوتی نێو کەمپەکەی کردە ئامانج و بە هۆیەوە ژنێک و دوومنداڵ برینداربوون.

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە ڕۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی کوردستانی تورکیا دروستکراوە. بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن.

حکومەتی تورکیا بە بەردەوام دانیشتوانەکەی بە ئەندام و لایەنگری پەکەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00

XS
SM
MD
LG