Accessibility links

چاودێران: گەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەری پێنەگیرێت ناوچەکە دەگرێتەوە


شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامی هەیە، بەڵام هێشتا سنورێ غەززەی بۆ وڵاتانی دەوروبەر تێنەپەڕاندووە، لەکاتێکدا هەردوو لایەنی شەڕکەر لە ڕووی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەوە پاڵپشتیان هەیە و هۆشداری لە تەشەنە سەندنی شەڕەکە دەدرێت.

ڕۆژی 7 ی ئەم مانگە، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ژمارەیەک ئیسرائیلی کوژران و برینداربوون و بەدیلگیران. ئیسرائیل لەوکاتەوە تا ئێستا هێرشی چڕی بۆ سەر غەززە و بزووتنەوەی حەماس دەستپێکردووە و بەو هۆیەوە هەزاران کەس کوژراون و برینداربوون.

دکتۆر رەعد رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، پێیوانییە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس درێژە بکێشێت، جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە نادەن شەڕەکە تەشەنە بسێنێت و وڵاتانی دەوروبەر بگرێتەوە.

دکتۆر رەعد رەفعەت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوام بێت، لایەنی تر دەبنە بەشێک لە شەڕەکەو وڵاتانی دونیاش تێوە دەگلێن لەو شەڕەدا، دواجار شەڕەکە لەدەست دەردەچێت."

ئەو وتیشی،"وڵاتانی زلهێز نایانەوێت شەڕی غەزە تەشەنە بکات، هەوڵدەدەن شەڕەکە سنوردار بکەن."

ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیسرائیل خستووەتەڕوو، لەکاتێکدا ئێران و هەندێکی تر لە وڵاتان دژی ئیسرائیلن و پاڵپشتی بزووتنەوەی حەماس دەکەن، هۆشداریش دەدەن لەبەردەوامیدان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

هەرچەندە ناو بەناو ئاڵۆزی لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان ڕوودەدات و سوریاش لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێت، بەڵام هێشتا شەڕەکە سنوری جوگرافیای غەزەو و ئیسرائیلی تێنەپەڕاندووە.

کەمال رەئوف، نوسەرو ڕۆژنامەنوس، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حەماس پێیوابوو بە گرتنی ژمارەیەک دیل دەستوپێی ئیسرائیل دەبەستێتەوە، بەڵام ئیسرائیل گوێی بەمە نەدا و نەیکردە کارتی گفتووگۆ."

کەمال رەئوف، دەڵێت،"گەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس سنوردار نەکرێت و بەری پێنەگیرێت، دۆخەکە سەردەکێشێت بۆ شەری هەرێمایەتی، هەرچەندە ئێران خۆی کۆنترۆڵکردووەو نەیهێشتووە حزبوڵا بەشداری راستەوخۆ بێت، بۆیە بەرەی حەماس لەم شەڕەدا ڕوو لە پاشەکشەیە."

هاوکات لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران لە ئیسرائیل لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر حەماس، گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق و یەمەن و سوریا، ماوەی چەند ڕۆژێکە سەرقاڵی بە ئامانج کردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکان لەناوچەکە.

گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە موشەکییەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە، هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانیش دەکەن، گەر ئەمەریکا پاڵپشتی ئیسرائیل بکات.

دکتۆر جەعفەر عەلی، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس درێژە بکێشێت، جەنگەکە سنوری جوگرافیای غەزە تێدەپەڕێنێت و ناوچەکە دەگرێتەوە."

هەرچەندە وڵاتان دابەشبوون بۆ سەر دووبەرەو بەشێکیان پاڵپشتی ئیسرائیل و هەندێکی تریان پشتیوانی حەماسن، بەڵام بەشێکی زۆر لە وڵاتانیش داوای ڕاگرتنی جەنگەکەو ڕێگرتن لە تەشەنە سەندنی دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:47 0:00

XS
SM
MD
LG