Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سعودیە: حەماس نوێنەرایەتی فەلەستینییەکان و خواستە ڕەواکانیان ناکات


وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و سعودیە له میانەی کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی شەممه 14ی مانگی 10 له ڕیاز، جەخت لە سەر گرنگی پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی له شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەنەوە.

ئەنتۆنی بلینکن لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی تاوتوێکردنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی فەلەستینی، سەردانی سعودیەی کردووە و لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان کۆبووەتەوە. ئەو لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی " نابێت چاوەڕوانی ئەوە بیت هیچ وڵاتێک بەرامبەر بە هێرشێکی لەو شێوەیەی کرایە سەر ئیسرائیل، لێبوردەیی نیشان بدات."

بلینکن گوتی وشەکان ناتوانن هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل وەسف بکەن کە تیایدا زیاتر لە هەزار و 300 کەس لە نێویاندا هاووڵاتیانی 30 وڵات گیانیان لەدەستدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە حەماس نوێنەرایەتی فەلەستینییەکان و خواستە ڕەواکانیان بۆ داهاتوو ناکات، بەڵکو "گرووپێکی تیرۆریستییە".

بلینکن گوتی "تەنها مەبەستی حەماس لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل و کوشتنی جووەکانە و گرنگە هەموو جیهان بەم شێوەیە سەیری حەماس بکات و بە بۆچوونی من ئەمە ساتێکی گرنگە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەخلاقی سەبارەت بە حەماس".

دیپلۆماتکاری باڵای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە لەکاتێکدا ئیسرائیل بەدوای مافی ڕەوای خۆیدا دەگەڕێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی و هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی شتێکی لەم شێوەیە، "زۆر گرنگە ئاگاداری هاوڵاتیانی مەدەنیش بین."

بلینکن گوتیشی "ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو لە غەززە و دروستکردنی ڕێڕەو بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەوەی بگاتە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی لە غەززە."

وتیشی "هیچ کام لە ئێمە نامانەوێت ببینین خەڵکی مەدەنی لە هیچ شوێنێکدا ئازار بچێژن، چ لە ئیسرائیل یان غەززە یان لە هەر شوێنێکی دیکە و ئێمە بە هەموو هێزمانەوە پێکەوە کاردەکەین بۆ پاراستنیان."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد بە هەمان شێوە گرنگە واشنتن و ڕیاز پێکەوە کاربکەن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ململانێکان بۆ شوێنەکانی دیکە و بەرەکانی دیکە.

فەیسەڵ بن فەرحانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاوکارییەکانیان بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش کرد و دۆخەکەی بە ناخ هەژێن و قورس ناوبرد و گوتی خەڵکی مەدەنی لە هەردوو لایەنەکە قوربانی سەرەکین.

دیپلۆماتکاری باڵاکەی سعودیە جەختی لە پێویستی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بە خێرایی کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە گرنگی بە کۆتاییهێنان بە سووڕی توندوتیژییەکان بدرێت.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەشی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تەلئەبیب کۆبووەوە و وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس، جەختی لەسەر ئەو پشتیوانییەکانی ئەمەریکا کردەوە و گوتی ئیسرائیل مافی بەرگریکردنی لە وڵاتەکەی هەیە.

XS
SM
MD
LG