Accessibility links

ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا: بەهۆی خراپی دۆخی زیندانی سلێمانی دوو شەو لەسەرلا خەوتم بەڵام مامەڵەی خراپم لەگەڵ نەکراوە


جەمال عەبدوڵا
جەمال عەبدوڵا

لە دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا ئەمڕۆ دوای ئازادکردنی ڕایدەگەیەنێت، دەستگیرکردنی بە فەرمانی دادوەر لەسەر دۆسیەیەک ڕەخنەگرتن بووە لە گروپێکی گرێدراو بە بزووتنەوەی گۆڕان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا کە 12 ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە. ئەو دەڵێت نە پۆلیس و نە دادگای سلێمانی مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا نەکردووە، تەنها ناڕازیە لە دۆخی بێ خزمەتی ناو زیندانەکان.

جەمال عەبدوڵا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من هیچ خراپیەکم هەست پێنەکردووە لەلایەن پۆلیس و لە ناو زیندانیشدا بەرامبەر بە خۆم. بەڵام هۆڵی زیندانەکە بەڕاستی زۆر خراپە لە ڕووی خەدەمات و خزمەتگوزاریەوە. من خۆم لە هۆڵێکدا بووم 24 یان 30 مەتر چوارگۆشە بوو وە 80 بۆ 90 کەسی تێدا بوو کەدەبێت لەسەر لا بخەویت. من دوو شەو لەسەر لا خەوتووم."

ڕۆژی 23-10-2023 نوسەر و ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا لە دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵایەک دەستگیر کرا و دەستگیرکردنەکەی هاوکات بوو لەگەڵ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی تری دەزگای باسنیوز بە ناوی عیماد بیلال.

ئەمەش کاردانەوەی زۆری میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێوەیەک بەشیک لە میدیاکان بە کێشەی سیاسی و بەشێکی تر بە دۆسیەی کۆمەڵایەتی لێکدانەوەیان بۆ کرد.

دوای ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس، بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوای دەستگیرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس بەدواداچوونیان کردووە و دەرکەوتووە لە پۆلیس ڕاگیراون لە نزیکەوە دانیشتوون لەگەڵیاندا، بۆیان دەرکەوتووە دۆسیەکەیان دۆسیەکەیان سیاسی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتیە و پەیوەندی نییە بە کاری ڕاگەیاند و ئازادی ڕۆژنامەوانیەوە.

جەمال عەبدوڵا سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دۆسیەکەی من هی ساڵی 2013 یە و ئەسڵەکەی دەگەڕیتەوە بۆ 2011 کاتێک من چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ڕۆژنامەوانیم کردووە، بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەی سلێمانیم باسکردووە. لە ناو چاوپێکەوتنەکە من وتوومە، خۆپیشاندان و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە بەرژەوەندی خەڵک نییە، جۆرێکە لە پاشا گەردانی، خەڵک سودی لێناکات و دۆخەکە ناجێگیر دەکات، بارودۆخی ئابوریش خراپتر دەکات، وە ئەوە سراعێکی حزبییە لەو شارە، سراعێک نییە لەسەر بەرژەوەندی خەڵک."

وتیشی،"لە گفتووگۆکەمدا ئاماژەم بە گروپێک کردبوو کە ئەو گروپە ئەوکاتە لینکیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبوو."

لەسەر دۆسیەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس عیماد بیلالیش دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی کرد بەو ڕۆژنامەنووسەوە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

بە وتەی جەمال عەبدوڵا، دوو ساڵ دوای تێپەڕبوونی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکەدا، لە چێشتخانەیەکدا شەڕ دروستدەبێت لە نێوان جەمال عەبدوڵا و ئەو کەسەدا و دواتر ئەو کەسەش داوای یاسایی لەسەر جەماڵ عەبدوڵا تۆمار دەکات. بەڵام دوای چەند جارێک دانیشتن دۆسیەکە ناگاتە ئەنجام و بە کراوەیی دەمێنێتەوە، تا ئەو نوسەرە لە 23ی مانگی 10 ی 2023 دەچێتە دادگا بە هۆی دۆسیەیەکی ترەوە، لەوێ پێی ڕادەگەیەندرێت کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە بە هۆی ئەو دۆسیە کۆنەوە.

ڕایگەیاند، "بۆ دۆسیەکەم چەند جارێک چوومە دادگا، چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەڵام جەنابی دادوەر وتی، سکاڵاکار نایەت پەلە مەکە، ئێمە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سکاڵاکار دەردەکەین بزانین بۆ نایەت بۆ جەلسەکان، پێیان وتم بڕۆرەوە بۆ هەولێر بۆ مالی خۆت هەتا ئێمە ئاگادارت دەکەینەوە بە فەرمی لەلایەن دادگای جینایەتی سلێمانی. کاتێک چووم بۆ چاودێری کەیسێکی تری خۆم، پێیان وتم فەرمانی دەستگیرکردنم هەیە. دادوەر پێی وتم کە لەسەر کەیسەکەی ساڵی 2013 یە."

هەرێمی کوردستان بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر دەبێتەوە لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بەرتەسکردنەوەی ڕای ئازاد. لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندین ڕاپۆرتی جیهانی لەو بارەیەوە دراوەتە حکومەت و دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

بەڵام جەمال عەبدوڵا دەڵێت مامەڵەی نەگونجاوی لەگەڵدا نەکراوە و پێشێلکاری بەرامبەر نەکراوە.

دەشڵێت،"ڕاستە مەرج نییە ئیهانە هەر بە شەق و لێیان و جنێو بێت و ئەوەشم نەدیوە لە هۆڵەکە بێڕێزیم بەرامبەر نەکراوە، بەڵام بچووکی جێگەکە جۆرێکە لە ئیهانە بە مرۆڤ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00

XS
SM
MD
LG