Accessibility links

پیاوێک لە ئەمەریکا منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی فەلەستینی بە چەقۆ دەکوژێت و دایکەکەی بریندار دەکات


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی ئەو منداڵە فەلەستینییە دەکات کە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن کەسێکەوە لە تاوانێکی ڕق و کینەدا بە چەقۆ کوژراوە.

سەرۆک بایدن دەڵێت "بیستنی هەواڵی کوشتنی دڕندانەی منداڵێک و هەوڵی کوشتنی دایکی منداڵەکە کە دوێنێ لە ویلایەتی ئیلینۆی ڕوویدا، هەواڵێکی دڵتەزێن و قێزون بوو بۆ من و جیل. بەشداری خەمی خێزانەکەین و دوعای خێریان بۆ دەکەین. ئەم کردەوە ڕق و کینەیە بەرامبەر بە خێزانێکی موسڵمانی فەلەستینی لە ئەمەریکا جێگەی نابێتەوە."

پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ بە ناوی جۆزێف چوبا لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بە تاوانی ڕق و کینە تۆمەتبار کرا، دوای ئەوەی منداڵێکی تەمەن 6 ساڵانی فەلەستینی بە چەقۆ کوشت و دایکەکەشی بە سەختی بریندار کرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی بەرپرسی ناوچەی (ویل کاونتی)، وەدیع ئەلفایۆمی، منداڵەکە 26 جار بە چەقۆیەکی سەربازی و دداندار لێدراوە، و دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

دایکی منداڵەکە کە تەمەنی 32 ساڵە و بە برینداری لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، تەندروستی بەرەو باشتر دەچێت.

بەرپرسەکە گوتیشی "لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە کە هەردوو قوربانی ئەم هێرشە دڕندانەیە، بەهۆی ئایینەکەیانەوە بووە کە موسڵمانن و وەک وەڵامێک بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کراونەتە ئامانج."

بە گوتەی ئەحمەد ڕێهابی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسلامی لە شیکاگۆ، لە کاتی هێرشەکەدا دایکەکە توانیویەتی پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکات.

ئەنجومەنەکە داوای کۆتاییهێنان بە "ڕەگەزپەرستی دژی موسڵمانەکان و فەلەستینییەکان دەکات کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە بڵاودەبنەوە."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG