کورسی پێکهاتەکان یەکێکە لەو بابەتانەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەری ناکۆکن. وەک خۆیان باسییان لێوەدەکردووە بووەتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان، تەنانەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی تۆمارکردووە هاوکاتی یاسای هەڵبژاردنەکان، ئەمەش ناڕەزایی لایەنە تورکمانەکانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن کەمکردنەوەی کورسییەکانیان بە هیچ جۆرێک جێی قبوڵ نییە.
دەپرسین:
بۆچی لە ئێستادا داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان دەکرێت؟
سکاڵاکەی یەکێتی و داوای تورکمانەکان لە ڕووی یاسایییەوە چۆن هەڵدەسەنگەیەنرێت؟
ئەگەر هاتوو کورسی پێکهاتەکان کەمکرانەوە، کاردانەوەی پێکهاتەکان چۆن دەبن؟
هەندێک دەڵێن کە تورکمانەکان خۆیان بە نەتەوەی دووەم و سێیەمن لە کوردستان و عێراق ئیتر چ پێویست بە کورسی کۆتا دەکات؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆ تاوتوێی پرسی کورسی پێکهاتەکان دەکەین لە هەرێمی کوردستان بە میوانداری بەڕێزان:
ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
مونا قهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان.
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای هەڵبژاردن.
ڕابیحە حەمەد:
"تەنها کورسی کۆتاکان نییە، بەڵکو شێوازی هەڵبژاردنەکان و ئەوەی کە بەو یاسا کۆنە هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام هەموو جارێک پارتی دیموکراتی کوردستان دوایدەخست ، ئێمە دوو ساڵ پێشتر پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنمان پێشکەشکردبوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە خۆی 45 کورسی هەبوو لەگەڵ یانزە کورسی کۆتاکان 56 کورسی پێکدەهێنا بە زۆرینە ڕەتیدەکردەوە."
"ئێمە داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانمان نەکردووە، ئەگەر داوای زیادکردنیمان نەکردبێت، بەڵکو داوای ئەوەمان کردووە کە میکانیزمێک هەبێت، ئێمە وتومانە دەبێت پێکهاتەکان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن، مەعقول نییە لە پارتی پارتی تر بن، هەموویان هاوهەڵوێست و یەک دەنگ بن، وەک ئەوە وایە پارتی دیموکراتی کوردستان 56 کورسی هەبوبێت."
"دوای ئەوە ناوچەکان دیارن، کەچی کاندیدی پێکهاتەی وا هەیە لە ناوچەیەک دەنگی هێناوە و سندوقی دەنگدان پڕبووە بۆ ئەو کە ڕەنگە ئەو کاندیدە هەر نەشزانێت ئەو ناوچەیە کوێیە و خەڵکەکەی نەشیناسن، بۆ نمونە هەر لەخودی خاتوو مونا دەپرسم خۆی چەندە شارەزای چۆمانە، وا زۆربەی دەنگەکانی خاتوو مونا لە چۆمانە؟! دوای ئەوە بە هەموو پێکهاتەکان کە یانزە کورسییە دەنگی نیو کورسی پەرلەمانییان هێناوە، ئێمە دەڵێین با سندوقی تایبەت بەخۆیان هەبێت یان تەنها تورکمان بتوانێت دەنگ بە کاندیدی خۆیان بدەن."
"دوای ئەوە لە سەرتاسەری عێراق کە 329 کورسی پەرلەمانی هەیە، تورکمان سێیەم نەتەوەیە، بۆچی تورکمان لەوێ کورسی کۆتای نییە، کەچی لە هەرێم لە 111 کورسی پێنج کورسی هی ئەوان بێت؟!"
مونا قهوەچی:
لە کاتی دانانی کورسی کۆتاکان یەکێتی خۆی دەنگی بەکۆتاکان دا، چونکە ئەو کات لیستی کوردستانی بوو، بەڵام دوای ململانێی لایەنە سیاسییەکان ئەم داوایە دەکەن، بۆیە سکاڵاکەی یەکێتی لە بەردەم دادگای فیدراڵی ئیختساسی دادگای فیدراڵی نییە، چونکە هەموو دامەزراوەکانی هەرێم لە چوارچێوەی هەرێمدایە نەک هی دادگای فیدراڵی."
