Accessibility links

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان: بۆ ناسینەوەی ناسنامەی 171 ئەنفالکراو نموونەی خوێن لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکان وەردەگرین


وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم پرۆسەی ناونوسکردنی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان دەستپێدەکات، بەمەبەستی وەرگرتنی نموونەی خوێن لێیان و بەرارودکردنیان لەگەڵ نموونەی ئێسکی 171 ڕووفاتی ئەنفالکراو، تا لەم ڕێگەیەوە ناسنامەی ئەنفالکراوەکان ئاشکرابکرێن.

لە مانگی 7 ی ساڵی 2019، ڕووفاتی 171 ئەنفالکراو لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا دەرهێنران، لەوکاتەوە ڕووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدان و تا ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان نەهێنراونەتەوە.

نەهێنانەوەی ڕووفاتی ئەو 171 ئەنفالکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت ڕووفاتەکان ماوەی زیاتر لە 4 ساڵە لە نێو ساردکەرەوەکانی پزیشکی دادی بەغدا دانراون.

عادل مەلا ساڵەح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر توانا زانستییەکانی حکومەتی هەرێم لە ئاستی پێویستدا نەبوو. لای حکومەتی عێراقیشەوە هەندێک ئاستەنگی تەکنیکی دروست دەکرا و داوایەکی یاسایی بەشێکی کەم لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکانیش کە خۆیان بە خاوەنی ڕووفاتەکان دەزانی، هۆکاربوون بۆ نەهێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ هەرێم."

ئەو وتیشی،"حکومەتی هەرێم ئاستەنگەکانی تێپەڕاندووە، بۆیە پاش ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، بڕیاری هێنانەوەی ڕووفاتی 171 ئەنفالکراوەکە بۆ هەرێمی کوردستان دراوە."

ئەو 171 ڕووفاتەی لە نێو گۆڕە بە کۆمەڵەی سەماوە دەرهێنراون و ماوەی 4 ساڵە لە پزیشکی دادی بەغدان، زۆرینەیان ژن و منداڵن و گومان دەکرێت خەڵکی ناوچەکانی چەمچەماڵ و کەلار بن.

بەپێی وتەی جەبار عومەر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان کە خۆی چووەتە سەر گۆڕە بەکۆمەڵەی سەماوە، قوربانییەکان لەوکاتەی کە بە کۆمەڵ گولە بارانکراون، باوەشیان بەیەکتریدا کردووە.

لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا نزیکەی 20 ناسنامە دۆزراونەتەوە کە لە کاتی ئەنفالکردنیاندا لە گیرفانی قوربانییەکاندا بووە، بە پێی ناسنامەکان قوربانییەکانی نێو گۆڕەکە خەڵکی دەوروبەری قەزای چەمچەماڵن، بەڵام کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان دەڵێن، زۆربەی قوربانییەکان ناسنامەیان پێنەبووەو ڕەنگە بەشێکیان خەڵکی سنوری کەلارو کفری بن.

عادل مەلا ساڵەح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، دەڵێت،"لە ڕۆژی یەکشەمەوە ناوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان تۆمار دەکرێن، تا سامپڵی خوێنیان لێوەربگیرێت و سودیان لێوەربگیرێت بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ڕووفاتەکان."

عادل مەلا ساڵەح ڕوونیکردەوە، ناوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە سنوری چەمچەماڵ و کەلار تۆمار دەکرێت، دواتر تیم دەنێردرێت بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لێیان یاخود خۆیان دەبرێن و لە جێگەیەکی دیاریکراو خوێنیان لێوەردەگیرێت.

ئەو وتیشی،"پێموانییە خەڵکێکی هێندە زۆر لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکان ناو تۆمار بکات بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن، ئاستەنگ بۆ کاروبارەکانمان دروست بکات، هەرچەندە هەرکەس ئامادەیی هەبێت ناوی تۆمار دەکرێت."

بەپێی وتەی بەرپرسانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، سامپڵی ئێسک لەو 171 ڕووفاتی ئەنفالکراوە وەرگیراوە، کە لە مانگی 7 ی ساڵی 2019 ەوە لە پزیشکی دادی بەغدا دانراون و تا ئێستا نەگەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

بەپێی یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2015 ی تایبەت بە قوربانییانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کراوە، پێویستە پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ قوربانییانی نێو گۆڕەکان و کەسوکارەکانیشیان بکرێت بە مەبەستی ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان.

شوان محەمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سامپڵی ئێسک لە ڕووفاتی 171 ئەنفالکراوەکە وەرگیراوە، ماوەتەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەرێم سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان وەربگرێت، تا ناسنامەی ڕووفاتەکان ئاشکرابکرێن و بهێنرێنەوە بۆ هەرێم."

شوان محەمەد، دەڵێت،"بەڕێوەبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق پێیوتین، 11 گۆڕی تری بە کۆمەڵ لەدەوروبەری ئەو گۆڕەدا دەستنیشانکراوە، کە 171 ڕووفاتەکەی لێدەرهێنرا. ئەوان دەڵێن تا ڕووفاتەکان نەبەنەوە، ناتوانین 11 گۆڕەکەی تر هەڵبدەینەوە، چونکە توانای پزیشکی دادی بەغدا بۆ هەڵگرتنی ڕووفات سنوردارە."

کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی چەمچەماڵ، خۆیان بە خاوەنی ئەو 171 ڕووفاتە دەزانن و داوادەکەن ڕووفاتەکان لە چەمچەماڵ بنێژرێن، لەکاتێکدا کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی سنوری کەلاریش داوای هێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ گوندی دێبنەی سنوری ناحیەی ڕزگاری دەکەن.

XS
SM
MD
LG