Accessibility links

ئەنتۆنی بلینکن لە قەتەر: ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکو بەرگریکردنە لە گیانی هاووڵاتیانی


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی گەیشتە قەتەر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بڵینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قەتەر لە ڕایگەیاند کە ئەمەریکا لە هەوڵی ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ململانێکان لە ناوچەکە و هەروەها لە هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکاندایە.

بڵینکن کە چاوی بە شێخ تەمیم بن حەمید ئال سانی ئەمیری قەتەر کەوتبوو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتیشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی قەتەر باسیان لە چۆنیەتی ڕێگریکردن لە حکومەتەکان و گروپە ناحکومییەکان کردووە لە پەرەپێدانی ململانێکان.

دیپلۆماتکاری باڵای بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە چڕی لە هەوڵی ئازادکردنی ئەو بارمتانەدایە کە لە کاتی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێنراون.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئیسرائیل نەک هەر مافی هەیە، بەڵکو ئەرکی سەرشانییەتی بەرگری لە نەتەوەکەی بکات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بکات.

بلینکن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە لە کاردانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماسە، گوتی کە حەماس خەڵکی سڤیل لە غەززە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت و دەیانخاتە ئەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەرە.

بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد لە دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل داوای لێکردوون خۆپارێزی تەواو بگرنەبەر و خۆیان لە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی بەدوور بگرن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی پێویستە هەموو وڵاتان کردەوەکانی حەماس شەرمەزار بکەن وداوای لێپرسینەوە لەو گرووپە بکەن.

ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکو بەرگریکردنە لە گیانی هاووڵاتیانی.

گوتیشی ئەمەریکا چالاکانە لەگەڵ ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی غەززە و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ خەڵکی مەدەنی غەززە.

لەمیانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەریش ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەدوای دامەزراندنی دەروازەیەکی مرۆییدایە بۆ گواستنەوەی هاوکاری بۆ دانیشتوانی غەززە.

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەریش ئەنتۆنی بلینکن پۆستێکی لە تۆڕی ئیکس سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر لە دەوحە بڵاوکردەوە و ستایشی هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

بلینکن باسی لەوەشکرد کە لەگەڵ ئەمیری قەتەر باسی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ئیسرائیل و ململانێی بەردەوامی ئیسرائیل و حەماسیان کردووە و هەوڵەکانی قەتەری بەرز نرخاندووە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی بارمتەکان.

ڕۆژی هەینی لە هەمان کاتدا کە ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکرد بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە عەممان لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و مەلیک عەبدوڵڵا شای ئوردنیش کۆبووەوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە بلینکن لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تەلئەبیب کۆبووەوە و وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی بزووتنەوەی حەماس، جەختی لەسەر ئەو پشتیوانییەکانی ئەمەریکا کردەوە بۆ ئیسرائیل.

بەحرەین و سعودیە دوو وڵاتی دیکەن کە بڕیارە بلینکن لەگەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانیان بکات.

XS
SM
MD
LG