کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی ئەوروپایی لە قاهیرە سەبارەت بە قەیرانی غەززە، بەبێ ئەنجامێک لەبارەی ئاگربەستەوە کۆتایی پێهات.
سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە شەرمەزار کرد و نوێنەرانی ئەورووپاش جەختیان لەسەر پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل کردەوە.
میسر، میوانداری ئەو دیدارە، هیوای خواست کە نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار لەو لووتکەدا جەخت لەسەر ئاشتی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بکەنەوە، بەڵام سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لەو لوتکەیە، لەسەر یەک بەیاننامەی هاوبەش ڕێکنەکەوتن.
بەشێک لە دیپلۆماتکارانی بیانی بەشداری کۆبوونەوەی لوتکەی قاهیرە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە گەشبین نین بە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی ئاشتی لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە ئامادە دەکات.
لە کاتێکدا نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان جەختیان لە وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل کردووەتەوە، بەڵام نوێنەرانی وڵاتانی ئەورووپا هەڵوێستی نەرمیان هەبووە و جەختیان لە پێویستی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیلی غەززە کردووەتەوە.
شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل شەرمەزار کرد و خوازیاری ڕێبازێکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی بۆ ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل بوو. گوتیشی "ئەو پەیامەی جیهانی عەرەبی دەیبیستێت ئەوەیە کە ژیانی فەلەستینییەکان کەمتر لە ئیسرائیلییەکان گرنگە."
هەروەها مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، هۆشداریشی دا لە بەرامبەر ئەوەی کە ناوی لێنا "هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی خەڵکی غەززە لەو ناوچەیە" و ڕایگەیاند کە فەلەستینییەکان ئاوارە نابن و گوتی"ئێمە غەززە بەجێناهێڵین و ناچینە دەرەوە."
وڵاتانی عەرەبی نیگەرانن لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دانیشتوانی غەززە بۆ هەمیشە لە ماڵەکانیان ئاوارە بکات و تەنانەت بەرەو وڵاتانی دراوسێش کۆچیان پێبکات.
ئەمەریکا کە نزیکترین هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەکتەرێکی گرنگە لە هەموو هەوڵەکانی ڕابردووی ئاشتی لە ناوچەکەدا، تاکە بەرپرسی کاروباری خۆی لە قاهیرە ڕەوانەی کۆبوونەوەکە کردبوو بەبێ ئەوەی قسە بکات.
چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەو لوتکەیە "گوێگرتنە لە قسەکانی یەکتر" و گوتی پێویستە فەلەستین و ئیسرائیل زیاتر پێکەوە کاربکەن.
ئیسرائیل دەڵێت دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس ئەو گروپە دەسڕێتەوە و لەناویان دەبات.
مەبەست لەو کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی چۆنیەتی پێشگیری لە شەڕێکی ناوچەیی فراوانتر بوو. بەڵام دیپلۆماتکاران دەیانزانی ڕێککەوتنی گشتی قورس دەبێت، ئەمەش بەهۆی هەستیارییەکانەوە لەسەر داوای ئاگربەست.
سەچاوە/ڕۆیتەرز