کارمەندێکی فریاگوزاری و دوو سەرچاوەی ئاسایشی ڕایانگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، سێهەم کاروانی هاوکارییەکان لە میسرەوە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەح گەیشتە کەرتی غەززە.
گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێکرد، دوای ناکۆکی لەسەر ڕێکارەکانی پشکنینی یارمەتییەکان و هەروەها بۆردومانەکان لە غەززە، کە بووە هۆی وەستانی گواستنەوەی پێداویستییە فریاگوزارییەکان.
ڕەفەح دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ تێپەڕبوونی هاوکارییەکان بۆ غەززە کە هاوسنووری ئیسرائیل نییە. لەوەتەی ئیسرائیل "گەمارۆیەکی تەواو"ی بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندوە لە تۆڵەی هێرشێکی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی مانگی دەدا، دەروازەی ڕەفەح بووەتە تاکە ڕێگە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان.
هەردوو ڕۆژی شەممە و یەکشەممە 34 بارهەڵگر لەو ڕێگەیەوە بارەکانیان گەیاندووەتە غەززە. کارمەندانی فریاگوزاری و سەرچاوە ئاسایشییەکان ڕایانگەیاند، ژمارەی بارهەڵگرەکانی ناو کاروانەکەی ڕۆژی دووشەممە هاوشێوەی ڕۆژانی پێشوو بووە.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕۆژانە نزیکەی 100 بارهەڵگر پێویستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ غەززە کە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز