Accessibility links

یاسین تەها: گروپە چەکدارەکان هیچ حسابێک بۆ حکومەتەکەی سودانی ناکەن لە موشەک بارانکردنی بنکەکانی ئەمەریکا


سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەم هەفتەیە داوای لە هێزە سەربازییەکان کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە چەکردارانەی کە هێرشدەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق. بەڵام سەرەڕای داواکەی، چاودێرانی سیاسی دەڵێن حکومەتی عێراق هیچ ڕێوشوێنێکی سەربازی و یاسایی بەرامبەر بەو گروپانە بۆ ناگیرێتە بەر، بەو پێیەی ئەو گروپانە فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن.

یاسین تەها، نوسەرو چاودێری سیاسی، لە بارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر بەو گروپە چەکدارانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق کاتێک هەڕەشەی قەبوڵنەکردنی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە گروپە چەکدارەکان دەکات، ئەمە هەڵوێستێکی دبلۆماسییەو دەبێت وابڵێت. ئەگینا هەڵوێستی کرداری بەرامبەر بەو گروپانە بۆ ناگیرێتە بەر، چونکە گروپەکان هیچ پرس بە حکومەت ناکەن و سەرچاوەی بڕیار و ئاراستەکردنیان ئێرانە."

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا، گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران چەندین جار سەربازگەی عەینولئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار و فرۆکەخانەی هەریریان لە هەولێر موشەک بارانکردووە، کە هێزەکانی ئەمەریکایان تێدایە.

گروپە چەکدارە شیعەکان کە ناوی بەرەی "موقاوەمە" یان لە خۆیان ناوە، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکان ڕاگەیاندووە.

لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، "فەرمان بە دەزگا ئەمنییەکان کراوە بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشکردنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانانەوە بن."

یاسین تەها دەڵێت، "حکومەتی عێراق بڕیاری شەڕی نەداوە و لە زۆر شتدا پەیوەستە بە ئەمەریکاوە، بەڵام گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەوڵەت و پەرلەمان بڕیار دەدەن، ئەگینا شەڕ بەپێی یاسا و دەستور ڕێوشوێنی خۆی هەیە."

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەل عەرەبی جەدید، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵەکانی ڕۆژی یەکشەمە و دووشەمەی ڕابردوو شکشتیهێناوە بۆ ڕازیکردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران تا هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕابگرن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، دوێنێ دووشەمە، وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییان بە سودانییەوە کردووە، جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی هەوڵە هاوبەشەکان کردووەتەوە لە پێناو زامنکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و فراوان نەبوونی گۆڕەپانی ململانێکان.

پاساوی گروپە چەکدارە شیعەکان لە بە ئامانج گرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، پاڵپشتیکردنی ئیسرائیلە لە بەردەوامیدان بە هێرشەکانی سەر کەرتی غەزە، لە کاردانەوەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە.

یاسین تەها پێیوایە موشەک بارانکردنی بنکەکانی ئەمەریکا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران پەیامە، نەک ڕاگەیاندنی جەنگ. دەڵێت، "پەیامی پشت هێرشە موشەکییەکان ئامادەیی نیشاندانی ئەو گروپانەیە بۆ شەڕ لە حاڵەتی فراوانبوونی جەنگی غەزەدا."

ئەو پێیوایە فشارێکی زۆر لەسەر ئێران هەیە "وەکو سەر گەورەی موقاوەمە." هەروەها دەڵێت، "فشارەکان بەو ئاراستەیەن هێرشی چڕی ئیسرایل بەردەوامە و ئێران تۆ چیت پێدەکرێت. بۆیە موشەکەکان هەڵوێستی ئەزعەفولئیمانی ئێرانن. ئەوانەی موشەک دەهاوێژن وەلائییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانن."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "دوو دڵ نابین لە بەکارهێنانی هێز دژی هەر ڕێکخراو و وڵاتێک، هەوڵی فراوانکردنی ململانێکان بدات لە خۆر هەڵاتی ناوەڕاست." هاوکات ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری بەرگریش هۆشداریدا لە ئاڵۆزبوونی ململانێکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی ڕەفتاری گروپە هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە.

بە بڕوای یاسین تەهای چاودێری سیاسی، هێرشی موشەکی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا هێرشی سادەن، بەڵام گەر هێرشەکان زیان بە ئەمەریکا بگەیەنن، ئەوا هەوڵوێستی ئەمەریکایان بەدوادا دێت.

یاسین تەها، وتی، "دوای غەزە، لوبنان و سوریا کراوەن بۆ ئاڵۆزی و بەرپابوونی جەنگ، چونکە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەو دوو وڵاتە کۆبوونەتەوە. ڕەنگە تۆڵەی ئەمەریکا لەگروپەکان لە سوریا و قائیم بێت."

لەگەڵ هۆشداری بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئێران بۆ هەوڵنەدان بە ئاراستەی فراوانکردنی گۆڕەپانی ململانێکان، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەبەرامبەردا هۆشداریدایە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لەکۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە ڕانەگیرێت.

گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش لە عێراق و سوریا و لوبنان هەماهەنگی نێوانیان توندۆڵکردووە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاو دەبنەوە، ئەو گروپانە بەردەوام سەرقاڵی کۆبوونەوە و خۆ ئامادەکردنن بۆ ڕوودانی هەر پێشهاتێکی دەرئەنجامی شەڕی غەزە.

یاسین تەها ڕوونیکردەوە، هاتووچۆکردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ لای یەکتری هەوڵێکە تا بیسەلمێنن، پابەند نابن بە سنورەوەو لە هەرکوێ پێویست بێت ئامادەن بۆ شەڕ. دەڵێت، "سنوربەزاندنی گروپەکان میراتێکە و لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە بۆیان ماوتەوە. ئەمە پێیدەوترێت هێڵی ئیمام و پەیوەست نابن بە سنورەوە."

هەروەها دەڵێت، "گەر حەماس تێکبشکێت، سیناریۆیەکی خراپە بۆ گروپە شیعەکان و نۆرەی ئەمانیش دێت، چونکە ئەم گروپانە شوران بۆ یەکتری. بۆیە ئەم گروپانە لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدان و چارەنوسیان چارەنوسی حەماسە. بۆیە کەوتوونەتە جوڵە."

سەباری هەڕەشەکانی ئێران و گروپە نزیکەکان لێی لە ئیسرائیل لە حاڵەتی بەردەوامیدان بە هێرشەکانی بۆ سەر غەزە، بەڵام هێشتا سنوری جوگرافیای جەنگ بەرفراوان نەبووە، هەرچەندە ناو بەناو لە سنورەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان ئاڵۆزی ڕوودەدات.

یاسین تەها پێیوایە، گەر شەڕەکە بە لێدان لە بزووتنەوەی حەماس و کشانەوەی ئیسرائیل کۆتایی بێت، ئەوا ئێران بەشداری ڕاستەوخۆی لەو شەڕەدا نابێت، چونکە تێچووی بەشداریکردنی لەو شەڕەدا زۆر قورسە. بەڵام گەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئێران ناچارە نیمچە بەشدارییەک بکات لەو جەنگەدا.

ئەو دەڵێت، "بەشداریکردنی شەڕ بۆ حزبوڵاش ئاسان نییە، چونکە لوبنان ژێر خانە ئابوورییەکەی ڕووخاوە و وەکو غەزەی لێدێت. خەڵکەکەشی هەموو جۆرە پێکهاتەیەکی تێدایە و ڕازی نابن باڵە ئێرانییەکە دووچاری شەڕیان بکات."

XS
SM
MD
LG