Accessibility links

ڕزگاربووانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان ڕووبەڕووی لێکەوتەی تەندروستی دەبنەوە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات کە دەیان هەزار ڕزگاربووی ئەو زنجیرە بوومەلەرزە بەهێزەی لە 7 بۆ 15ی مانگی دە ویلایەتی هیراتی ڕۆژئاوای ئەفغانستانی گرتەوە، پێویستی زۆریان بە هاوکاری مرۆیی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەیە.

ئاڵا ئەبوزەید، سەرۆکی تیمی فریاگوزاری تەندروستی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەفغانستان دەڵێت: "من خۆم بینیومە کە چۆن ئەم بوومەلەرزانە چەندین گوندی تەخت کردووە و هەزاران کەسی ئاوارە کردووە و زۆرێک لە خێزانەکان پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە".

ئاڵا ڕۆژی هەینی لە کابول وتی: زیاتر لە 114 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاری تەندروستی بەپەلە هەیە. "کاریگەرییە تەندروستییەکانی سەرسوڕهێنەرن."

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین زیانلێکەوتووی ئەم کارەساتە ژنان، کچان، منداڵان و بەساڵاچووانن، کە "زیاتر لە 90%ی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەکان پێکدەهێنن". "زۆرێک لە منداڵانیش بێ دایک و باوک ماونەتەوە".

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، کە بە OCHA ناسراوە لە ڕاپۆرتێدا دەڵێت بوومەلەرزەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر زیاتر لە 66 هەزار کەس هەبووە نزیکەی 1500 کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 2000 کە بریندار بوون، لانیکەم 3700 ماڵ وێران بوون و 21300 باڵەخانە و خانووی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.

بەپێی هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لانیکەم 40 دامەزراوەی تەندروستی لە 9 هەرێمدا زیانیان بەرکەوتووە و لە ئەنجامدا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ 580 هەزار کەس پەکیان کەوتووە.

XS
SM
MD
LG