Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە حەماس و چەند ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران


ئەمەریکا ڕۆژی هەینی،27ی مانگی دە خولی دووەمی سزاکانی دژی گرووپی حەماس و ئەندامانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، سزاکانی ڕۆژی هەینی بەشێکی دیکەی سەروەت و سامانی حەماس و ئەو کەسانەی کە ئاسانکاری دەکەن بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە حەماس بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، دەکەنە ئامانج.

بەرپرسێکی حەماس و چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران و هەروەها قەوارەیەکی غەززە کە وەک ڕێڕەوێک بۆ یارمەتییە داراییە نایاساییەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامی کاری کردووە، بەشێکن لەوانەی کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزایان خراوەتە سەر.

واڵی ئەدیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند " ئەو کارەی ئەمڕۆ نیشاندەری پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە بۆ لەناوبردنی تۆڕەکانی دارایی حەماس". ئەو بەرپرسە باڵایەی بەڕێوبەرایەتی بایدن ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی چالاکییە داراییەکان و ڕەوتی دارایی حەماس بەمەبەستی لاوازکردنی زیاتری توانای ئەو گرووپە لە ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییە ترسناکەکانی."

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هاتووە، سزاکانی ڕۆژی هەینی تیشک دەخاتە سەر "ڕۆڵی گرنگی ئێران لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی، لۆجستی و ئۆپەراسیۆنی بۆ حەماس".

ئەوانەی ڕۆژی هەینی لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان خرایە سەر بریتین لە:


خالید قەدومی: هاووڵاتییەکی ئوردنییە و ئەندامی حەماسە و ساڵانێکی زۆرە وەک نوێنەری حەماس لە تاران نیشتەجێیە.

عەلی مورشید شیرازی و مستەفا محەممەد خانی: دوو ئەندامی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە ڕاهێنانی سەربازی بە ئەندامانی جیهادی ئیسلامی و حەماس و حیزبوڵڵا پێشکەش دەکەن.

عەلی ئەحمەد فەیزوڵڵاهی: فەرماندەی لیوای هێزە تایبەتەکانی سابرینی سوپای پاسداران. لیوای سابرین ڕەوانەی سوریا کراوە و ڕاهێنانی سەربازیی بە حەماس و حزبوڵڵا کردووە.

کۆمەڵەی خێرخوازی ئەلئەنسار: کۆمەڵەیەکە بنکەکەی لە غەززەیە و سەر بە جیهادی ئیسلامییە و ملیۆنان دۆلاری لە ئێران وەرگرتووە بۆ بنەماڵەی ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامی. ئەلئەنسار بانگەشەی ئەوە دەکات کە یارمەتییە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو بنەماڵانە بە مەبەستی پشتیوانی ئێرانە لە گەلی فەڵەستین، بەڵام ئەو یارمەتییە داراییە وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی هێزی سەربازی بۆ پەرەپێدانی چالاکییە تیرۆریستییەکان بەکاردەهێنرێت.

ناسر ئەلشێخ عەلی: بەڕێوەبەری کۆمەڵەی خێرخوازی ئەلئەنسارە و لە لایەن ئێرانەوە دارایی بەخشیوە بە بنەماڵەی ئەندامانی گرووپە فەلەستینیەکان. ناوبراو بە ئاشکرا بەشداری و پشتیوانییەکانی ئێران لە ئەنسار پشتڕاست کردوەتەوە.

جگە لەو کەس و گروپانەی ئاماژەیان پێکراوە، دوو کۆمپانیا کە بنکەکانیان لە سودانە و کۆمپانیایەک کە بنکەکەیان لە ئیسپانیایە و سێ کەسیش کە بنکەکەیان لە تورکیایە، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

XS
SM
MD
LG