Accessibility links

لە ڕووداوی تەقەکردندا لە شارۆچکەیەکی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا 22 کەس کوژران


کاربەدەستان لە شارۆچکەی لوستن لە ویلایەتی مەین دەڵێن چەکدارێک لە چەند شوێنێکی گشتی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە خەڵک کردووە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 22 کەس کوژراون و نزیکەی 60 کەسی دیکە برینداربوون.

پۆلیسی شارۆچکەکە شەوی چوارشەممە لە ڕێگەی فەیسبوکەکەی ڕایگەیاند تەقەکردنێک لە شوێنێکی یاری بوڵینگ بە ناوی (Schemengees and Sparetime Recreation) ڕوویداوە، بۆیە داوا لە خەڵکی دەکەن لەو شوێنە دوربکەونەوە و ڕێگە بە کارمەندانی فریاکەوتن بدەن قوربانییەکان بەرەو نەخۆشخانە بەرن.

کاربەدەستان دەڵێن تەقەکردنەکە لە نزیک کاتژمێر 7:15 ی ئێوارە دەستیپێکرد و پاشان هەواڵ هات لە ڕێستورانتێک بە ناوی (Schemengees Bar & Grille) کە نزیکەی 6 کیلۆمەتر لە باشوری شوێنی یاری بۆڵینگەکەیە ڕووداوی تەقەکردنێکی دیکە ڕووی‌داوە. دواتر لە کاتژمێر 8:15 ی شەو و لە دوری نزیکەی 2 کیلۆمەتر لە باشوری ڕێستورانتەکە و لە سەنتەرێکی دابەشکردنی کاڵاکانی بازاڕێکی واڵمارت (Walmart) تەقەکردنێکی دیکە ڕووی‌دا.

پۆلیس پاش چەند کاتژمێرێک وێنەی ئەو کەسەی بڵاوکردەوە کە گومان دەکرێت تەقەکردنەکەی ئەنجام دابێت و دەڵێت ناوی ڕۆبەرت کارتە Robert Card و تەمەنی 40 ساڵە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناوبراو دەستگیرنەکراوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک بایدن کە لە کاتی ڕووداوەکە میوانداری سەرۆک وەزیری ئوسترالیای دەکرد، پەیوەندی کردووە بە فەرمانڕەوای ویلایەتی مەین و هەردوو سیناتۆری ویلایەتەکە و ئەندامێکی کۆنگرێسی خۆجێی. پرسیاری لێکردوون چۆن حکومەتی فیدراڵ دەتوانێت یارمەتییان پێشکەش بکات.

XS
SM
MD
LG