فەرماندەی هێزێکی پێشمەرگە لە نزیک سنوری مەخموور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند چیای قەرەچوخ ڕۆڵی "شورا" دەبینێت بۆ پاراستنی پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، 22ی مانگی دەی 2023، لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەند خاڵێکی سەربازی ناوچەکە، دوای چۆڵکردنیان لەلایەن پەکەکە، شەڕ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ڕوویدا و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەم دوو پێشمەرگە و دوو سەربازی عێراقی کوژران.
غازی فەیسەڵ، کە فەرماندەی هێزێکی پێشمەرگەی خۆبەخشە لە سنوری زنجیرە چیای قەرەچوخ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "چیای قەرەچۆخ تاکە چیای هەرێمی کوردستانە کە لەسەر سنورە لە ناوچەی قەراج و کەندیناوا و زۆر زاڵە بەسەر ناوچەی کەندیناوا و دیبەگە و مەخمور. شوێنێکی ستراتیژی سەربازی زۆر زۆر گرنگە بەڕاستی. هەر هێزێک لەسەر ئەو شاخە بێت ئەو زاڵدەبێت بەسەر ناوچەکە و ئەو زنجیرە چیایە وەکو شورایەک وایە بۆ شاری هەولێر."
غازی فەیسەڵ گوتیشی، "هەبوونی سوپای عێراقی لەسەر ڕەبایەکانی ئەو شاخە هاوکاری دەبێت بۆ ئەوەی زاڵببێت بەسەر ناوچەی کەندیناوا و شوێنی پێشمەرگە، وە هەروەها زاڵدەبێت بەسەر کەمپی ئاوارەکانی باکور. ناوچەیەکی سەربازی گرنگە چونکە سێ قوتکەی بەرزن کە لەڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە کاریگەری زۆریان هەیە."
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ڕۆژی 19/10 کشانەوەی هێزەکانی لە مەخمورەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە ڕاگەیاند. نەپەگە هۆکاری کشانەوەکەی بۆ بنەمای فکری خۆیان و تەواوبوونی شەڕی داعش گێڕایەوە، لە کاتێکدا چاودێران دەڵێن بەهۆی فشارەکانی تورکیا بووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە قەزای مەخمور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، گەریلاکانی پەکەکە پێشوەخت هیچکام لە سوپای عێراق و پێشمەرگەیان ئاگادار نەکردووەتەوە لە بە جێهێشتنی خاڵە سەربازییەکانی سەر چیای قەرەچوخ..
سەرچاوە سەربازییەکەی مەخمور کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەفتەی ڕابردوو گەریلاکانی پەکەکە بە نهێنی لە سێ خاڵی سەربازی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور کشاونەتەوە بۆ قەندیل. هۆکاری کشانەوەکەشیان بە نهێنی بۆ خۆپاراستن بوو لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی."
سەرچاوەکە، وتیشی،"پەکەکە 8 کاتژمێر دوای کشانەوەیان لە نزیک کەمپی مەخمور، ئینجا سوپای عێراقیان لە کشانەوە و بەجێهێشتنی خاڵە سەربازییەکان ئاگادارکردووەتەوە."
هەندێک لەو سەرچاوانەی زانیارییان دایە دەنگی ئەمەریکا، ژمارەی چەکدارەکانی پەکەکەیان لە نزیک کەمپی مەخمور بە 45 چەکدار مەزەندەکرد. بەڵام هەندێکی تر لە سەرچاوەکان دەڵێن ژمارەکە لەوە زیاترە و نزیکەی 100 چەکداربوون، بەڵام بە نهێنی لەناوچەکەدا بوون.
غازی فەیسەڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەرجی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی کەمپەکە لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هێرشی داعش، ڕادەستکردنی خاڵە سەربازییەکانی دەوروبەری کەمپەکە بوو بە سوپا، کە گەریلای پەکەکەیان تێدابوو. ئەوەبوو خاڵە سەربازییەکانی باکور و باشور و ڕۆژاوای کەمپەکەیان ڕادەستی سوپا کرد، بەڵام سێ خاڵی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کەمپەکە لای پەکەکە مانەوە."
ئەو هێزەی پەکەکە کە لە ڕۆژی 19ی ئەم مانگە لە دەوروبەری کەمپی مەخمور کشانەوە بەرەو قەندیل، لە ساڵی 2014ەوە و لە کاتی شەڕی داعشەوە لەو ناوچەیە جێگیربوون، بە پاساوی پاراستنی دانیشتوانی کەمپەکە لە هێرشی داعش.
غازی فەیسەڵ، وتی، "سەرباری ڕادەستکردنی سێ دیوی دەوروبەری کەمپەکە بە سوپای عێراق، کەچی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەردەوامبوو لە بۆردومانکردنی کەمپەکە، بۆیە نوێنەری دانیشتوانی کەمپەکە جارێکی تر هانایان بۆ عێراق بردەوە. عێراق داوای ڕادەستکردنی دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپەکەشی کرد، دانیشتوانی کەمپەکە بە دوو مەرج ڕازیبوون."
سەبارەت بە مەرجی دانیشتوانی کەمپی مەخمور بۆ ڕادەستکردنی خاڵە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کەمپەکە بە سوپای عێراق، غازی فەیسەڵ دەڵێت، "مەرجی یەکەمیان بریتی بوو لەوەی نابێت ئەو خاڵە سەربازییانە ڕادەستی پێشمەرگە بکرێن، کە پەکەکە جێیاندەهێڵێت، چونکە هێزی پێشمەرگەی پارتی لە سنورەکەیە. ڕێگەش نەدرێ چیتر بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان لێیان بدرێت، عێراق بەمە ڕازیبوو."
کەمپی مەخمور، کەمپی ڕۆستەم جودیشی پێدەوترێت، دانیشتوانەکەی کوردی کوردستانی تورکیان و ژمارەیان بە 10 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. کەمپەکە لە ساڵی 1998 دروستکراوە.
فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە، ئەرکی حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانە بیانپارێزێت."
کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لەو سێ خاڵە سەربازییەی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور، ناکۆکی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا دروستکرد، بەو پێیەی خاڵە سەربازییەکان 600 مەتر لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە دوورن و پێشمەرگە هەوڵیدا ئەو خاڵانە بەهێزی خۆی پڕ بکاتەوە.
سوپای عێراقیش پێداگیربوو لەسەر بردنی هێز بۆ ئەو سێ خاڵە سەربازییەی کە پەکەکە لێیکشابووەوە، هەرچەندە ئەم خاڵە سەربازییانە نزیکەی کیلۆمەترو نیوێک لە سەنگەرەکانی سوپاوە دووربوون، تا دواجار ئاڵۆزی و بارگرژی لەنێوان هەردوولادا سەریهەڵدا.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە، لەسەر ئەو سێ خاڵە سەربازییە، پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە زنجیرە چیای قەرەچوغ ڕوویدا. لە پێکدادانەکەدا عەقیدی پێشمەرگە قەهار جەوهەر قەهار و پێشمەرگە هاوڕێ جەوهەر رەحمان گیانیان لەدەستدا. هەروەها 2 سەربازی عێراقی گیانیان لەدەستدا، سەرەڕای برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و سەربازی عێراقی.
بەپێی وتەی غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزە خۆبەخشەکەی زنجیرە چیای قەرەچوغ، چوار ڕۆژ لەمەوبەر کاتێک عێراق خاڵە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخموری کۆنترۆڵکردووە و هێزی لە جێگەی پەکەکە جێگیرکردووە، هێزەکانی پێشمەرگە نیگەرانبوون، داوای چۆڵکردنی خاڵە سەربازییەکانیان کردووە، بەبیانووی ئەوەی دەکەونە سنوری پێشمەرگەوە.
غازی فەیسەڵ، وتی،"چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان پێشمەرگە و سوپا ڕوویدا لەسەر ئەو خاڵە سەربازییانە، بەڵام نەگەشتنە ڕێککەوتن. تا دواجار دوێنێ یەکشەمە پێکدادان ڕوویدا و پێشمەرگە لەو سێ خاڵە سەربازییە، دوو خاڵی کۆنترۆڵکردەوە، بەڵام دواتر کشایەوە لێیان."
هاوکات لەگەڵ بارگرژی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای دان بەخۆداگرتنی لە هێزە عێراقییەکان و هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی کرد، هەروەها بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکیش لەسەر هۆکاری بارگرژییەکان. هاوکات وەزارەتی پێشمەرگەش لە ڕاگەیەنراوێکدا، پابەندبوونی خۆی بەکارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە.
لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، جگە لەوەی جەختی لەسەر هێوربوونەوەی بارودۆخی مەخمورد کرد، ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات.
هاوکات غازی فەیسەڵ، وتی،"لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق هاتوونەتە مەخمور، تا بزانن مافی کام هێزە سێ خاڵە سەربازییە ناکۆکی لەسەرەکان پڕ بکاتەوە."
زنجیرە چیای قەرەچوخ، بە زنجیرە چیایەکی ستراتیژی لە ڕووی سەربازییەوە دادەنرێت، لای باشوری ڕۆژاوای زنجیرە چیاکە، گردەکانی زورگەزراو و کەندێناوایە، لای ڕۆژهەڵاتیشی سنوری دەشتی هەولێرە.