Accessibility links

چارەنووسی نادیاری چەند کوردێک کە بە تۆمەتی گواستنەوەی ئامێرەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد دەستبەسەر کراون


چەند مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنی چەند هاووڵاتیەکی کورد لە لایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێران لە بۆکان و بانە تێدەپەڕێت و بە گوێرەی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو چەند کەسە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بەو مەبەستە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ناوی دەستبەسەرکراوەکانی بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە ئەبوبەکر مامزادە، ئەحمەد مامزادە، جەوانمەرد مام خوسرەوی، سۆران قاسمی، جەلیل مولودی، ڕزگار بابامیری، کاوە ساڵحی و پژمان سولتانی و ئەو رێکخراوە نووسیوێتی لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە 5 مانگ لەدەستبەسەرکردنیان هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخی ئەو کەسانەوە دیار نییە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو 8 کەسە دوای دەستبەسەربوونیان، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندی ئاسایش و ئیتلاعاتی شاری ورمێ و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێش ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

شەماڵ مامزادە بۆکانی، برای دوو لەو دەستبەسەرکراوانە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت جیا لەو 8 کەسەی ئاماژە بە ناوەکانیان کراوە، دووکەسی دیکەش هەر لە پەیوەند بەو دۆسیەیەوە بە ناوەکانی تەیفوور سەلیمی بابامیری و هێمن کرمانج دەستبەسەر کراون.

لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان، بەڕێز شەماڵ مامزادە دەڵێت "ئەو کەسانە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و هەڵگرتنی چەک و گواستنەوەی ئامێری ستارلینکیان لە باشوورەوە بۆ ئێران دراوەتە پاڵ."

دەشڵێت "ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو کەسانە بێتاوانن و بە هیچ شێوەیەک دسەتیان لەو تۆمەتانەدا نییە کە دراوەتە پاڵیان."

شەماڵ مامزادە کە کوردی ئێرانە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، دەڵێت "دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، ئەمەریکا کۆمەڵێک ئامیڕی وەرگری ئینتەرنێت کە ستارلینکیان پێدەوترێت، دابیندەکات بۆ خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەی ئازادانە و بە بێ سانسۆر پێشێلکارییە مرۆییەکانی نێوخۆی ئێران بۆ دەرەوە بگوازننەوە و منیش یەکێک لەو کەسانە بووم کە لە ڕێگەی چەند کەسێکی تایبەتەوە هەوڵمدا ئەو ئامێرانە بگەیەنمە دەستی چالاکوانانی ناوخۆی کورد، بەڵام ئاسایشی ئێران ئاگادار بوونەوە و دەستیان بەسەر ئامێرەکاندا گرت و دوو برا و خۆشکەزایەکم و چەند کەسێکی دیکەشیان بەو هۆیەوە دەستبەسەرکرد."

دەشڵێت "جیا لەو ئەندامانەی بنەماڵەکەم، خۆشم وەک پەنابەرێک کە ڕووم لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە بەردەوامی ژیانم ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەیە و تەنانەت بە هۆی گوشارەکانی ئێرانەوە بۆ ڕادەستکردنەوەم، لەلایەن حکومەتی هەرێمیشەوە گوشارێکی زۆر خراوەتە سەرم."

شایانی باسە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا 23ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە پەیامێکی تویتەردا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنەکانی پشتیوانی لە ئازادی ئینتەرنێت و دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێت گیراوەتەبەر.

ئەنتۆنی بلینکن لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە مۆڵەتی گشتی بۆ باشترکردنی دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سانسۆرەی کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە سەپێنراوە، دەرچووە.

هەروەها ئیلان ماسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە وەڵامی پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە تۆڕی ستارلینک بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی چالاک کراوە.

بەرپرسانی ئێران پشتیوانی حکومەتی ئەمەریکایان بۆ چالاککردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە ئێران، بە "پێشێلکردنی سەروەری ئێران" ناوبردووە و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو جۆرە هەوڵانە بێ وەڵام نابن و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە تاکو ئێستا چەندین کەسیان لە پەیوەند بە هێنانی ستارلینک بۆ ناو ئێران دەستبەسەرکردووە.

XS
SM
MD
LG