Accessibility links

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن 23 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا


دوو کاربەدەستی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێن لە 17ی مانگی دەوە هەتا 30 ی مانگی دە، 23 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.

هەردوو کاربەدەستەکە ڕۆژی دووشەممە لە پەنتاگۆن بۆ ڕۆژنامەوانانیان ڕاگەیاند، 14 لەو هێرشانە لە عێراق کراون و 9 هێرشەکەی دیکە لە سوریا. وتیشیان هێرشەکان بە درۆن و ڕۆکێت ئەنجام درابوون، بەڵام زۆربەیان خراونەتە خوارێ بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.

لەم هەفتانەی دوایی بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، هەرچەندە ئێران نکۆڵی لێ دەکات لەوەی دەستی لەو هێرشانەدا هەبێت.

هوشداریشی دایە کاربەدەستانی ئێران و وتی ئەگەربێت و هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن، ئەوا ئەمەریکا بێ هیچ دوودڵییەک ڕێوشوێنی زیاتر دەگرێتەبەر.

سەرچاوە: ئەسۆشیەتید پرێس

XS
SM
MD
LG