"تا ئێستا چ حزبێکی سیاسی هەیە لە کوردستان پرۆژەیەک پێشکەش بکات لە بەرژەوەندی تورکمانەکان، لە چ وڵاتێک هەیە پێکهاتەی دووەمی وڵاتەکە بە وەزیرێک بەشدار بێت لە حکومەتی هەرێم کە ئەو وەزارەتە سیادی نییە و نەمانتوانیووە خزمەتی پێکهاتەی تورکمانی پێبکەین، یا بە دوو بەڕێوەبەری گشتی بەشدار بێت لە کابینەی حکومەت، ئێمە زۆر بێدەنگیمان پاراستووە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان."
"دواتر لەسەر چ بنەمایەک ئەو لایەنانە بەبێ ئاگاداری ئێمە پرۆژە یاسا ئامادە دەکەن کە کورسی پێکهاتەکان دابەش بکات، سێ بۆ هەولێر و دوو کورسی بۆ سلێمانی؟! ئەگەر کۆتا نەمێنە لە خولی داهاتووی پەرلەمان واتای سڕینەوەی ناسنامەی تورکمان و شارستانیەتی تورکمانە، پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسییە."
"بۆچی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبەکانی تر ڕەوایە لەگەڵ پارتی ڕێکبکەون و حکومەت پێکبهێنن، بۆچی بۆ ئێمەی تورکمان ڕەوا نییە لەگەڵ پارتی ڕێکبکەوین و نائاساییە، من و حزبەکەشم هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانین و نایشارینەوە."
"ئێمە بیرمان لەوە نەکردۆتەوە کۆتا نەمێنێ بۆیە ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەم بێ کۆتا چەند کورسی دەهێنین."
"نامەوێت پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بکەوین، بەڵام لە هەر ئەگەر و بڕیارێکدا بەدڵنیایی پێکهاتەکان و تورکمان بێ بەش نابین لە خولی داهاتووی پەرلەمان و سەردانی هەموو کونسوڵەکانیش دەکەین."
هاوڕێ تۆفیق:
"لە سیستمە دیموکراسییەکاندا کە دەوڵەت مافی هاووڵاتیبوونی پاراستووە، شتێک نییە بە ناوی کۆتاکان، تەنانەت ئەو کەسانەی کە کۆچییان کردووە بۆ ئەو وڵاتە پۆستی باڵاش وەردەگرن وەک ئەوەی ئێستا لە بەریتانیا دەبینین."
"ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات بەهۆی نەبوونی دەستورەوەیە، چونکە ئەگەر دەستورمان هەبووایە ئەو کات دادگای دەستوریمان دەبوو و لە چوارچێوەی دەستور هەموو ئەم جۆرە کێشانە چارەسەر دەبوون، ئەم کێشەی کۆتایانە بابەتەکە سیاسییە نەک کێشەی یاساییە، هەروەک پێشتر بزوتنەوەی گۆڕانمان دەبینی زۆر توند بوو، دواتر بووە هاوپەیمانی حکومەت."
"ئەوەی گرنگە دوو بڕگەیە، یەکەم بڕگە، هەرێمی کوردستان ئەو سەربەرزییەی بەردەکەوێت کە شوێنی هەموو پێکهاتەکانە."
"ئەوەی دەیبینم چارەسەری ئەم کێشەیە بە دوو جۆرە، یەکەمیان چارەسەری هونەرییە، واتە تەنها نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و نەبنە بەشێک لە ململانێی سیاسی، دەبێت سیستمێک بدۆزینەوە کە ئەو سیستمە ڕێگە بەوە نەدات کە ئەم پێکهاتانە ببنە لایەندار."
"دادگای فیدراڵیش بەپێی یاسا دەسەڵاتی هەیە و لە ئیختساسی دادگای فیدراڵییە کە چاودێری یاسایی ناوەند و هەرێمەکە بکەن جا بڕیارەکە شیرین بێت یان تاڵ ، بۆیە دادگاکە بۆی هەیە سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر پێکهاتە و یاسای هەڵبژاردنەکان وەربگرێت، چونکە لەسەر چەند بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردنە، بەپێی دەستور هاووڵاتییان یەکسانن و تەنها باسی کۆتای ژنان کراوە، ئەسڵ ئەوەیە نابێت کۆتا هەبێت، تەنانەت کۆتای ژنانیش لە وڵاتانی دیموکراسی نییە."