Accessibility links

کوێستان محەمەد: ماددەی هۆشبەر لە هەرێم بڵاوبووەتەوە و منداڵی 9 ساڵ لە نێو ئالودە بوواندایە


وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، یەک لەسەر پێنجی سزادراوان و ڕاگیراوانی نێو گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە سزادراون و دەستگیرکراون.

جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، لە سلێمانی و هەولێر هەندێک لە منداڵان ئالودەی مادەی هۆشبەر بوون، بە شێوەیەک لەنێو ئالودەبوواندا منداڵی تەمەن 9 ساڵی تێدایە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئامارەکان دەرخەری زیادبوونی بەکارهێنەر و بازرگانیکردنن بە ماددەی هۆشبەر، بە جۆرێک یەک لەسەر پێنجی سزادراون و دەستگیرکراون لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزادران و ڕاگیراون."

هەروەها وتیشی،"ئامارەکان مەترسیدارن، پێویستە بەزووترین کات کار بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگرتن لە هێنان و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بکرێت."

ناو بەناو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی بازرگانانی مادەی هۆشبەر ڕادەگەیەنن، بەشێوەیەک هەندێک لەو بازرگانانە بەدەیان و سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەریان پێوە گیراوە.

سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێم دەڵێن، عێراق و هەرێمی کوردستان بوونەتە ڕێڕەوی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە وڵاتانی ئاسیاوە بۆ ئەوروپا، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر زیاتر بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەناوخۆی هەرێم و عێراق.

ئەمە جگە لەوەی هەرێم و عێراق دراوسێی ئەو وڵاتانەن کە مادەی هۆشبەریان بەتەواوەتی تێدا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە مادەی هۆشبەر بە ئاسانی بگاتە عێراق و هەرێم.

ئەو بڕە زۆرەی مادەی هۆشبەر کە ناوبەناو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، گومانی ئەوەیان لای هاوڵاتییان دروستکردووە، دەستی گەورە لە پشت بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرەوە بێت.

کوێستان محەمەد، دەڵێت،"وەزیری ناوخۆ باسیلەوەکرد، هەرێم بە حوکمی جوگرافیاکەی بووەتە ڕێڕەو بۆ هێنان و بردنی مادەی هۆشبەر."

ئەو تیشی،"هێنانی مادەی هۆشبەر بەو بڕە زۆرە، بە دڵنیاییەوە مافیاو خەڵکی گەورەی لە پشتەوەیە، ئەگینا خەڵکی ئاسایی ناتوانێت بازرگانی بە بڕی زۆرەوە بکات و پارەی ئەو بڕە زۆرە مادەیەشی پێ نییە."

هەفتەی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە شاری هەولێر ئەنجامدا. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەو کۆنفرانسەدا، ڕایگەیاند،"بەرزبوونەوەی ڕێژەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر زەنگێکی مەترسیدارە. حکومەت کار لەسەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەکات."

بەپێی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) ی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو کارتێکەرە عەقڵییەکان، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، بازرگانی مادەی هۆشبەر سزاکەی کەمتر نییە لە 15 ساڵ، بەڵام سزای بەکارهێنەر کەمترەو دەگاتە 5 ساڵ زیندانیکردن.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، هەماهەنگییەکی زۆر لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و توندوتۆڵکردنی سنورەکان دروستبووە.

کوێستان محەمەد وتی،"گەر دۆخی مادەی هۆشبەر بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، مەترسی گەورە لەسەر هەرێم دروست دەکات، مەترسییەکەی لە تیرۆر گەورە ترە."

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، دەڵێت،"بەپێی زانیارییەکان، منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ ئالودەی مادەی هۆشبەر بوون. زانیاریشمان پێگەیشتووە لە سلێمانی و هەولێر منداڵی 9 ساڵ لە نێو ئالودەبوواندایە، گەر دۆخەکە وا بڕوات کارەساتی گەورەتر بەڕێگەوەیە."

پێشتر، ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەر لە شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو،"مادەی هۆشبەر لەناوچە کێشە لەسەرەکان گەیشتووەتە ناوەندەکانی خوێندن، بەجۆرێک خوێندکار هەبووە هەموو پارەی ماڵەوەی بردووەو لە کڕینی مادەی هۆشبەردا خەرجیکردووە."

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم پێیوایە، مادەی هۆشبەر بە تۆن دەهێنرێتە هەرێم، بۆیە دەستخستنی قورس نییە،دەڵێت،"ئەو منداڵانەی ئالودە دەبن، ڕەنگە باوک یانی دایکیان ئالودە بن. وەکو زانیاریش پێمانگەیشتووە، لە هەندێک لە ناوەندەکانی خوێندنیش مادەی هۆشبەر کڕین و فرۆشتن و دەستاو دەستی پێدەکرێت."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو جۆرانەی مادەی هۆشبەر کە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، بریتین لە کریستاڵ، هیرۆیین، حەشیش، تریاک، حەبی بێهۆشکەرو چەند جۆرێکی تر لە مادەی هۆشبەر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:53 0:00

XS
SM
MD
LG