Accessibility links

گۆتێرێس: هێرشە شەرمەزارکەرەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل پاساو نییە بۆ سزادانی بە کۆمەڵی فەلەستینییەکان


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "هێرشە شەرمەزارکەرەکەی حەماس" بۆ سەر ئیسرائیل "هەرگیز ناتوانێت پاساو بۆ سزادانی بە کۆمەڵی فەلەستینییەکان بهێنێتەوە".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ چاودێریکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، سەردانی میسری کردووە، لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی قاهیرە ڕایگەیاند کە دەبێت هەنگاو بنێن بۆ کۆتایی هێنان بەو خەونە ناخۆشە بەردەوامە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای ئاگربەستی مرۆیی کرد و بە ئاماژەدان بە هاتنی بارهەڵگرەکانی یارمەتی بۆ غەززە لە ڕەفەحەوە گوتی "غەززە پێویستی بە زیاتر لەمە هەیە."

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان، لەوانە نەخۆشخانە و قوتابخانە و شوێنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە بەرامبەر بۆردومانەکانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "چارەسەری "دوو دەوڵەتی" بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان "تاکە بنەمای واقیعییە بۆ ئاشتی و سەقامگیری ڕاستەقینە".

گۆتێرێس گوتی ئیسرائیلییەکان دەبێت پێداویستییە ڕەواکانی خۆیان بۆ ئاسایش دەستەبەر بکەن و فەلەستینییەکانیش دەبێ ئاواتە ڕەواکانیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بەدی بهێنن.

بە گوتەی گۆتێرێس، نەتەوە یەکگرتووەکان بە درێژایی کاتژمێرەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی 20 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە ڕۆژی شەممە 21ی ئۆکتۆبەر ڕۆیشتنە غەززە.

میسر ڕۆژی شەممە،21ی ئەم مانگە میوانداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی فەلەستینی حەماس لە غەززە.

سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی ئامادەبوو لە دانیشتنی لوتکەی ئاشتی، بۆردومانی دوو هەفتەیی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە شەرمەزار کرد و خوازیاری دووبارە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە سووڕی توندوتیژیی دەیان ساڵەی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بوون.

XS
SM
MD
LG