بە پاساوی پشتگیریکردنی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق دەکات، بەڵام چاودێران هەڵوێستەکەی سەدر بە دەستپێکی گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق ناودەبەن.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات، لە بەرامبەر پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ ئیسرائیل، کار بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بکەن.
سەدر دەشڵێت، "پێویستە پابەندی پاراستنی نێردە دبلۆماسییەکان ببن و ڕێگە نەدەن میلیشیاکان سەقامگیری عێراق تێکبدەن."
لەبارەی هەڵوێستەکەی سەرۆکی ڕەوتی سەدرو داواکاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، بورهان محەمەد فەرەج، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، ڕەوتی سەدر هەمیشە "پۆپۆلیستیانە" کاریکردووە و ڕەنگە بیەوێت داواکاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بکاتە کارتێک تا لە هەڵبژاردنەکاندا سودی لێ ببینێت.
بورهان محەمەد فەرەج، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شەقامی عەرەبی هاوسۆزە لەگەڵ فەڵەستیندا و خواستی ئەوەیان هەیە سەرکردەکانیان داکۆکی لە فەڵەستین بکەن، بۆیە ڕەنگە داواکارییەکەی سەدر کارکردنی پێشوەخت بێت بۆ هەڵبژاردن."
هەروەها وتیشی، "هێزە شیعەکان سەرجەمیان پاڵپشتی ئێرانن و دژی ئیسرائیلن، بەتایبەت سەدر هەمیشە دژایەتیکردنی ئەمەریکاو ئیسرائیلی نەشاردووەتەوە."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
لە وەڵامی داواکارییەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، هەندێک لە پەرلەمانتارە شیعەکانی عێراق جەختیان لەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتێکی واژو کۆکردنەوە لە نێو پەرلەمانی عێراق دا کردووەتەوە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا.
ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی ڕۆژی 10-10-2021 بە بردنەوەی 73 کورسی لە کۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە. بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕێگری لێکرا حکومەت پێکبهێنێت، بایکۆتی پرۆسەی سیاسی کرد و سەرجەم پەرلەمانتارەکانی کشاندەوە.
هەرچەندە ڕەوتی سەر بانگەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکات، بەڵام ناو بەناو لایەنگرانییان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان هاندەدەن بە پاساوی پاڵپشتی پیرۆزیە ئاینییەکان.
لایەنگرانی ڕەوتی سەدر، لە ڕۆژی 20-7-2023ی هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵیۆزخانەکەیان سوتاند، وەکو ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر ڕێگەدانی حکومەتی سوید بە سوتاندنی قورئان.
ڕۆژی 22ی مانگی 7ی ئەمساڵ، لایەنگرانی ڕەوتی سەدر جارێکی تر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی بەغدا، دوای سوتاندنی کۆپیەکی قورئان لەلایەن گروپێکەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک.
محەمەد حسێن، توێژەر لە ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە سیاسی و ئابورییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داواکاری سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا داواکارییەکی سیاسییە. سەدر دانەبڕاوە لە گۆڕەپانی سیاسی وەکو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو هەمیشە گەمە بەو کارتانە دەکات کە بەلای شەقامی عێراقییەوە گرنگن."
ئەو وتیشی، "سەدر هەمیشە لەڕووداوە سیاسییەکاندا قسەی هەیە و شەقام دەجوڵێنێت. پەیامی ئەوە دەگەیەنێتە ڕکابەرەکانی لەناوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، ئەو لە گۆڕەپانەکەدا ماوە و دەبێت حسابی بۆ بکرێت."
بەبڕوای محەمەد حسێن، ئامانجی سەدر لە داواکاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەشێکی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردن. دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە جەماوەرەکەی ڕابگرێت و هانیان بدات بۆ پاڵپشتیکردنی هەر کاندید و گروپێک کە خۆی دەیەوێت.
هاوکات ئیسماعیل حەدیدی، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق و کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە، پێیوایە هەڵوێستەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەڵامدانەوەی خواستی شەقامی عێراقی و عەرەبییە.
حەدیدی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمەریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات. داواکارییەکەی سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی ناڕەزایەتی دەربڕینە بەرامبەر بەم پشتگیرییە."
داواکارییەکەی ڕەوتی سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە کاتێکدایە، ماوەی 10 ڕۆژە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عەینولئەسەدی پارێزگای ئەنبار و هەریری پارێزگای هەولێر بەردەوام لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
گروپە چەکدارە شیعەکان کە لە ژێر ناوی بەرەی موقاوەمەدا کاردەکەن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا ڕادەگەیەنن. پشتگیریکردنی ئیسرئیل لەلایەن ئەمەریکا بە پاساو بۆ هێرشەکانیان دەهێننەوە.
زانا ڕۆستایی، پسپۆڕی بواری یاسایی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داخستنی باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک گرێدراوە بە سیاسەتی گشتی عێراقەوە. سەرکردەی سیاسی دەتوانێت داواکاری لەو شێوەیە بکات، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە ڕێوشوێنی یاسایی هەیە و لە ئەنجامی تێکچوونی پەیوەندی نێوان دوو وڵات پەنا بۆ ئەم کارە دەبرێت."
ئەو دەڵێت، "داخستنی باڵیۆزخانە چەندین قۆناغی دەوێت. دەبێت باڵیۆز بانگبکرێت و ناڕەزایەتی پێبگەیەنرێت. داخستنی باڵیۆزخانە ڕێوشوێنی دبلۆماسی زۆری دەوێت. لە هەنگاوی سەرەتادا پەنا نابرێتە بەر داخستن."
شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کە لە ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە سەریهەڵداوە، ئاڵۆزی لە عێراق و لوبنان و سوریا و ناوچەکەش دروستکردووە، بەو
پێیەی گروپە شیعەکان هێزەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج بە بیانووی پشتگیریکردنی ئیسرائیل.