وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هەوڵی داخستنی نووسینگە ناوخۆییەکانی کەناڵی ئەلجەزیرە دەدات و ئەو کەناڵەی قەتەر تۆمەتبار دەکات بە هاندانی لایەنگرانی حەماس و مەترسی خستنەسەر سەربازانی ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشکردن لە غەززەوە.
شلۆما کارهی گوتی پێشنیاری داخستنی نووسینگەی کەناڵی ئەلجەزیرە لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشی ئیسرائیل و شارەزایانی یاساییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و دواتر لە کابینەی وەزیران تاوتوێ دەکرێت.
نە ئەلجەزیرە و نە حکومەتی دۆحە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە.
کارهی بە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلی ڕاگەیاند "ئەمە کەناڵێکە خەڵک هاندەدات، وێستگەیەکە وێنەی سەربازەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی غەززە دەگرێت و هاندەرێکە دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی و قسەی پڕوپاگەندە بڵاودەکاتەوە. "
وتیشی ئەوە بێ ویژدانییە کە پەیامەکانی وتەبێژانی حەماس لەم وێستگەیەدا بڵاودەبنەوە، هیوادارم ئەمڕۆ کۆتایی بەمە بهێنین.