بە گوێرەی هەواڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی ژن،ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی سەر بە حکومەت، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو بڵاویان کردووەتەوە کە ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتی کوردی پەیرەوەی ئایینی یارسان کە خەڵکی شاری سەحنەی کرماشانە، لە لایەن لقی 2ی دادگای تاوانەکانی کرماشان بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم هەواڵە نووسیوێتی "ساڵی ڕابردوو لە 18مانگی یازدە، 21مین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەید خەلیل عالی نەژاد هونەرمەندی ناودار و ڕێبەری کۆمەڵگەی یارسان لە شاری سەحنە بەڕێوەچوو کە لە ژێر کاریگەری ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا، ڕێوڕەسمکە بوو بە خۆپیشاندان و هێزە سەربازییەکان بە فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقاندنی فیشەک هێرشیان کردە سەر بەشداربووان و ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبووانی ئەو چالاکییەیان دەستگیرکرد. چەند ڕۆژێک دوای ئەو مەراسیمە ئاژانسە هەواڵییە حکومییەکان هەواڵی گیانلەدەستدانی نادر بەیرامی، بەرپرسی باڵای ئەمنی شاری سەحننەیان ڕاگەیاند."
ئەو رێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ دەلێت "هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، 24ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو ڕەزا ڕەسایی یەکێک لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە لە شاری شەهریار سەر بە پارێزگای تاران دەسبەسەر دەکەن و دەیگوازنەوە بۆ شاری سەحنە و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی دەدەن بۆ ئەوەی دان بە کوشتنی نادر بەیرامیدا بنێت."
ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی دادگاییکردنیدا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بە هۆی ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی ناچار بووە دانپێدانان لە دژی خۆی بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بووە، چیرۆکی ڕووداوەکەی بە وردەکارییەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە و دەڵێت "پێش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسی ساڵیادی خەلیل عالی نژاد، ئیتلاعات و سوپای پاسداران پەیوەندییان کردبوو بە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی شاری سەحنە کە لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشداری نەکەن، ڕەزا یەکێک لەو کەسانە بووە و وەڵامی نەداونەتەوە."
دەشڵێت " لە ڕێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەربە کوشتنی خۆپیشاندەران و یەکێک لە ئەندامانی سەر بە حکومەت لەگەڵ ژنێکی بەشداربووی ڕێوڕەسمەکە لەسەر ڕچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەبێتە شەڕیان و لەو کاتەشدا نادر بەیرامی خۆی تێکەڵ دەکات و بە سپرای بیبەر هێرش دەکاتە سەر خەڵکەکە."
ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت خەڵک بەو کارەی بەیرامی تووڕە بوون و لە کاتێکدا کەسێک هاواری کردووە کە هێزەکانی حکومەت و سوپا هێرشیان کردووە، خەڵکەکە بەیرامی دەگرن و لێدەدەن و بە برینداری بەجێیدەهێڵن.
بە وتەی ئەو شایەتحاڵە لە وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی دیمەنی ئەو شەڕەدا، ڕەزا لە هیچ کام لە فیلمەکاندا ئامادە نییە و دەڵێت ڕەزا کاتێک دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە کە بەیرامی نیوە گیان لەوێ کەوتووە و خەڵک لە دەوری کۆبوونەتەوە و سەیری دەکەن و ڕەزاش یەکێکە لەو خەڵکانە دەبێت کە دەچێت و سەیر دەکات."
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە " خەڵکێکی زۆر سەبارەت بەو دۆسیەیە دەستبەسەرکراون و بەشێکیشیان دانیان بەوەدا ناوە کە لە بەیرامیان داوە، بەڵام بەو پێیەی لێدانەکانیان کوشندە نەبووە، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. بەڵام دەزگای دادوەری و ئیتلاعاتی ئێران بڕیاریانداوە بکوژێک بۆ دۆسیەکە بدۆزنەوە و تۆڵەی لێ بکەینەوە و بەو پێیەش هەندێک لەو کەسانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون، وڵاتیان بەجێهێشتووە، بۆیە لەو نێوەدا ڕەزا بووە بە قوربانی و تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی نادر بەیرامی."
شایەتحاڵی ڕووداوەکە دەشڵیت "ئەگەر کەسێک نیازی کوشتنی کەسێکی هەبێت، هەوڵدەدات دەموچاوی خۆی داپۆشێت، بەڵام نە ڕەزا و نە ئەو کەسانەی گیراون ئەو کارەیان نەکردووە، چونکە نیازێکی وایان نەبووە."
هەنگاو لەم بارەیەوە نووسیوێتی دەرکردنی ئەو سزایە لە ژێر گوشاری سەرۆکی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەرچووە، ئەمەش سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە.