Accessibility links

دەسەڵاتداران لە غەززە : بەهۆی هێرشێک بۆ سەر نەخۆشخانەیەک سەدان کەس دەکوژرێن


وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری غەززە کردووە و تیایدا سەدان کەس کوژراو و بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت هێرشێکی ئیسرائیلی یەکێک لە خوێندنگەکانیشی کردووەتە ئامانج کە وەکو پەناگە بەکاردێن.

کاربەدەستێکی وەزارەتی تەندروستی غەزە دەڵێت بەلایەنی کەم 500 کەس کوژراو و بریندار بوون.

بەڵام ئەڤیخای ئەدرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجام دابێت و دەڵێت "لەشکری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بەپێی زانیاری هەواڵگری و چەند سەرچاوەیەک کە زانیاریمان لێدەستکەوتووە، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەرپرسە لەو هێرشە موشەکییە شکستخواردووە کە لە نەخۆشخانەکەی داوە."

پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA ڕایگەیاندبوو کە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی لانیکەم شەش کەسی کوشتووە، دوای ئەوەی یەکێک لە قوتابخانەکانی کردە ئامانج کە ماوەیەکە وەک پەناگەیەک بۆ خەڵکی ئاوارە بەکاردەهێنرێت.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە غەززە دەڵێن، لە بۆردومانە توندەکەی ئیسرائیل کە ماوەی 11 ڕۆژە بەردەوامە، لانیکەم سێ هەزار کەس کوژراون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی دەکات و دەڵێت "نەخۆشخانەکە کارا بوو، نەخۆش و تیمی تەندروستی و چاودێرانی تێدابوو و ئاوارەکانیش پەنایان بۆ بردبوو. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە کوژراو و برینداربوونی سەدان کەس دەکەن."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت " ئەو نەخۆشخانەیە یەکێک بوو لەو 20 نەخۆشخانەیەی کە لە باکووری کەرتی غەززە ڕووبەڕووی فەرمانی چۆڵکردن بووەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئاسایشی ئێستا و بارودۆخی ناجێگیری زۆرێک لە نەخۆشەکان و نەبوونی ئەمبولانس و کارمەند و توانای قەرەوێڵەی سیستەمی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەی بەدیل بۆ ئەوانەی ئاوارە بوون، مەحاڵ بووە فەرمانی چۆڵکردن جێبەجێ بکرێت."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "داوای پاراستنی چالاکانەی دەستبەجێی هاووڵاتیانی مەدەنی و چاودێرانی تەندروستی دەکات. دەبێت فەرمانی چۆڵکردن هەڵوەشێتەوە. دەبێت یاسایی مرۆیی نێودەوڵەتی پەیڕەو بکرێت. ئەمەش واتە چاودێری تەندروستی دەبێت بە شێوەیەکی چالاکانە بپارێزرێت و هەرگیز نەکرێتە ئامانج."

ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکەی ئیسرائیل پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7 ی مانگی 10 چەکدارانی حەماس بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1300 هاووڵاتی سیڤیل و سەربازی ئیسرائیلی کوژران.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی تەندروستی حەماس ، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر حەوشەی ئەو نەخۆشخانەیەی کە خەڵکی سڤیل پەنایان بۆبردووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر وردەکارییەکان نییە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.

مەحمود عەباس بەرپرسی دەسەڵاتی فەلەستین سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ ئەو هێرشە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG