Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە چین دەکات هاوکاری بکات بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە 14ی مانگی 10 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وانگ یی هاوتا چینییەکەی، داوای لە پەکین کرد هاوکاری بکات بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ناوچەکەدا.

مەتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ ڕیازی پایتەختی سعودیە پەیوەندی بە هاوتا چینییەکەیەوە کردووە و داوای لە پەکین کردووە کاریگەریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە حکومەت و گروپەکانی دیکە بکەن لەوەی بچنە ناو ململانێیەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە.

هەرچەندە میلەر لە زاری بلینکنەوە باسی هیچ حکومەت و گروپێکی بە دیاریکراوی نەکردووە، بەڵام حکومەتی چین پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە پاڵپشتی سەرەکی حزبوڵڵا و حەماس و جیهادی ئیسلامییە.

جگە لە کۆماری ئیسلامی، چین پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ حکومەتەکانی دیکەی ناوچەکە هەیە و زۆر کەس دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بە یەکێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی نفوزی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن.

میلەر ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر وەڵامەکەی وەزیری دەرەوەی چین بدات، بەڵام ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێی وایە سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی واشنتن و پەکیندایە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی هەینی 13ی مانگی دە ڕایگەیاند پەکین دژی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنییە و پشتیوانی لە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و بڵاوبوونەوەی.

سەرچاوە/فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG